پرۆفیسۆری یاریدەدەر - کۆلێجی پزیشکی زانکۆی گەرمیان
بەپێی یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ژمارە (١٠) ی ساڵی ٢٠٠٨ و ژمارە (٩) ی ساڵی (٢٠٢٤) هەموارکراو، گرنگی زۆر دراوە بە پشتگیری و هاندانی توێژینەوە زانستی لە لایەن مامۆستایانی زانکۆوە. بۆنمونە لەم مادانە گرنگی زۆر دراوە بە هاندانی توێژینەوە: مادەی دووەم/ بڕگەی شەشەم، مادەی سێیەم/ بڕگەی دووەم و سێیەم، مادەی چوارەم/ بڕگەی یەکەم/ خاڵی ١٠، مادەی ٤٥/ بڕگەی یەکەم/ خاڵی ٣.
لەم ساڵانەی دواییدا، بەمەبەستی گرنگیدانی بە توێژینەوەی زانستی، زانکۆی گەرمیان بەتایبەتی و زانکۆکانی کوردستان بە گشتی، پشتیان بە پێوەری فاکتەری کاریگەریی (Impact factor) ی گۆڤارەکان بەستووە.
ڕەخنەکان لە گۆڤاری فاکتەری کاریگەریی:
کە لەڕاستیدا ئێستا لە جیهاندا فاکتەری کاریگەریی (Impact factor) تووشی ڕەخنەی گەورە و لۆجیکی جدی بۆتەوە، لەوانە:
١- گۆڤارەکان گرنگی دەدەن بە ژمارەی فاکتەری کاریگەریی گۆڤار، نەک جۆرێتی (quality) توێژینەوە. ڕەخنەکە ئەوەیە مەرج نیە توێژینەوە لە گۆڤاری فاکتەری کاریگەریی بەرز، واتای ئاست بەرزی توێژینەوەکە بێت و بە پێچەوانەوەش ڕاستە.
٢- گۆڤارەکان گرنگی دەدەن بە بەکارهێنانی توێژینەوەی هەمان گۆڤار (Self citation) بۆ ئەوەی گۆڤارەکە فاکتەری کاریگەریی بەرز ببێتەوە. کەواتە مەرج نیە گۆڤارێک فاکتەری کاریگەریی بەرز بوو بە جۆرناڵی باش دابنرێت، یان بە پێچەوانەوە.
٣- پێوەرەکانی فاکتەری کاریگەریی بایەخ نادات بە جیاوازی بوارەکانی توێژینەوە. بۆ نموونە لە هەندێک بواردا، گۆڤارەکان فاکتەری کاریگەرییان بەرزە، وەک پزیشکی کە نابێت بەراورد بکرێت بە ماتماتیک کە فاکتەری کاریگەرییان نزمە.
٤- پێوەرەکانی فاکتەری کاریگەریی حیساب بۆ کات ناکەن. تەنها بۆ دوو ساڵ فاکتەری کاریگەریی دەردەهێنن. کەچی توێژینەوە هەیە دوای ٢٠ ساڵ کاریگەری دەردەکەوێت. بۆیە بەرزی فاکتەری کاریگەریی واتای بەرزی کوالیتی گۆڤار نایەت بەڕەهایی، کە ئێستا لە زانکۆکانی کوردستاندا وا دادەنرێت.
٥- پێوەرەکانی فاکتەری کاریگەریی وا دەکات توێژەران ئەوەندەی بە دوای ژمارەی کاریگەریی بکەون، ئەوەندە گرنگی نەدەن بە توێژینەوە.
٦- ئەو گۆڤارانەی کە کراوەن، یاخود توێژینەوەی بە پارە تێدا بڵاودەکرێتەوە، هەم فاکتەری کاریگەریی بەرزترە و هەمیش ئاسانتر توێژینەوەی تێدا بڵاودەبێتەوە. ئەمەش پرسیار لە سەر چۆنێتی دادپەروەری (عەدالەت) ی زانستی دروست دەکات، لەبەرئەوەی ئەگەر توێژەر باری دارایی باش نەبوو، ناتوانێت بە ئاسانی لە گۆڤاری فاکتەری کاریگەریی بەرز توێژینەوە بڵاوبکاتەوە. پێچەوانەوەش ڕاستە.
٧- بۆی هەیە گۆڤارێک خاوەنی فاکتەری کاریگەریی بێت و بەڵام گۆڤارێکی ساختە (Fake) یان ڕاوکەر (Predatory) بێت.
لەبەر ڕۆشنایی ئەو ڕەخنانەی کە لێیان دەگیردرێن، هەربۆیە ئەو گۆڤارانەی لە داتابەیسەکانی (Clarivate) و (Scopus) و (Web of Science) لیست کراون مەرج نیە گۆڤار و توێژینەوەکان لە ئاستێکی زانستی بەرزدا بن.
بۆیە نابێت بە تەنها و بەڕەهایی چیتر پشت بەو داتابەیساتە ببەسترێن کە تەنها ژمارەی سایتەیش و ژمارەی توێژینەوەی زانستی وەک تاکە پێوەر دادەنێن، بەڵکو ئەو داتا بەیسانەش بەکار بهێنرێن کە بایەخ بە کوالیتی توێژینەوەکان و جیاوازی بوارەکان دەدەن.
پێشنیار بۆ زانکۆکانی کوردستان:
بەمەبەستی پشتگیری و هاندانی توێژینەوە، پێشنیار دەکەم، سەرەڕای ئەو داتابەیسانەی ئاماژەی پێکرا، ئەم داتا بەیسانەش بە هەند وەربگیرێن و خوێندنەوەی جدی بۆ بکرێن، لەوانە:
1- Scimago journal ranking (SJR+Publisher+ H index+ Quartiles)
- جیاواز لە ئیمپاکت فاکتەر کە تەنها ژمارەی سەرچاوەکان دەژمێرێت، SJR سەیری ئەوە دەکات سەرچاوەکە لە کوێوە هاتووە. ئەگەر توێژینەوەیەک لە گۆڤارێکی زۆر بەهێز (وەک Nature) ئاماژەی پێ بکرێت، نمرەیەکی زۆر زیاتر وەردەگرێت وەک لەوەی لە گۆڤارێکی مامناوەندەوە ئاماژەی پێ بکرێت.
- گۆڤارەکان دەکاتە چوار بەش (Q1, Q2, Q3, Q4). ئەمەش یارمەتیت دەدات بزانیت گۆڤارێک لە چ ئاستێکدایە بەراورد بە هاوپۆلەکانی خۆی.
- ماڵپەڕی SCImago هەموو داتاکانی بەخۆڕایی بۆ هەمووان بڵاودەکاتەوە، لە کاتێکدا ئیمپاکت فاکتۆر پێویستی بە ئەندامێتی هەیە لە Web of Science.
- مەودای کاتی: SJR پشت بە داتای ٣ ساڵ دەبەستێت، ئەمەش وێنەیەکی جێگیرتر و درێژخایەنتر دەدات وەک لە ئیمپاکت فاکتۆر کە تەنها ٢ ساڵە.
بە کورتی: SJR پێمان دەڵێت کە ئایا گۆڤارەکە لەلایەن کۆمەڵگە زانستییە بەهێزەکانەوە متمانەی پێ کراوە یان نا.
2- Source Normalized Impact per Paper (SNIP):
تەنها سەیری ژمارەی سەرچاوەکان ناکات، بەڵکو سەیری "گرنگی" ئەو بوارەش دەکات کە توێژینەوەکەی تێدا بڵاوکراوەتەوە.
3- CiteScore
پێوەرێکە بۆ هەڵسەنگاندنی هێزی گۆڤارەکان، کە ڕکابەری سەرەکی ئیمپاکت فاکتۆرە (Impact Factor) و لەلایەن دامەزراوەی Scopus (Elsevier) پەرەی پێدراوە.
تێکڕای ئەو سەرچاوانەیە (Citations) کە بۆ توێژینەوەکانی گۆڤارەکە هاتووە لە ماوەی ٤ ساڵدا، دابەشی سەر کۆی ژمارەی ئەو توێژینەوانەی لەو ٤ ساڵەدا بڵاوکراونەتەوە
4- Altmetric
پێوەرێکی نوێیە کە دەنگدانەوە و کاریگەریی توێژینەوەکان لە دەرەوەی جیهانی ئەکادیمی دەپێوێت. لە جیاتی ئەوەی تەنها سەیری سەرچاوە زانستییەکان بکات، سەیری ئەوە دەکات توێژینەوەکە چەند جار لەمانەی خوارەوە باس کراوە: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان (وەک X و Facebook)ماڵپەڕە هەواڵییەکان و ڕۆژنامەکان، ویکیپیدیا و بلۆگەکان، بەڵگەنامە حکومییەکان و بڕیارە سیاسییەکان.
بە کورتی: Altmetric پێمان دەڵێت توێژینەوەکە چەندە لەناو خەڵک و میدیادا بووەتە جێی باسوخواست.
6- Sci Journal organization
پلاتفۆرمێکی سەربەخۆیە بۆ دیاریکردنی فاکتەری کاریگەریی ئەو گۆڤارانەی لە سکۆپەس و وێبۆف ساینس هەن و بە خۆڕایی هی هەموو ساڵەکانی پێشووتری گۆڤارەکانی تێدایە.
7- Corresponding author:
ئەگەر پێشەوای توێژینەوەیەک سەر بە هەر زانکۆیەک بێت، ئەوا ئەو زانکۆیە دەبێتە خاوەنی فعلی ئەو توێژینەوەیە. بۆیە پێویستە گرنگی زیاتر بدرێت بەو توێژینەوەی کە توێژەرە بنەڕەتیەکە لە زانکۆکەی خۆتە.
8- Location of the research:
ئەو توێژینەوانەی کە لە ناو زانکۆیەک ئەنجام دەدرێت دەبێتە موڵکی ئەو زانکۆیە. بۆیە پێویستە گرنگی بەو توێژینەوانە بدرێن کە لە ناو زانکۆکەی خۆتدا ئەنجام دراون.
9- Kurdistan region
پێویستە زیاتر بایەخ بە ئەو توێژینەوانە بدرێن کە کێشەکانی هەرێمی کوردستان چارەسەر دەکەن. چونکە کاریگەری فعلی لە داهاتوودا بۆ کوردستان زیاتر لەم توێژینەوانەدا دەردەکەوێت.
لە ڕاستیدا لە بنەڕەتدا لە یاسا و ڕێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، زیاتر جەخت کراوەتەوە لەسەر گۆڤاری مەحکەم، نەک ژمارەی فاکتەری کاریگەریی. هەر بۆیە پێویستە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی خوێندنەوەی ورد بکات بۆ هاندانی توێژینەوەی زانستی لە ناو زانکۆکانی کوردستاندا.
سەرچاوەکان:
١- سکۆپەس
٢- کلاریڤەیت و وێبۆف ساینس
٣- سایجۆرناڵ
٤- یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی
٥- سایماگۆ