ئایا ڤایرۆسی هەنتا دەبێتە پەتای جیهانی (Pandemic)؟

د. شێرکۆ سوبحان
  2026-05-13     208

پرۆفیسۆری یاریدەدەر بەرگری لەش دژی میکرۆب 

کۆلێجی پزیشکی زانکۆی گەرمیان 

 

بۆ تێگەیشتن لە ڤایرۆسی هەنتا، پێویستە لە زانستی بەربڵاوی میکرۆبەکە، میژوو، جینات (Genome)، بەدواداچوونی بەرکەوتوانی ناو کەشتییەکە و شێوازی چوونە ناو خانەکانی مرۆڤ بکۆڵرێتەوە.

 

زانستی بەربڵاوی میکرۆب:

لە زانستی بەربڵاوی نەخۆشی (epidemiology) دا چەند زاراوەیەکی گرنگ هەن پێویستن بۆ تێگەیشتن لە مەترسیی بڵاوبوونەوەی میکرۆب. 

خۆجێی یان داکوتان لە شوێنێک (Endemic): واتا نەخۆشیەکە لە شوێنێکی دیاریکراودا دایکوتیوە و بەردەوام هەیە، بەڵام لە شوێنێک تر بوونی نیە. بۆ نموونە مەلاریا لە ئەفریقا. ڤایرۆسی هەنتا لە ئەمریکا، بەرازیل، ئەرجەنتین، چیلی، پۆلیڤیا، چین، و کۆریا، کە لە ناو قرتێنەرەکان (مشک و جرج) دا دایکوتیەوە و بەردەوام قرتێنەرەکان دەبنە کۆگا (Reservoir) بۆ ڤایرۆسی هەنتا. 

پەرشوبڵاویی (Sporadic): واتا میکرۆبەکە ناوبەناو سەرهەڵدەدات لەو شوێنانەی کە خۆجێین یان دەبنە خۆجێی بەهۆی بوونی گیانداری خانەخوێ (Reservoir host). بۆ نموونە نەخۆشی هاری (Rabies) یان دەردەکۆپان (کزاز). 

سەرهەڵدان (Outbreak): واتا میکرۆبەکە لە شوێنێکی دیاری کراودا دەتەقێتەوە. بۆ نموونە سەرهەڵدانی میکرۆبێک لە خوێندگایەک یان گەڕەکێک یان لە ناو چێشتخانەیەک یان هۆتێڵێک یان کەشتیەک. 

پەتای کاتی (Epidemic): میکرۆبێک لە ناوچەیەکی خۆجێی دێتە ناوچەیەکی تر کە پێشتر میکرۆبەکە نەبووە یان کەم بووە، بەڵام وردە لە زیادبوون دەبێت. بۆ نموونە نەخۆشی زامی بەغدادی (لیشمانیا)  لە باشوری عێراق خۆجێیە. بەڵام کاتێک کە دێتە ناو هەرێمی کوردستان دەبێتە پەتا بۆ ماوەیەکی دیاریکراو و دواتر نامێنێت. 

پەتای جیهانی (Pandemic):  میکرۆبەکە لە یەک کاتدا سنوری چەند کیشوەرێک دەبڕێت، بۆ نموونە ڤایرۆسی کۆرۆنا یەکەم جار لە چین خۆجێی بوو، دواتر گواسترایەوە بۆ ئەوروپا بووبە پەتای کاتی، پاشان بووبە پەتای جیهانی. 

ساڵانە یان مانگانە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) پۆلێنی نەخۆشییەکان دەکەن وەک ئەوەی لەسەرەوە باسکرا. 

 

مێژووی ڤایرۆسی هەنتا:

لە ڕابردوودا چەندین جار بەشێوەی پچڕ پچڕ (Sporadic) ئەم ڤایرۆسە سەری هەڵداوە. بۆ نموونە لە ڕووسیا و چین لە ساڵانی بیستەکان و لە کۆریا ساڵانی پەنجاکان، لە کاتی جەنگ و بەرکەوتنی سەرباز بە قرتێنەرەکان، هەزاران کەس تووشبوون. ئەم ڤایرۆسە لە ساڵانی نەوەدەکانەوە لە کیشوەری ئەمریکاوە دایکوتیوە و بە شێوەیەکی پچڕ پچڕ مرۆڤ تووش دەکات. لەم ساڵدا چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ڤایرۆسی هەنتا لە ناو کەشتییەکی گەشتیاری لە ئەرجەنتینەوە بۆ هۆڵەندا سەریهەڵدایەوە.  

 

جیناتی ڤایرۆسی هەنتا:

ڤایرۆسی هەنتا جینۆمەکەی لە جۆری ترشی ناوکی ئاڕ ئێن ئەی (RNA) ە. ئەم جۆرە جیناتە زیاتر گۆڕانکاری بۆماوەیی تێیدا ڕوودەدات و توانی خۆگۆرینی هەیە، بۆ نمونە جۆری ئەندێز کە ئێستا هەیە و توانای گواستنەوەی لە نێوان مرۆڤەکان هەیە بە بێ خانەخوێی قرتێنەرەکان. هەروەک لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئەنفلوەنزادا کە دەیان جۆری لێ پەیدا بووە و لە نێوان مرۆڤەکان دەگوازرێنەوە. 

 

شێوازی چوونە ناو خانەکانی مرۆڤ:

 ڤایرۆسی هەنتا لە ڕێگەی وەرگری پڕۆتینێک کە لە ناو لوولەی خوێندایە، دەچێتە ناو خانەکانی مرۆڤ، واتا ڤایرۆسەکە زیاتر تووشی هەر شوێنێک دەبێت کە لوولەی خۆێنی تێدایە، بە تایبەت بۆ سی و گورچیلە دەڕوات. هەر بۆیە نیشانەکانی بە شێوەی هەوکردنی سی و گورچیلە و خوێنبەربوون خۆی نیشان دەدات. لێرەدا هەنتا جیاوازە لە کۆرۆنا و ئەنفلوەنزا کە تووشی خانەکانی هەناسەدان دەبن، بەڵام هەنتا تووشی خانەکانی ناوپۆشی لوولە خوێن (Endothelial cells) دەبێت، نەک خانە سیکڵدانۆچکەکانی ناو سیەکان. کەواتە دەبێت شێوازی گواستنەوەکەش جیاواز بێت. واتا ڕەنگە هێواش تر بێت لە ڤایرۆسەکانی تر. بۆ نموونە ڤایرۆسی سوورێژە یەک مناڵی تووشبوو دەتوانێت نزیکەی ١٨ مناڵی تر تووش بکات. لە ڤایرۆسی کۆرۆنادا یەک کەس دەتوانێت نزیکەی ٧ کەس تووش بکات. ئەمە لەزانستی بەربڵاوی میکرۆبەکان پێی دەوترێت (R0). 

 

بەدواداچوونی بەرکەوتوان (Contact tracing): 

لە کاتی کۆنترۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسدا، لایەنی تەندروستی دەست دەکات بە دواداچوون بۆ ئەو کەسانەی لەو شوێنەی ڤایرۆسەکەی تێدا تەقیوەوە. لەم بەدواداچوونە پێویستە بەرکەوتەی یەکەم، و دووەم و سێیەم بگرێتەوە، بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا ڤایرۆسەکە تەنها لە مشکەوە گواستراوەتەوە بۆ مرۆڤ یان لە ناو مرۆڤەکان خۆشیاندا بڵاوبۆتەوە! لەبەرئەوە ئەگەر گواستنەوەکە تەنها مشک بۆ مرۆڤ بێت، کۆنترۆڵکردنی ئاسانە و بە دوورکەوتنەوە لە مشک نەخۆشییەکە خۆپارێزی لێ دەکرێت. بەڵام ئەگەر گواستنەوەکە لە نێوان مرۆڤەکان خۆیاندا بوو، ئەوا پێویستە بە گوێرەی سوڕی ژیان (Incubation period) ی میکرۆبەکە بەرکەوتووان کەرەنتینە بکرێن. 

دەوترێت کە لە ناو کەشتییەکە مشک نەبووە. ئەمە ئەگەر وابێت، کەواتە یەکەم کەسی نەخۆش (Zero patient) توانیویەتی ٩ کەسی تر تووش بکات! بەڵام ئەگەر لە ناو کەشتییەکە مشک هەبووبێت، ئەمە باشترە، چونکە ئەگەری هەیە هەر ئەو ١٠ کەسەی لە ناو کەشتییەکەدا بوون، بەهۆی مشکەوە تووش بوبێتن، ئەمەش ئەگەری مرۆڤ بۆ مرۆڤ لاوازتر دەکات. بەڵام بۆ ناوبانگی کەشتیەکە خراپە. هەروەها ئەم ئەگەرە لە دوای بەدواداچوونی بەرکەوتووانی دووەم و سێیەم ڕوونتر دەبێتەوە. واتا تا نزیکەی دوو مانگی تر یەکلا نابێتەوە. 

 

داهاتووی ڤایرۆسی هەنتا: 

بۆمان دەردەکەوێت کە ڤایرۆسی هەنتا لە ڕابردوودا بەشێوەی پچڕ پچڕ (Sporadic) هەبووە، جیناتەکەشی قابیلی گۆڕان (mutation) ە و جۆری نوێ (Variants) ی لێ دێتە کایەوە (بۆ نمونە جۆری ئەندێز)، بەڵگەش هەیە کە سەرەڕای مشک، لە نێوان مرۆڤەکان خۆشیاندا دەگوازرێتەوە. هەر بۆیە لە ڕووی تیۆریەوە دەکرێت ئەم ڤایرۆسە ببێت بە پەتای جیهانی، بەڵام لە ئێستادا مەترسی ئەوتۆی نیە، لەبەرئەوەی کە شێوازی گواستنەوەکەی زۆر هێواشە و پێویستی بەوە هەیە کە مرۆڤەکان زۆر نزیک بن لەیەکەوە، وەک لەکاتی خواردن و خەوتن و ماچکردن. بەڵام ئەگەر بێت و لەڕێگەی هەناسەوە بگوازێتەوە ئەوا دەبێت بە پەتای جیهانی. 

ئەوەی کە زۆر گرنگە سەرنجی بخرێتە سەر ئەو ١٠ وڵاتەی کە هاوڵاتیانیان لە ناو کەشتییەکەدا بووە، ئێستا کەرەنتین کراون بۆ ماوەی نزیکەی ٥٠ ڕۆژ، چونکە سوڕی ژیانی میکرۆبەکە لە نێوان ٥ بۆ ٤٢ ڕۆژ دەبێت، هەندێک جار تا ٨ هەفتە دەبێت. هەروەها دەبێت پاش گەڕانەوەی بەرکەوتوانی ناو کەشتییەکە بۆ ناو ماڵی خۆیان، بەرکەوتوانی دووەم و سێیەمیش بەدواداچوونی بۆ بکرێت. ئەمانە هەمووی ڕێکاری تاقیگەیی خۆی هەیە کە دەبێت حیساب بۆ هەموو شتانەی لەسەرەوە بکرێن کە باسکران. هەر بۆیە داهاتووی ئەم پەتایە نازانرێت تاوەکو بەرکەوتەی دووەم و سێیەمیش بەدواداچوونی بۆ نەکرێت. 

 

گەورەکردنی ڤایرۆسەکە:

 ئەم ڤایرۆسە لە سنووری خۆی زیاتر لە ڕاگەیاندنەکاندا باسدەکرێت، ڕەنگە هۆکارێکی ئەوە بێت کە نەوەک هاوشێوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بتەقێتەوە، هەر بۆیە وڵاتان دەترسن ڤایرۆسەکە خۆی بگۆڕێت و بە خێرایی بڵاوبێتەوە. ڕەنگیشە هۆکارێکی سەرمایەداری لە پشتەوە بێت، ئەوەش لەبەرئەوەی کۆمەڵێک توێژەر و کۆمپانیا لە دوو ساڵی ڕابردوودا خەریکی دۆزینەوەی ڤاکیسنی هەنتان، ئەمەش بۆ ئەوەی پشتگیری دروست کردنی ڤاکسینەکەیان بۆ بکرێت.

 

کۆتایی: 

هەرچۆنێک بێت، ئەم ڤایرۆسە ڕاستە و سروشتیەو جێگەی مەترسیە، ئەمە ڕەنگە هۆکاری ناڕۆحی و حیساب نەکردنی سیستەمی سەرمایەداری بێت بۆ جۆراوجۆری (Biodiversity) و ژینگەی گیانداران. لەبەرئەوە لە سیستەمی سەرمایەداریدا ماددە بۆ بەدەستهێنانی ژیانی مرۆڤ سەنتەرە.  بەڵام سەرمایەدار حیساب بۆ ئەوە ناکات کە گۆڕینی ژینگەی ئاژەڵان و وەدەردانی مشک و قرتێنەرەکان و باڵندەکان و مێرووەکان، کە هەڵگر و کۆگای میکرۆبە ترسناکەکانن، دەبێت هۆی لەناوچوونی سەرمایەدار و دەسەڵاتدار خۆی و نەوەکانی.

 ئەمە لە میژووی مرۆڤایەتی و مێژووی ئایینەکانیش ئەم هەڵسوکەوتە ماددی و ستەمکاریانەی خاوەن سەرمایە و دەسەڵات، چارەنووسیان باسکراوە، کە چۆن بە حیساب نەکردنی بۆ سروشت و دەوروبەر، لەناوچوون. 

ئەم میکرۆبە دەبێت ببێتە دەرسێکی خێرا بۆ پەتای جیهانی داهاتوو، بەڵام پێویستە  گەورە نەکرێت و لەهەمان کاتدا بەردەوام بەدواداچوون بۆ ئەو میکرۆبانە بکرێت کە ترسی بڵاوبوونەوەی پەتای جیهانی هەیە، وەک ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئایدز و ئەنفلوەنزا و تای خوێنبەربوون. 

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×