لە نێوان ھەولێر و سلێمانیدا چی ھەیە؟

فارس نەورۆڵی
  2026-11-11   

کێشە، ترس و ھەڕەشە لەسەر کورد تەنھا داگیرکاریی جوگرافی نییە، بەڵکو ھەڕەشە گەورەکە دەستکاریکردنی ھوشیاری و شێواندنی جیھانبینیی تاکی کوردە؛ کە وەک شەڕێکی شاراوە لەلایەن ئەوانی دیی نەیاری کوردەوە بەڕێوە دەچێت. کارە سەرەکییەکەیان دوورخستنەوەی دنیای گەورەی ئێمەیە (کە کوردبوونە) لە یەکدی، دروستکردن و شێوەگرتنی دنیای بچووک‌بچووک لەناو گروپی جیاجیادا، و چاندنی ڕق لە نێوان گروپەکاندا. ئەم شەڕە وەک پرۆژە بەڕێوە دەچێت، بەڵام بەداخەوە ئێمە لە بەرامبەریدا دژەپڕۆژەمان نییە، بەڵکو ھەندێک جار بۆ خۆمان ڕێگاخۆشکەرین بۆ سەرکەوتنی پڕۆژەکانی ئەوانی دەرەوەی ماڵی کورد.
ھاندانی گیانی ناوچەگەری و شارچیەتی نموونەیەکی زەقی ناو ئەو پرۆژەیەن. ھەندێک جار لە ڕوودانی کارەساتی سروشتیدا، بەسەرشارێکدا لە شارەکانی دیکە بەپەرۆشەوە ھاوکار و ھاوخەمن؛ لافاوەکەی چەمچەماڵ و لافاوەکەی ئەم چەند ڕۆژەی پێش ئێستای کە لە ھەولێر ڕوویدا، خەڵکی کوردستان چ لە ھەرێم و چ لە پارچەکانی دیکە پێی خەمبار بوون. بەڵام زەقکردنەوەی چەند کۆمێنتێک یان پۆستێکی فەیسبووکیی نابەرپرسانە لەلایەن چەند مایکێکەوە، وای نیشان دا کە سلێمانی خۆشحاڵە بە کارەساتی لافاوەکەی ھەولێر! بە ویژدانەوە ھەڵسەنگاندنی بۆ بکەین، زۆر دوورە لە ڕاستییەوە. لە ڕۆژی دوای لافاوەکەدا لە بازاڕی سلێمانی دەیان خەڵکی جیاوازم دی کە زۆر نیگەران بوون بەو ڕووداوە نەخوازراوەی کە لە ھەولێر ڕوویدا.
بەڵام ئەگەر لە نێوان دوو شاردا بۆ خۆشی ھەندێک جار نوکتە لەسەر یەکدی دروست بکەن، زۆر ئاساییە و ناچێتە خانەی دوژمنایەتییەوە. لە ھەموو جیھاندا ئەم کولتوورە ھەیە؛ شارە دراوسێکان بۆ کات‌بردنەسەر  نوکتە لەسەر یەکدی دروست دەکەن، ئەم دیاردەیە لە ئیتالیا، بەریتانیا و ئەمریکاش ھەیە و دیاردەیەکی سروشتیی کۆمەڵایەتییە. بۆیە ئەو دیاردەیە بە ھیچ شێوەیەک دژایەتیی نێوان خەڵک نییە.
دەکرێ لەم نێوەندەدا، وەک ئاماژەمان پێ دا، نەیارانی ھەرێم لە ڕێگەی پەیجی سێبەرەوە دنەی ئەم دۆخە بدەن بۆ بەدوژمن‌نیشاندانی نێوان شارەکانی کوردستان. لە ھەمان کاتدا، پەروەردەی ناتەندروستی حیزبی وشک لەملاولاوە ئەوتۆوەی  چاندووە کە گۆیا بەرژەوەندیی حیزبەکەی لەوەدایە، لە کاتێکدا ئەم جۆرە لە بیرکردنەوە لای ھەر حیزبێک ھەبێت، دەچێتە خانەی نەخۆشیی دەروونییەوە.
ئەرکی ھەموو لایەک ئەوەیە کە ھوشیاریی سیاسیی حیزبی و جەماوەری و بەھا ڕەسەنەکانی ھاوخەمی ببنە وەڵامێک بۆ ھەموو ئەو دەنگە نەشازەی کە دەیانەوێت وێنەی ڕاستینەی پەیوەندیی ڕۆحیی نێوان شارەکانی کوردستان بشێوێنن. دواجار ئەم شارانە یەک چارەنووسیان ھەیە و ھەر شارێک ئەستێرەیەکی ئاسمانی کوردەوارییە و ھەموویان گیانی جەستەی نیشتیمانن؛ لە تەنگانەدا ھاوخەم و ھاوکاری یەکدین و لە دۆخی ئاساییدا گاڵتە و گەپ و نوکتە و قسەی خۆش ھەیە و ھیچی دیکە. بۆیە ھەر خەیاڵێک ھەبێت بیەوێت تۆوی دوژمنایەتی بچێنێت، دڵنیابێت دارێکی بێ بەرھەم و زڕ دەبینێتەوە.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
سەرۆکی میت نەخشەڕێگای ئەنقەرە بۆ چارەسەری پرسی کورد ئاشکرا دەکات و پەکەکەش داوای هەنگاوی کرداری دەکات
یەکێتی و نەوەی نوێ لە دادگای فیدراڵیی سکاڵایان لە دانیشتنی پەرلەمان تۆمارکرد
مه‌سرور بارزانی: له‌گه‌ڵ تۆم باراك هاوڕابوین كه‌ ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێم به‌ یه‌كگرتویی بمێنێته‌وه‌
کۆڕەک تیلیکۆم لە دادگای فیدراڵی دۆڕاندی و دەستەی گەیاندنی عێراق بردیەوە
فوئاد حوسێن وردەکاریی سەردانە نهێنییەکەی عەلی زەیدی بۆ تاران و هەوڵەکانی ڕاگرتنی جەنگ ئاشکرا دەکات
نێچیرڤان بارزانی لەسەر داوای ئەردۆغان دەچێتە تورکیا
لە وێستگەکانی ئاوەوە بۆ ساردکەرەوەی فرۆشگاکان؛ نهێنییەکانی گرووپی سایبەری "شەهید کاوە" و پەیوەندییان بە سوپای پاسدارانەوە ئاشکرا دەکرێت
ئیکۆ عێراق وردەکاریی زیانە داراییەکانی کێڵگەی کۆرمۆر و لێکەوتەکانی لەسەر کەرتی کارەبا بڵاودەکاتەوە
حوسییەکان بۆ شەرع: لە بری شەڕی یەمەن، وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل بدەنەوە
1. لێکەوتەکانی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر؛ کەمبوونەوەی کارەبا و گرانبوونی بازاڕ ژیانی رۆژانەی لە سلێمانی قورس کردووە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×