ئێران.. کاتی بەسەرچوونی ڕەفتاری ڕژێمێک

بەهرۆز جەعفەر
  2025-06-23     132

ئەمریکاو ئیسرائیل، جیهان و ناوچەکە تەنها کێشەیان لەگەڵ پرسی چەکی ئەتۆمی نییە، بەڵكو گرفتی ئەم ڕژێـمە ئەوەیە لەسەر بنەمای دەستوەردان لەکاروباری ئەوانی تر بەهۆی هەناردەکردنی مەزهەبگەراییەوە دەیەوێ بەردەوامی بەخۆی بدات. ئێران پێویستە وەک دەوڵەتێک "ئێران" بێت نەک عێراق بێت، نابێت سوریا بێت، لوبنان و یەمەن و فەلەستین و...تادوایی بێت. کاتێک خومەینی لە ساڵی (١٩٧٩) دێتەوە دەڵێت "کۆماری ئیسلامی" دادەمەزرێنم (تەنانەت ناوی ئێرانیش ناهێنێت)، لەکاتێكدا ریفۆرمکردن لە دەوڵەتی ئێران دا پێویست بوو، چوونکە خەڵک بەدەست دەستەڵاتی "شا" و بنەماڵەکەیەوە ناڵاندبوویان.

مێژووی ترساندن، تۆقاندن، شیعاندن و بێهۆشکردن و دەستوەردان لەکاروباری ئەوانی تر لە ئێراندا ناگەڕێتەوە بۆ ساڵی (١٩٧٩) بەڵکو زۆر لەوە پێشتر لەپێناو برەودان و بڵاوکردنەوەی مەزهەبی شیعەی ئیسماعیلی لەساڵی (١٠٩٠ ز) کەسێک بەناوی "حەسەنی سەباح" لەبنەماڵەی حەشاشەکان، دەست دەکات بە "بانگەواز- دەعوە"، بۆ ئەوەش "قەڵای ئەلەموت" دەکڕێت، ئەم قەڵایە زۆر سەختەو تەنها یەک ڕێگەی سەرکەوتنی هەیە و پێدەشتێکی زۆریش لەبەردەمیدا هەیە؛ حەسەنی سەباح ساڵانێكی زۆر لەو قەڵایە نایەتە خوارەوە، لەوێوە سەدان گەنج لەسەر ئاینی شیعەی ئیسماعیلی پەروەردە دەکات بەناوی "خۆبەخشەکان"، فێری شمشێر وەشاندن و تیرۆرکردن و دەست وەشاندنیان دەکات، ماددەی هۆشبەریان دەداتێ و دەڵێ "بەهەشت تان پێ نیشان دەدەم؛ کەچاو دەکەنەوە کچی جوان لەو پێدەشتەیەو حەشیشیان خواردوە، ئیتر باوەڕدەکەن. حەسەنی سەباح لەڕێگەی شێوازی بانگەوازەکەیەوە دەستی لەکاروباری میسر، تونس، سوریاو جەزائیریش وەردەدات، دووجار هەوڵی تیرۆرکردنی "سەڵاحەدینی ئەیوبی" داوە، هەژموونی خۆی بەسەر ناوچەکەدا سەپاندوە.

لێردەدا، ئەمسەر- تا- ئەوسەری مەسەلەکە لە ڕێگەی بانگەواز و شیعەگەراییەوە تەنهاو تەنها بەدەستهێنانی "دەستەڵات" و کاریگەریی و هەژموون بوە. زۆرێک لە ئێرانناسەکان پێیانوایە لەناو مێشکی هەموو ئێرانییەکدا حەسەنی سەباحێک هەیە. بەڵام ئەمە لەسەردەمی زیرەکی دەستکرد و دۆناڵد ترامپ و ناتانیاهۆ دا، لەسەردەمێکدا کە ئێران لە ڕێگەی شیعەگەرێتییەوە هیچ نموونەیەکی جوانی مرۆیی و دیموکراسی و باوەڕبوون بە مافی گەلانی نیشان نەداوە، ئیتر گوزەشت و دەبێت ڕژێمەکە و کۆمەڵگەکە خێرا بیر لە گۆڕینی شێوازی بیرکردنەوەو سیاسەت و ئەقڵیەتی پێشوو بهێنن.

لە ڕاستییدا، ئەوەی لە ماوەی (٩) نۆ ڕۆژ جەنگی ئیسرائیل- ئێران دا بیندرا، کەم نەبوو؛ ئەوانە کۆمەڵێک فاکتی گرینگ و کاریگەرمان بیردەخەنەوە، وا باشە خاڵ- بە-خاڵ بیخەینە ڕوو:

یەکەم: شاشەی تەلەفیزیۆنەکانمان بینی، هێشتا کەسانێک ماون لایانوایە ئێران مافی خۆیەتی وەک ئەوانی تر چەکی ئەتۆمی هەبێت! ئێران بە بێ چەکی ئەتۆمی پێنج دەوڵەتی وێران کردوە، لەدوای بەهاری عەرەبییەوە ملیۆنەها مرۆڤ بوون بە قوربانی سیاسەتەکانی ڕژێـمەکەی ئێران، ئەوە چ ئەقڵێکە پێی وایە ئێران مافی خۆیەتی دەبێ چەکی ئەتۆمی هەبێت؟

دووەم: ئێران مێژووی هەیە، جوگرافی و زمان زانکۆ و داهێنان و پیشەسازیی هەیە، بەڵام ئێران بەهێز نییە؛ چونکە حیکایەتی نییە، سیاسەت بە بێ بوونی حیکایەتێکی ڕەوا بەردەوام نابێت، خەڵکی تر بەهەموو کەمووكوڕییەکانییەوە حیکایەتی لیبراڵیزم و دیموکراسییەت و دامەزراوە-گەرایی هەیە، بەڵام لە ئێران هەموو حیکایەتەکە ئەوەیە کابرایەک هەیە ئایەتوڵڵایەو ڕابەری گشتییەو، لە ئاو و ئاوەڕۆی کۆڵانەکانەوە بە دەست ئەم کابرایەیە تا دەگاتە سیاسەتی دەرەوەو سوپاو هەواڵگری و مافی مان و نەمان! ئەم کابرایە تەمەنی (٨٦) ساڵە و شێرپەنجەی هەیە وڵاتەکە بەرێوە دەبات! بە چ پێوەرێک ئەم وڵاتە بەهێزە.

سێهەم: بەهەموو شێوەیەک مێنتاڵێتی و کەرەستەکانی بیرکردنەوەی ڕژێمەکە لە ئێران پێویستە بگۆڕدرێت، ئەگەرنا ڕژێمەکە دەگۆڕێت. تەماشا بکە پاکستان وڵاتێکی دیموکراسیی نییە و (١٧٠) کڵاوەی ئەتۆمی هەیە، بەڵام بیرکردنەوەی سیستەمەکە کە لەپشت چەکی ئەتۆمییەوە وەستاوە وەکو ئەوەی ئێران نییە، بۆیە کێشەی نییە. پاکستان خاوەنی چەکی ئەتۆمیە، بەڵام ئەقڵی سیستەمەکە ڕێکخراوە؛ تەنانەت هەموو ئەفسەرەکانی پاکستان لە ئەمریکا خوولی مەشق و ڕاهێنانیان بینیوە.

چوارەم؛ ڕووسیا نیزیکترین هاوپەیمانی ئێرانە، بەڵام کە لە ڤلادمێر پوتین دەپرسن ئەگەر خامەنەئی تیرۆر بکرێ هەڵوێستتان چی دەبێ؟ دەڵێ نامەوێ وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە؛ مانای وایە کێشەی نییە. تەماشاکردنی وەها ساتێک بەسە بۆ ئەوەی تێبگەیت کە تەنانەت نیزیکترین دۆستەکانی ئێران کێشەیان لەگەڵ لەناوچوونی ئەو ئەقڵییەت و سیستەم و بیرکردنەوەیەی ئێستای ئێران نییە. جیهان بەگشتی تاقەتی مامەڵەکردنی لەگەڵ گەلێک، ڕژێمێک، تاکێک یان دەوڵەتێک نییە کە "ئیمامی مەهدی" هەزار ساڵە مردوە، کەچی ئەو باوەڕی وایە دێتەوەو دۆخەکە چاک دەکاتەوە! بەشێکی زۆر لە شیعەکانی عێراق بە ئەنقەست گەندەڵی و چەتەیی و خراپەکاریی دەکەن بۆ ئەوەی ئیمامی مەهدی بێتەوە دۆخەکە چاک بکات، چوونکە "ئیمام مەهدی" کاتێک دێتەوە کە دۆخەکە تەواو خراپ بووبێت!

پێنجەم: ئەوروپاو ئەمریکا نایانەوێ ڕژێمەکە بڕوخێنن، چوونکە فەوزایەکی مەترسیدار بۆ نەزمی ناوچەیی و جیهانی درووست دەکات، لەوانەیە لەنێوان ئەرتەش و سوپای پاسداران ببێتە شەڕ و ململانێ نێوخۆیی، لەوانەیە ئێران دابەش بێ بەسەر پێنج نیمچە دەوڵەتداو عەرەب بڵێ دەوڵەتم دەوێ، بەلووچ، کورد، ئازەر و تادوایی.

شەشەم؛ بە لا-چاوێک تەماشا بکەی، دەبینی ئەم هێرشانەی ئیسرائیل لە خامەنەیی بەرەو خواریان کردۆتە ئامانج، واتە ئەوانەی پابەندبوونی مەزهەبیان هەیەو نوێنەرایەتی سوپای پاسداران دەکەن نەک دەوڵەت. سوپای پاسداران ئەوەیە بەرگریی لە مەزهەب و ئەو دۆخە دەکات کە لای سەرەوە باسمان کرد. بۆیە ئیسرائیل ئاگاداری جموجووڵەکانە، کاتێک پاسەوانی تایبەتی حەسەن نەسروڵا دەکوژرێ، لەسەر سنوری ئێران- عێراق لێی دەدرێ، ئەوە پەیامە بۆ حەشدی شەعبی و هێزە وەلائییەکانی عێراق کە جموجوڵەکانیان لەژێر چاودێریی و ئاگاداری ئیسرائیلدایە.

حەوتەم: داخستنی گەرووی هورمز، درووستکردنی کێشەیە بۆ جیهان، لەوانەیە بۆ پێنج- شەش کاتژمێرێک بتوانن ئەم گەروە دابخەن، بەڵام لەوە زیاتر نا..ئەمە زیانی ئابوریی بۆ خودی ئێران دەبێت، ئەمە شێتی یە..و نابێت ..نااا..ئەمە وەک ئەوە وایە یەکێک لە کاپتنەکانی فڕۆکەیەک تووڕە بێت و بڵێ من فڕۆکەکە بەر دەدەمەوە، لەکاتێکدا فڕۆکەکە دووسەت سەرنشینی تیایەو، تیمی فڕۆکەوانی و شۆفێری یەدەگی دیکەی هەیە!

هەشتەم: ئێران سەروو هەزار درۆن و سەدان مووشەکی پێشکەوتووی نا بە ئیسرائیلەوە، بەڵام نەیتوانی یەک سەربازی ئیسرائیل بکوژێ. لەکاتێکدا ئیسرائیل دەیان زانای ئەتۆمی ئێران، سەدان سەرباز و دەیان سەرۆک و سەرکردەی سوپای پاسدارانی کوشت.

نۆیەم: ئێران دەوڵەتێکە لە سەر ترساندن و تۆقاندن و هەناردەکردنی شۆڕش بۆ دەرەوەی خۆی دەژی، سەیری نموونەی عێراق بکە؛ وەزیری ڕۆشنبیری لە حیزبی دەعوە ساڵی (٢٠٠٥) کوڕی خەڵک دەکوژێ، دوو کوڕی میسال ئالووسی کوشت بە پێش چاوی باوکیەوە! لە عێراق وەزیری خوێندنی باڵا عەسائیب دای دەنێت! کەس هەیە لەو عێراقەدا نەزانێت قەیس خەزعەلی بە قاچاخ و بە کەشتی نەوت دەفرۆشێت، خەڵک دەترسێنێ و سەرانە وەردەگرێت؟ ماددەی هۆشبەر وەکو خۆڵ بەسەر عێراق و ناوچەکەدا داباریوە لە تورکیاوە دێت؟ لە سعودییەو قەتەرەوە؟ یان هەموو کەس دەزانێت لە ئێرانەوە دێت و کێ دەیهینێت و بۆ دەیهێنێت.

دەیەم: ئەم جەنگە ئەوانە دەیبەنەوە کە زانست دەکەنە درووشمی خۆیان، ئیسرائیل و ئەمریکاو بەریتانیا وڵاتی زانستن، زانست شارستانییەت درووست دەکات. ئەم جەنگە بێ پێشینە بوو لە مێژوودا وێنەی نەبوە؛ چوونکە تۆپ و دەبابەو سەرباز و بندیوار ڕۆڵیان نەبینی، ڕۆڵ ڕۆڵی تەکنەلۆژیاو زیرەکی دەستکرد و هەواڵگریی سەردەم و درۆن و سیستەمەکانی چاودێرییە. لە عێراق (٢٣٨) هەزار حەشدی شەعبی هەیە کە مووچەیان لە سەر دەوڵەت ساڵانە تریلیۆنەها دینارە، بەڵام فەرمان لە ئێرانەوە وەردەگرن، ئەمانە هەرگیز ناتوانن ڕۆڵێک بۆ ئێران و بۆ عێراق بگێڕن، تەنها بە هەڕەشەو چاو سوورکردنەوەو فڕاندن و کوشتن و بەرتیل وەرگرتن درێژە بە مانەوەی خۆیان دەدەن، تەنها بۆ ئەوە باشن گەلەکەی خۆیان بترسێنن و شەق لە خۆپیشاندەرێکی داماو هەڵ بدەن، تەنها دەتوانن مووچەی خەڵکی کوردستان ببڕن!

یانزەهەم: جەنگەکە سەلماندی دۆناڵد ترامپ چی بوێت دەیکات؛ لە ناو ئەمریکاو لە دەرەوەی ئەمریکاش. کۆمارییەکان هەر کۆشکی سپی و سەرۆکایەتی ئەمریکایان نەبردۆتەوە، بەڵکو زۆرینەیەکی بەرچاوی کۆنگرێسیشیان بردۆتەوە. ترامپ دەزانێ چی دەڵێت و چی دەکات، هەندێک بە گەمژە و هەندێک بە درۆزن و هەندێکیش بەوەی خاوەنی قسەی خۆی نییە، بەڵام باشترین دیبلۆماسییەت ئەوەیە بەرانبەرەکەت نەزانێت بەنیازی چیت. یانی تۆ پێتوایە ڕژێمی ئێران بەو شێوەیە لەناوچەکە مامەڵە بکات و، خەزعەلییەکان بە ئارەزووی خۆیان دەست بەسەر چەک و پارەو بانک و حەواڵەو نەوت و هەناردەو هاوردەدا بگرن، ئەمریکا دابنیشێت تەماشا بکات؟!

دوازدەیەم: زۆر گرینگە ئەوە دووبارە بکرێتەوە کە ئەو ئەقڵییەت و سیاسەتەی ئێران بگۆڕدرێت، چوونکە ئەوانە هەر دەیانەوێ ناوچەکەو گەل و خەڵکی خۆیان تووشی نەهامەتی و برسێتی بکەن، ژێرخانی ناوچەکەو خۆیان وێران بکەن. ببینە؛ ئەمریکا بنکە ئەتۆمیبەکەی کردۆتە ئامانج، دەڵێن بەتەواوی وێرانی نەکردوە؛ ئەمە مانای وایە دووبارە بێتەوە پەلامارتان بدات؟! دەوترێ شوێنی چەکە ئەتۆمییەکە (٨٠- ٩٠ مەتر) لە ژێر زەویدایە، وێنەکان ڕوونی دەکەنەوە کە هەر مووشەکێکی لێ دەدا (٦٠) مەتر دەی بڕێت، دووەم شەستی تر، واتە (١٢٠) مەتر قووڵی دەکات. ترامپ وتی ئەگەر ئاقڵ نەبن، دێمەوە گیانتان، چی دەکەن؟ گەرووی هورمز دادەخەن، چەند کیلۆمەترێک لە خوار گەرووەکەوە کەشتی سەربازیی و هێزی دەریایی ئەمریکایە! ئنجا گەرووی هورمز بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان تەنها بەشی باکوری ئێران لێی بەرپرسە کە نیزیکە لە بەندەر عەباسەوە، بەشی باشوری سەڵتەنەتی عومان.

 

لە کۆتاییدا

زۆر بیسترا، ئێران و پرۆکسییەکانی لەناوچەکە دەیانوت حیزبوڵڵا سەت هەزار مووشەکی هەیە، کوا؟ حیزبوڵڵا کۆتایی پێ هات و نەسرووڵاو هەزاران فەرماندەو سەرکردەی حیزبوڵڵاشیان کوشت. چل ساڵە ئەم رژێمە لە ئێران سوپایەکی درووستکردوە بەناوی "قودس"، بە بێ ئەوەی قەت گوللەیەکی لە پێناو قودس و فەلەستیندا تەقاندبێ؟ چوونکە لەبنەڕەتدا ئەو ئەقڵیەتە فەلەستین و مووسڵمانانیشی بەلاوە گرینگ نییە، بەڵکو دەستەڵات و هەژموون و باڵادەستی خۆی دەوێ لە ناوچەکەدا، ئێ ئەمەش نابێت، چوونکە لە زانستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا "نەزم-Order" هەیەو کە بنەمای پەیوەندییەکان لەسەر هەندێ ڕێساو بەهاو نۆرم و داینامیکییەتی هێز ڕێک دەخات، تۆ دێی ئەمە تێک دەدەی؟!

بۆیە ئەم سیستەمە بەتەواوی شسکستخواردوە دۆڕاو و گەندەڵە؛ گەلەکەیان برسییەو ژێرخانەکەیان وێران، فەرموو سەیری بکەن، چەند سەت ملیار دۆلار لە چەکی ئەتۆمیدا خەرج کرا؟ ئەوەتا بە هەوادا چوو، ئەمریکا لەناوی برد. ئەی چەند سەت ملیار دۆلار بۆ حووسییەکان و حیزبوڵاو حەماس خەرج کران؟ ئەوەتا هەموویان لەناو بران و هیچ نەبێت بۆ ماوەیەکی ناوەند مەودا کۆتاییان پێهات. ئەوە (١٥) ساڵە کورد کێشەی مووچە بڕینی هەیە لە عێراقدا، هەموان دەزانن سەرچاوەی ئەم گرفتە ئێرانە؛ ئەم کۆماری ئیسلامی ئێرانە چ قازانجێکی کرد لەمەدا؟ بۆیە واباشە ئێران ببێتە ئێران، خزمەتی خەڵکەکەی خۆی بکات، لە ڕۆحی سەردەمەکە تێ بگات، ئاشتی ناوخۆیی و ناوچەیی بەرپابکات، ژێرخانەکەی خۆی سەرپێ بخاتەوە. هەڕەشە دەکەیتەوە؟ هەمان ڕەفتارەکانی پێشوو، هەمان ئەم دەرئەنجامانەی ئێستای دەبێتەوە. 

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×