هەڵوێستی سەدر لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا!

عوسمانی حاجی مارف
  2025-05-16     1214

موقتەدا سەدر دەڵێ: "تا گەندەڵی بەردەوام بێت، بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن ناکەم، چونکە تەنها گرنگی بە بەرژەوەندی حزبی و نەتەوەیی و تائیفی ئەدەن، چاوپۆشی لە ئازارەکانی خەڵک و ئەو کارەساتانە دەکەن کە لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن"، هەروەها داوای لە لایەنگرەکانی کردوە خۆیان کاندید نەکەن و بایکۆتی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتودا بکەن!.

ڕەوتی سەدر لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢١ دا، ٧٢ کورسی بەدەستهێنا و بووە گەورەترین بلۆکی پەرلەمانی، دواتر هاوپەیمانیەکی سێ قۆڵی لەگەڵ مەسعوود بارزانی و محەمەد حەلبوسی پێکهێنا، پێی دەگوت حکومەتێکی زۆرینەی نیشتمانی، ڕکابەرەکانی لە (چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە) دوورخستەوە.

بەڵام پاش ئەوەی لایەنگرانی لەناو ناوچەی سەوز هەڵیانکوتایە سەر پەرلەمانی عێراق، کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی دەیان کەس و برینداربونی سەدان کەس. موقتەدا سەدر لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢دا کشانەوەی تەواوەتی لە سیاسەتی عێراق ڕاگەیاند، هەروەها بایکۆتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی ساڵی ٢٠٢٣ی کرد، ئەمەش دوای ئەوە هات کە ڕکابەرەکانی لە چوارچێوەی هەماهەنگی توانیان هەوڵەکانی سەدر بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی زۆرینەی نیشتمانی پاشەکشە پێبکەن. پێدەچێت سەدر زیاتر ترسی ئەوەی هەبێت و دەزانێت کە ئەو سەرکەوتنەی ساڵی ٢٠٢١ دووبارە نابێتەوە، ئەمەش شکستێکی سیاسی گەورە دەبێت بۆی  لەمەیدانی ململانێی سیاسی لە عێراقدا.

هەڵبەتە بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان کاریگەری نەرێنیان لەسەر جەماوەری ڕەوتی سەدر دانا، چونکە خاڵێک که موقتەدا سەدر بۆ خۆشی نکوڵی لێناکات، ئەوە بوو چوارچێوەی هەماهەنگی سەرکەوتو بوو له سەپاندنی کۆنترۆڵی خۆی، به فرسەتهێنان لە ئامادەنەبونی سەدریەکان فراوانکردنی نفوزی جوگرافیان بەدەست هێنا، ئاشکرایە کە ئامادەبونیان لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵدا دوای ئەو جۆری راگەیاندنەیان لە بەشداری نەکردن، کاریگەری نەرێنی  لەسەر سەدریەکان دەبێت گەر بەشداری بکەنەوە. لەهەمانکاتدا ترسێکی تری سەدر لە خۆکاندیدکردن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا، ئەوەیە کە کەس و لایەنێک بە گونجاو نازانێت کە بتوانێت هاوپەیمانی لەگەڵدا بکات ئەگەر بڕیاری خۆکاندیدکردن بدات.

لەلایەکی تریشەوە گەر سەدر له هەڵبژاردنەکانی داهاتوو ڕکابەری بکات و ژمارەیەکی بەرچاویش کورسی بەدەست بهێنێت، ئەوە باش دەزانێت کە ناتوانێت هاوپەیمانی له ناو پەرلەمان بۆ پێکهێنانی حکومەت دروست بکات.

 ئەوەی پێویستە وەبیری بهێنینەوە هاوپەیمانەکانی موقتەدا سەدر لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢١ واتە بارزانی و پارتی پێشکەوتن، دوای ئەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆنترۆڵی حکومەتی کرد، هەردوو لایان هەستیان بە شەرمەزاری  کرد، کە هاوپەیمانیان لەگەڵ بزووتنەوەی سەدری دژ بە چوارچێوەی هەماهەنگی ئەنجامداوە، دواتر محەمەد حەلبوسی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی لەدەستدا، حکومەتی بەغداش لە زۆرێک لە کێشەکانی لە بەرامبەر حکومەتی هەرێمدا فشاری زیاتری بەکارهێناوە.

جگە لە ترسی موقتەدا سەدر لەوەی پارتەکەی ناتوانێت سەرکەوتنێکی گەورەی هاوشێوەی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢١ بەدەست بهێنیت، هەروەها دەیەوێت وەها نیشان بدات ئامادە نیە بەرپرسیارێتی "سیاسەتە چەوتەکان و مامەڵەی خراپی چوارچێوەی هەماهەنگی" لە بەرامبەر جەماوەری عێراقدا لە ئەستۆ بگرێت، بەتایبەتی کە لەلایەک حکومەتی عێراق لە هەلومەرجی سیاسی ئێستای ناوچەکەدا ڕوبەڕوی کێشەی جدی بۆتەوە، لەلایەکی ترەوە نالەباری دۆخی ناوخۆی عێراق ئاماژەیە بۆ ئەگەری سەرهەڵدانی ناڕەزایی جەماوەری لە داهاتویەکی نزیکدا، بۆیە سەدر تا بتوانێت خۆپارێزی هەڵدەبژێرێت، هەروەها نایەوێت خۆی بخاتە ناو کێشەی باڵادەستی ئێران بەسەر عێراقدا!.

ئەوەش بەدوور نازانرێت کە لەم دۆخەی ئێستای ناوچەکەدا، ئەگەری ئەوە هەیە عێراق ببێته بەشێک له توندبونەوەی ململانێی سەربازی له نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیلدا، هەروەها بڕیارە ئەگەر دانوستانەکانی ئێستا لەگەڵ ئێران شکست بهێنن، ترەمپ سزا بەسەر دامودەزگا داراییه عێراقیەکاندا بسەپێنێت، ،لەم حاڵەتەدا فراکسیۆنه عێراقیەکانی پاشکۆی ئێران دەبنه بەشێک له ململانێی سەربازی نێوان تاران و واشنتۆن، لەم حاڵەتەدا سەدریەکان نایانەوێت و ناتوانن مامەڵه لەگەڵ ئێراندا بکەن، بۆیە سەدر جارێ دڵنیا نیە لەوەی سڕبوونە سیاسیەکەی ڕابگرێت. هەرچەندە ئێران زۆرجار پەیوەندی لەگەڵ موقتەدا سەدردا هەبووە، بەشێوەی جۆراوجۆر پێیانڕاگەیاندوە کە بگەڕێتەوە بۆ ژیانی سیاسی، بەڵام سەدر ئەمەی وەک تەڵەیەکی ئێرانی بۆ ڕەوتی سەدر لێکداوەتەوە.

موقتەدا سەدر بەڕوونی بایکۆتی پڕۆسەی سیاسی خۆی ڕاگەیاندووە، بەڵام ئایا ئەگەری ئەوە هەیە گۆڕانکاری لە هەڵوێستی خۆیدا بکات؟، ئەوەی پێشبینی دەکرێت ئەستەمە سەدر پاشەکشە لە هەڵوێستەکەی بکات، بەتایبەتی لەم کاتەدا، سەدر واڕادەگەیەنێت نایەوێت ببێتە بەشێک لە شکستی ژیانی سیاسی ئێستای عێراق، هەروەها لە لێدوانەکەیدا ڕاستەوخۆ ئاماژەی بەوە کردووە، بەشداری لەگەڵ گەندەڵکاران ناکەن.

بەڵام لەڕاستیدا سەدر پێیوایە دۆخی سیاسی ئێستای عێراق لە هەر ساتێکدا قابیلی تەقینەوەیە، هەروەها حکومەتی چوارچێوەی هەماهەنگی بەجیا لەوەی دەرگیرو سەرگەردانە لە بەرامبەر ناجێگیری دۆخی سیاسی ئێستای ناوچەکەداو هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ هەڵوەشانەوەی حەشدی شەعبی، لە هەمانکاتدا ناتوانێت ڕوبەڕوی توڕەیی ناڕەزایەتی جەماوەری ببێتەوە، بەتایبەتی لەبەرامبەر گەندەڵی بەردەوام و وەڵامنەدانەوە بە قەیرانی کارەبا و خزمەتگوزاریەکان و نالەباری ژیان و گوزەرانی دانیشتواندا، بۆیە سەدر چاوەڕێی ساتێکی گونجاوە، تا هەموو کێشەکان بەسەر ڕووخساری سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا بشکێتەوە. دواتر، فرسەتی ئەوە بهێنێت کە وەک ڕزگارکەری عێراقیەکان، گەڕانەوەی خۆی بۆ ژیانی سیاسی ڕاگەیەنێت.

بۆیە بەشداربوونی سەدر لە هەڵبژاردنەکانداو تێکەڵبونی لەگەڵ لایەنە شیعەکانی تردا، ئەو فرسەتە لەدەست ئەدات، گەر بیەوێت لە هەر ئاڵوگۆرێکدا دەور و کاریگەری خۆی لە گەڕانەوەی بۆ نێو ژیانی سیاسی دابنێت، یان پێگەیەک بەدەست بهێنێت تا لە ململانێی سیاسیدا بۆ کۆنترۆڵکردنی عیراق سەرکەوتوبێت، واتە ئێستا خۆی وەک گورکیک مەڵاسداوە چاوەروانی ئاڵوگۆرەکان دەکات، هەڵبەتە ئەوە ئاستی رێکخراوەیی و فراوانبوون و ئاسۆ و سەربەخۆیی ناڕەزایەتیەکانی جەماوەری خەڵکە لە کاریگەری هەر لایەنێکی ئیسلامی سیاسی، کە ئەتوانێت بەر بە سەدریەکان و هەر نمونەیەکی تر لە ئیسلامی سیاسی بگرێت کەدەیانەوێت ببنەوە بە لایەنی زاڵ بەسەر چارەنوسی دەسەڵاتی سیاسی لە عێراقدا.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×