کورد لەنێوان شیعیزم و ناسیۆنالزمی عەرەبی 

محەمەد غەریب حسێن
  2026-01-21     208

ئەم هەستە ناخۆشە و داروخێنەرەی کە سێ ڕۆژە دڵ و مێشک و جەستەی تەنیوم،  بەدرێژای تەمەنم دووجار ئەم هەستە سەیر و نائومێدکەر و داروخێنەرەم هەبوە، یەکەم جار لە خیانەتی 16 ئۆکتۆبەر بوو و دووەم جاریش  لەئێستادایە کە دەبینم ئەزمونی ڕۆژئاوای کوردستان کە ئەزمونێکی سەرکەوتوی پێکەوەژیان و مەدەنیەتە لەباردەبرێت. هەرخۆم دەتوانم شایەتی ناخۆشی و تاڵی ئەو هەستەبم کە لە ناخی دەرونمەوە جەستەمی گرتوە بەهۆی بێ مۆڕاڵی و نائەخلاقیانە مامەڵەکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ کورد، هەتا ئەوکاتەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئیشی پێتبێت و خۆت بدەی بەکوشت بۆ بەرژەوەندی ئەم وڵاتانە، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەگەڵتن بەڵام هەردوای ئەوەی ئیشیان پێتنەما و دۆخکەت بۆ ئارامکردنەوە، بۆ بەرژوەندی خۆیان تۆ دەسڕنەوە بەجۆرێک کە هەوڵ و قوربانی دانی تۆ لەبەدیهێنانی ئەمنیەت و ئاسایش بۆ ئەم ناوچەیە ئەسڵەن بەهەند وەرناگیرێت و کۆمەڵێک چەکدار دەنێرنەسەرت کە تادوێنێ هۆکاری نائەمنی و نا ئاسایشی و کاری قێزەونبون  دژ بە کۆمەڵگا و سیستەمی نێودەوڵەتی، هەر زوو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەتکەنە قۆچیقوربانی لەنێوان بەرژەوەندیەکانی خۆیاندا، نمونەی ئەمەش ڕێکەوتننامەی سایکس بیکۆ کە کوردستانیان بەسەر چوار پارچەدا دابەشکردو و سڕیانەوە، وە لە خیانەتی 16 ئۆکتۆبەردا کە لەسەدا 51 خاکی کوردستانی باشور تەسلیمی عێراق و چەکدارەکانی حەشدی شەعبی کرا، هەرچەندە ئەوچەکدارانە نایاساین و سەربە عێراقن بەڵام پڕۆکسی و بەکرێگیراوی ئێرانن و بەرژەوەندیەکانی ئێران لەعێراقدا دەپارێزن بەکارە تێکدەر و نایاسای و قێزەونەکانیان، و کۆتا جاریش بریتیە لە لەباربردنی ئەزمونی سەرکەوتوی ڕۆژئاوای کوردستان-سوریا کە کوردستانیان تەسلیمی چەکدارە دڕندە و وەحشیەکانی محمد جۆڵانی کرد کە هەتادوێنێ لە لیستی سەرەوەی هەرە داواکراوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوو لەبەر کارە قێزەون و دڕندانەکانی کەدژی مرۆڤایەتی و هاوڵاتیانی سوریا دەیانکرد. 

 

شیعیزمی ئێران

منیش وەک زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی پێمان وایە کە دەستێوەردانی ئێران لەکاروباری ناوخۆی وڵاتاندا بەهۆی شیعەگەرای و پڕۆکسیەکانی ئێران لەو وڵاتانەدا لێکەوتەی نەرێنی دژی دۆزی کورد زۆرە، چونکە ئێران خۆی خاوەنی کەمینەیەکی کوردە کە بەردەوام دەچەوسێندرێنەوە بۆیە هەرگیز ئێران لەگەڵ ئەوەدا نیە کە ئەزمونی سەرکەوتوی کوردی بونی هەبێت، ئەمە بۆ تورکیا و عێراق و سوریاش وایە کە خاوەنی کەمینەی کوردن. 

ئەوە سیاسەتەی کە ئێران بەهۆی دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتاندا لەڕێگەی شیعەگەرایەوە بەرهەمی دێنێت دەوڵەت لەناوخۆوە پەرتەوازە و بەشبەش دەکات چونکە شیعە  کەمینە یان زۆرینەیەکی نادڵنیایە لەناوخۆی وڵاتدا، هەرچۆنێکبێت بەسروشتی حاڵ شیعە بەشێکە لە کۆی سیستمی ناوخۆی هەر وڵاتێک کە شیعەی هەبێت، ئەمە ڕێگە بۆ لامەرکەزی و نا ناوەندی و فیدڕاڵی خۆشدەکات، کە بەپێچەوانەی ناسیۆنالیزمی عەرەبیەوەیە، بەتایبەتی ئەوەشمان لەبیرنەچێت کە شیعەکان ئەگەر لە دەسەڵاتدا نەبوبن لە هەروڵاتێک بوبن بەردەوام وەک کەمینەیەک چەوساوەن یان چەوساوەبون وەک کورد. 

ئەوەی لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕویدا و کورد ئەزمونەکەی بەرادەیەکی زۆر لەدەستچوو بەشێکە لە لێکەوتەکانی کۆی ئەوگۆڕانکاریانەی کەدوای ڕوداوەکانی 7 ئۆکتۆبەر ڕویداوە و ناوچەکانی جێنفوزی پێشوتری ئێران بە نەیارەکانی ئێران پڕکراوەتەوە. 

 

محمد جۆلانی و ناسیۆنالیزمی عەرەبی

سێ ڕەگی سەرەکی توندڕەوی لە محمد جۆلانیدا بونی هەیە: 

یەکەم وەهابیەت، دووەم ناسیۆنالیزمی عەرەبی، سێیەم سونەیەک کە چەند ساڵ لەژێردەستی شیعەی عەلەویدا بوە. 

کەواتە محمد جۆلانی ناسیۆنالیستێکی تونڕەوی دەمارگیری سونە مەزهەبە و هەرکات باردۆخی بگونجێت دەگەڕێتەوە سەر ئەسڵی خۆی  پەردە لەسەر ڕوی لادەچێت و هەرگیز سوریای بۆ ناکرێتەوە بە دەوڵەت و هەرگێز ناوەندێتی سوریاش بۆ جێبەجێ نابێت و دەسەڵاتەکەشی فشۆڵە و هیچ شەرعیەتێکی نیە. 

ناکرێت تورکیا و ڕۆژئاوا دڵخۆشبن بە سەرکەوتنی محمد جۆڵانی  چونکە نەشونمای ناسیۆنالیزم و بزاوتی عەرەبی سەرەتا دژی دەوڵەتی عوسمانی سەری هەڵدا بە ڕابەرایەتی ئیسلامیە تونڕەوەکان کە بە وەهابییەکان ناسراون و دەیانویست کە ئیسلام بگەڕێننەوە بۆ ژێر دەستی عەرەب و ناوچە عەرەبیەکان، دواتر زۆر بەڕونی ناسیۆنالیزمی عەرەبی دژی کۆڵۆنیالیزم سەریهەڵدا واتە ڕەگێکی ناسیۆنالیزمی عەرەبی دژە ڕۆژئاواییە، ئێستا ئەم ناسیۆنالیزمە بۆتە دراوسێی توکیای ئەمڕۆ و هەرکە باردۆخ بۆ محمد جۆڵانی گونجا دەبێتە هەڕەشە بۆ تورکیا و ئیسرائیل و عێراقی شیعی ئەمڕۆش و ڕۆژئاواش.

 ئەگەر جەمال عەبدلناسڕ وەک ڕەمزێکی ناسیۆنالیستی عەرەبی سەیر بکەین دەبینین کە چەندە خۆسەپێن و توندڕە و دەمارگیربوە هۆکاری سەرەکی توندوتیژی و پێکەوەنەژیان و داپڵۆساندنی ئەوانی تربوە و بەرگری لە ناسیۆنالیزمی یەک نەتەوەی عەرەب کردوە و یەک نەتەوەی بە هەبوو یان زیندوو زانیوە و ئەوانی تری ڕەتکردۆتەوە و دیکتاتۆرەکانی بەرهەم هێناوە وەک سەدام حسێن لە عێراق  و جەمال عەبدلناسر لە میسر و محمد جۆلانی لەسوریا ئێستا و هتد

لەکۆتایدا گرنگە کە بڵێم محمد جۆلانی بەهۆی ئەوسیفەتانەی کە هەیەتی شکستبارە و توانای مانەوەی لاوازە و سوریای وەک یەک دەوڵەتی یەکگرتوی ناوەندی بەهێز بۆ نابرێت بەڕێوە، گروپە چەکدارەکانی سوریا ژمارەیان زۆرە و تونڕەو و تائیفین کۆنتڕۆڵکردنیان بە محمد جۆلانی نزیکە لە موستەحیلەوە.  وە ئەزمونی ڕۆژئاوای کوردستان لەبەردەم تەحەدی ناسیۆنالیزمێکی عەرەبی توندایە کە دژوارترە لەو تەحەدیانەی کە بەهۆی پڕۆکسیەکانی ئێران و شیعیزمەوە لەڕابردوودا لە ڕۆژئاوای کوردستان لە بەردەمیدابوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×