پرۆسەی پەروەردە، پرۆسەیەکی گرنگ و پڕ بایەخە لە گشت کایە و ڕەھەندەکانی ژیانی کۆمەڵگەکان. چونکە داینەمۆی بەگەڕخستنی وزە و توانا و کارامەییەکانی تاکە لەپێناو ئامانجە باڵاکانی مرۆڤبون.
ئەدەبی منداڵان، فۆرم و شێوازێکی ھونەری ئەدەبییە، کە تایبەت بێت بۆ منداڵان، جا ئەگەر گەورەکان بینوسن، کە پێویستە ڕەچاوی تایبەتمەندیەکانی(خواست و ویست و حەز وخولیای منداڵان بکرێت) لەلایەکیتر پێویستە لایەنی پەروەردەیی ئامانجدار، لەناو دەقەکەدا دیاریبکرێت. لەگەڵ ھەستە سۆزداری و نەستە شاراوەکانی منداڵدا یەکانگیر بێت، وەک(گیانی لێبوردەیی، خۆشەویستی مرۆڤ و ژینگە و گیانداران، ھاوکاری، گەیاندنی پرسیار تا منداڵان لەناو دەقەکە بۆی بگەڕێن و وەڵامی بدەنەوە، ھاندان بۆ کاری باش، لەگەڵ ئەوەشدا ئامانجەکەی پێدیاری بکرێت، مەبەست لە شیوەکەیە(شیعر، چیرۆک، ئۆپەرێت، نۆڤلێت، ڕۆمان) کارێکی تری ئامانجدار لە نوسین بۆ منداڵان، پەرەپێدانی خەیاڵ و ھۆشیاری سۆزداری و ڕۆچونە بەناو خولیاکانی منداڵدا لە بەکارھێنانی وێنەی سەرنجڕاکێش، ڕەنگدانەوەی بەھا کۆمەڵایەتیەکان، بەڵام پێویستە دوربێت لە بانگەشەی ڕاستەوخۆ واتە پەیامێکی ئاراستەکراوی ناڕاستەوخۆیە بۆ منداڵان.
لەلایەکیتر کاتێ دەقێک منداڵ خۆی دەینوسێ، جیاوازە لەوەی گەورەکان دەینوسن ، ئەمەش ئەوەدەگەیەنێ منداڵ خۆی بە پێی ویست وحەزی ناخی خۆی بابەتەکە دەنوسێ.
لەناو دنیای ئەدەبی منداڵانی ئێمەدا تائێستا نەبۆتە کەلتور منداڵان خۆیان بۆ خۆیان بنوسن، مەبەستم ئەوەیە گۆڤار و بڵاوکراوەی تایبەت بەخۆیان ھەبێت و دووربێت لە نوسینی گەورەکان.
لەوانەیە خوێنەرێک بڵێ چۆن منداڵان دەتوانن بەوکارە ھەستن؟ ئەگەر ئێمە دنیایەکی جوانتر و ئەدەبێکی منداڵانی باشمان بوێ پویستە ھاوکار و ھاندەر و پشتیوانیان بین، وتەیەکی عەرەبی ھەیە دەڵێ (التجربە ڕقوی من الخبرە)واتە(تاقیکراوە، بەھێزترە لە شارەزایی بوون). بۆیە ئێمەی گەورەکان لەتەمەندا، ئەوەندەی ھەڵپەمان کردووە بۆ خۆمان نەھاتوین بەرنامە و پلانکار بۆ ئەنجامدانی ئەدەبی منداڵان دابنێین. لەڕاستیدا ئەمکارە بە کەسێک یان چەند کەسێک ناکرێت، ئەوە وەزارەت و دەستە و گروپ و ڕێکخراوی تایبەت پێویستە بەمکارە ھەستن، لەگەڵ ئەوەی چی نوسین و بابەتێک لە ئەدەبی منداڵان نوسرابێت، جێی دەستخۆشی و پێزانینە ھەم بۆ دڵسۆزان ھەم بۆ منداڵانی کوردستان.نابێ لە بەرھەمی ئەو ھەموو نوسەرە دڵسۆزانە کەمبکرێتەوە، من مەبەستم ئەوەیە بۆچی وەزارەتی پەروەردە ئەم بابەتەی بەگرنگ وەرنەگرتوە؟
یان چەندین دامەزراوە و ڕێکخراوی تایبەت بە ئەدەب و ئەدەبی منداڵان و چەندین گۆڤار و بڵاوکراوە چاپدەکرێن، بۆچی تائێستا بیریان لەوە نەکردۆتەوە، کە منداڵ بۆخۆی لەگەڵ خولیا و ویستەکانیدا ئاوێتە ببێت و ببنە نوسەری ئەدەبی منداڵان؟
لەوانەیە خوێنەری بەڕێز ئەوە بەخەیاڵیدابێت، بە من بڵێ : ئەی تۆ بۆ ئەو کارەت نەکردوە؟ لە وەرامدا دەڵێم من ڕاستە دەیان وتار و بابەتم لەسەر پەروەردە نوسیوە، چەند کتێبێکیشم لەوبارەوە ھەیە، بەڵام وا بۆ ساڵێکە سەرنوسەری گۆڤارێکی پەروەردەیی و ئەدەبی منداڵانم، نامەوێ بیشارمەوە، کەم توانایی دارایی و نەھاتنە پێشەوەی ھھیچ کەس و لایەنێک ھۆکار بووە، بەڵام دواجار دوای ھەڵ و ماندوبون تەقەلایەکی زۆر ئەوەی مەبەستم بوو بەدیم ھێنا، بەم توانا دیاریکراوەی خۆم، ژمارە چواری گۆڤاری ھەرەوەزم تایبەتکرد بە ئەدەبی منداڵان وبەھرە و بەرھەمی خۆیان، ئەمە نە خود ئەڤینیە، نە خود بەپاڵەوانکردنە، بەڵام وابزانم بۆیەکەمجارە قەڵەمی نوسەرەکان بەشدار نەبن و ھەر منداڵان خۆیان پاڵەوانی ئەدەبەکەیانن لەم ژمارەیەی ھەرەوەزدا.
پێشتر ئاماژەم بە تاقیکردنەوە و شارەزاییدا، ئەوەی ئێمە کردمان ھیوادارم ببێتە تاقیکردنەوەیەکی باش و شارەزاکان و خەمخۆرانی بواری پەروەردە و ئەدەبی منداڵان قۆڵی دڵسۆزی لێھەڵبماڵن و بێنە پێش بۆ سەرپێخستنی ئەم ئەدەبە لەلایەن منداڵان خۆیانەوە.
مەرجنیە تەنھا گرنگی بە پرۆسەی فێربوون بدرێت لە ناو قوتابخانە و خوێندنگەکاندا بۆ منداڵان. ڕاھێنان و ئاراستەکردنیان بۆ خوێندنەوە، دەبێتە خاڵی وەرچەرخان بۆ ڕۆشنبیری نەتەوە لە ئایندەدا، ئەمەش بەوە دەبێت منداڵان بنوسن، بەتایبەت لە ئەدەبی منداڵاندا، ھەربۆیە (جۆرچ سانتانا) دەڵێ:(منداڵێک کە خوێندن و فێربوونی لە فێرگە سنووردار بێت، منداڵێکی نەخوێندەوارئەبێ).