دابڕان لە راستییەکان

بەها رەحمانی
  2026-03-09     221

وەڵامی کومیتەی رێبەری کۆمەڵەی کۆمۆنیستم بۆ چەند دۆستێکی کۆمەڵە خوێندەوە کە گۆیا داوایان کردبوو کە کۆمەڵەی کۆمۆنیست بچێتە ناو ئەو هاوپەیمانییەی کە شەش رێکخراوی کوردی رۆژهەڵاتی لەخۆ گرتووە.
وڵامی کۆمەڵەی کۆمۆنیست زۆر روون و ئاشکرایە و دەستخۆشیان لێئەکەم نە لەبەر ئەوەی کە بەدڵمە بەڵکو لەبەر ئەوەی جێگای هیچ شک و گومانێکی بۆ کەسانی دەرەوەی ئەم رێکخراوە نەهێشتووە کە:

١. ئەم ریکخراوە، نەک رێکخراوێکی کوردستانی بەڵکو بەشێکە لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و هاوپەیمانی سروشتی خۆی لەگەڵ بەناو "سەراسەری ئێران"دا ئەبێنێتەوە. واتە ئەمانە ئەیانهەوێت جارێکیتر بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان بکەنەوە پاشکۆی تاران و "نەجەف ئاباد" و "ئەبەرقو". ئەمە ئەو نەخۆشییەیە کە بەداخەوە چەپی رۆژهەڵات زیاتر لە پەنجا ساڵە پێوە ئەناڵێنێت و نەیتوانیوە لێی رزگار بێت

٢. ئەم ریكخراوە نایهەوێت خۆی لە سیاسەتی کردەوەیی بدات بۆ ئەوەی نەبنە هاوتەریبی سیاسەتەکانی ئەمریکا و ئیسراییل. پرسیار ئەوەیە مەگەر گواستنەوەی بارەگاکانی کۆمەڵە بۆ ناوچەکانی ژێردەست رژێمی ئێراق و هەبوونی نوێنەرایەتی لە بەغداو سلێمانی لە کاتی دەسەڵاتی بەعس، هاوڕابوون بوو لەگەڵ رژێمی ئێراق؟ ئەگەر وانەبوو ئەی بۆ ئەوە ئەوکات بڤە نەبوو بەڵام وەرگرتنی هاوکاری لە ئیسراییل و ئەمریکا ئەمڕۆ بڤەیە؟ ئایا ئێراقی ئەوکات شۆڕشگێر بو؟ یا نە، هەردوولا لە سەر بەرژەوەندییەکانی خۆیان ئەو پەیوەندییەیان دروست کردبوو؟

٣. دروستکردنی هاوپەیمانی بە واتای دروستکردنی رێکخراوێکی هاوبەشی سیاسی نییە کە هەمووان لە سەر هەموو شتێک تەبا بن و هەموو جیاوازییەکان بسڕێندرێتەوە بەڵکو رێککەوتنە لەسەر چەند شتێکی سەرەکی و بەس.  تێکەڵکردنی ئەو دووانە لەلایەن کۆمەڵەی کۆمۆنیستەوە، خۆ دزینەوەی ئاشکرای ئەم رێکخراوەیە لە وڵامدانەوە. ئەگینا ئەزانین ریکخراوێکی "ئێکوئانارشی" وەک "پژاک" هیچکات لە ئامانجەکانی لەگەڵ ریكخراوی وەک "خەبات" و "پاک" و.. یەک ناگرێتەوە.
 
٤. کەس لەم هاوپەیمانییە نوێیەدا باسی لە هاوپەیمانی لەگەڵ "پاشاخوازەکانی ئێران"  یا "موجاهیدینی خەڵک" نەکردووە. هەرچەند "حیزبی دێمۆکرات" لە سەرەتای هەشتاکان لەگەڵ "موجاهیدینی خەڵک" چووە "شۆرای بەرگری نەتەوەیی" و کۆمەڵەی شۆڕشگێر لە ساڵی ٢٠٢٣چوو لەگەڵ رەزا پەهلەوەی "مەنشووری مەهسای" واژۆکرد. بەڵام هەردوولا هەر زوو لەم سیاسەتەیاندا شکستیان خوارد و ناچار دەرچوون لەو رێکەوتنانە. بۆیە پێویستە کاری ئەو هاوپەیمانییە نوێیە لە ئێستاوە هەڵبسەنگێندرێت نەک ئەوەی هەر رێکخراوێک پێشتر لەگەڵ کێ بووە.

 ٥. هیچکات سیاسەتی رێکخراوێکی جیدی سیاسی لە سەر زانیاری میدیایی ناتوانرێت بونیات بنرێت. بەداخەوە کۆمەڵەی کۆمۆنیست بە پشت بەستن بە زانیارییەکانی "سی ئین ئن"ی ئەمریکی ئەیهەوێت وانیشان بدات ئەم هاوپەیمانییە نوێیە بەشێکە لە پلانی "سی ئای ئەی" بۆیە ئەوان بەشداری تێدا ناکەن و بەمجۆرە ناڕاستەوخۆ ئەو رێکخراوانە تۆمەتبار ئەکات بەوەی کە بە پێی پلان و نەخشەی "سی ئای ئەی" ئەجوڵێنەوە و لەلایەکی دیکەشەوە ئەمە بەکار ئەهێنێت بۆ ئەوەی رەخنە رەواکان لە بێکردەوەیی خۆی کەم بایەخ بکات.

٦. دیارە ئەمریکا و ئیسراییل ئەجێندای خۆیان لەم شەڕە پەیڕەو ئەکەن و ئەمەش شتێکی زۆر سروشتییە . ئەوان نە بۆ رزگاری خەڵکی ئێران ئەم  شەڕەیان دەست پێکردووە و نە هاتووشن بۆ رزگاری گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان. بۆیە هونەری رێکخراوێکی سیاسی ئەوەیە چۆن بتوانێت لەو بارودۆخە و ئەو دەرفەتەی کە هاتووەتە پێشەوە بۆ ئامانجەکانی خۆی و بزوتنەوەکەی کەڵک وەرگرێت.
کوردەکانی رۆژئاڤاش هەربەو چەشنە هەتا ئەمڕۆ چاویان لە هاوکارییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا کردووە. شەڕی داعش کوردەکانی رۆژئاواو ئەمریکای خستە بەرەیەکەوە و تەواو. هیچ لایەنێکیان بەڵێنێکی زیاتریان بەوی دیکەیان نەدابوو. ئەمەش رووی راستەقینەی سیاسەتە. لەوانەیە سبەی ترامپ لەگەڵ مەلاکان رێکبکەوێت و ئەوەی ئەمڕۆ بەڵێنی ئەدات سبەی لەبیری بکات. بۆیە سیاسەتی ژیرانە ئەوەیە کە لە دەرفەتەکان کەڵک وەربگیرێت بێ تۆشبوون بە ئەڤیندارییەکی ئیفلاتوونی لەگەڵ لایەنی بەرامبەر. بەڕای من کوردەکانی رۆژئاوا تا ئەو جێگایەی ئەمەیان پەیڕەو کردووە، سەرکەوتو بوون و لەو جێگایەی ئەمەیان لەبیرکردووە زەرەرومەن بوون. بۆیە تێکەڵکردنی پەیوەندییەکانی رۆژئاوا و ئەمریکا بەم هاوپەیمانییە نوێیەی رۆژهەڵات، بێجگە لە خۆدزینەوە لە وڵام دانەوە، شتێکی دیکە نییە.

٧. سیاسەت ئەبێت رەنگدانەوەی دونیای راستەقینە بیت. بەداخەوە سیاسەتی کۆمەڵەی کۆمۆنیست بەپێچەوانەوە، ترس و دڵەڕاوکێیە لە سیاسەتکردن لە دونیای دەرەوە.
ئەمریکا و ئیسراییل شەوو رۆژ لە پێگە سەربازییەکانی ئێران ئەدەن و دەستیشیان خۆش بێت. شەش رێکخراوی سیاسی کوردی رۆژهەڵاتیش بەرەیەکیان پێک هێناوە. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا لە دەرەوەی ئەو بەرەیە بوەستی و کەس گوێت بۆ نەگرێت باشترە یا ئەوەی بچیتە ناو ئەو بەرەیە بۆ کردنی سیاسەتی خۆت بە سیاسەتی گشتی؟
زۆربەی ئەو رێکخراوانە هێزی چەکداری خۆیان هەیەو ئەوەی خۆیان پێیان دروست بێت، ئەوە ئەکەن و لەوانەشە هەڵەی زۆر گەورە بکەن و تۆش لە دەرەوەی ئەوان شتێکی ئەوتۆت لەدەست نایەت. ئەگەر هات و ئەو هەڵانە ئەنجامی کارەساتباری بۆ بزوتنەوەی کوردستان لێ کەوتەوە، بە نەبوونی تۆ لەو بەرەیە ئاستی بەرپرسیارییەتیەکەت کەم نابێتەوە چونکو دەرفەتی ئەوەت هەبوو و ئەتتوانی لەو بڕیارانەدا کاریگەریت هەبێت بەڵام لەو دەرفەتە کەڵکت وەرنەگرت. لەهەمان کاتدا ئەم بەرەیە بەو واتایە نییە کە هەموو ئەو رێکخراوانە دەستیان لە ئامانجەکانی خۆیان هەڵگرتووە. بە پێچەوانەوە هەرکامەو هەوڵئەدات بە پێی توانای خۆی سیاسەتەکانی خۆی بکات بە سیاسەتی هەمووان و هیژموونی خۆی بسەپێنێت. کە وایە تۆ بۆ نایکەی؟  

بە کورتی وڵامەکانی کۆمەڵەی کۆمۆنیست دەرخەری هەموو راستییەکان نین. ئێ باشە چی لە پشتی ئەم هەڵوێستەی ئەوانەوەیە؟ ئەمە پرسیارێکە بۆ تۆی خوێنەر جێی ئە‌هێلم.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×