پرسی کوردو هۆشیاری نەتەوەیی

بەها رەحمانی
  2026-05-08     180

پرسی کورد پرسێکی مێژوویی و گەورەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دەیان ساڵە لە پارچە جیاکانی کوردستان لە باکور، باشور و لە رۆژهەڵات تا رۆژئاڤای کوردستان لە هەر تەنگژەیەکی سیاسی لەو ناوچەیە، کوردەکان هەلەکە ئەگوێزننەوە بۆوەی جارێکی دیکە دەست بدەنەوە خەبات بۆ دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەییەکانی خۆیان. بەڵام هەرجارەو بە هۆیەکەوە توشی نسکۆ و شکست ئەبنەوەو هەتا ئێستا بە مافە روواکانی خۆیان نەگەیشتتوون

لێکۆڵەران و مێژوونووسان ڕاو بۆچوونی جیاوازیان لە هۆکاری شکستەکانی ئەم راپەڕینانە هەیە بەڵام ئەوەی کە کەمتر باسی لێوەکراوە هۆشیاری نەتەوەییە لە ناو کوردەکان. هۆشیاری نەتەوەیی بریتییە لە:

- شوناسی هاوبەش، کە ئەکاتە هەستێک لەناو کۆمەڵێک مرۆڤ کە خۆیان بە بەشێک لە یەک نەتەوە ئەزانن. ئەمەش خۆی لە زمان، کولتۆرو مێژووی هاوبەشدا ئەبینێتەوە.

- وەفاداری، دڵسۆزی و گرنگیپێدان. واتە هاووڵاتی پرسە نەتەوەییەکان ئەخاتە پێش پرسی تاقم و گروپ، خێڵ و تیرەو رێکخراوەوە و هتد.

- هێماکان لەوانە ئاڵا، سروود و بەیتە کۆنەکان کە دەربڕی شانازیکردنە تاکە بە نەتەوەوە.

- پەروەردە و ڕاهێنان. واتە دەوری سەرکی سیستەمی پەروردە لە گشتگیرکردنی مێژوو و بەها هاوبەشەکان.

کاتێک لەم رووانگەوە چاو لە کۆمەڵگای کوردی ئەمڕۆ ئەکەیت، ئەبنیت کە بەشێکی زۆر لەو خاڵانەی سەرەوە کە پێناسەن بۆ هۆشیاری نەتەوەیی یا بوونی نییە یا ئەگەر هەشبێت زۆر لاواز و کەم رەنگە.

نەبوونی هۆشیاری نەتەوەیی لە کوردستان راستییەکی گشتگیرەو پەیوەست نییە بە رێچکەو بۆچوونێکی سیاسی تایبەت یا خود تایبەت نییە بە پارچە یا جۆگرافیاییەکی تایبەت لە کوردستان بەڵکو کەم تا زۆر لە هەموو پارچەکانی کوردستان چوون یەک وایە. لێرە چەند نموونەیەک باس ئەکەم بۆ سەلماندی ئەم بابەتە:

- بەشێک لە کوردەکان لە باشورو رۆژهەڵات شانازی بە ئێراقی یا ئێرانی بوونی خۆیانەوە ئەکەن یا لانی کەم خۆیان بەو ناوەوە پێناسە ئەکەن

- کەم نین ئەو کوردانەی کە دەیان ساڵە لە ئۆروپا ئەژین بەڵام هێشتا مناڵەکانیان ئەنێرنە فێرگەی زمانی نەتەوەی باڵادەست (فارسی، عەرەبی و تورکی) و زمانی فەرمیشیان لە کۆڕو کۆبوونەوەکانیان هێشتا زمانی نەتەوەی باڵادەستە.

گۆرانی و موزیکی عەرەبی، فارسی یا تورکی لە بۆنەکانیان جێگای گۆرانی و موزیکی کوردییان گرتووەتەوە. -

- لە شارێکی کوردستان زیاتر لە پێنج ملوێن دۆڵار بۆ هاوکاری "کەرتی غەزە" کۆئەکرێتەوە بەڵام لە هەمان شاردا، کچە تێکۆشەرێکی برینداری کورد، لە بەردەم نەخۆشخانەکانیدا گیان لەدەست ئەدا لەبەر ئەوەی ئەوان ئامادەنابن چارەسەری پزیشکی بۆ بکەن

- لە رێپێوان و چالاکییەکانی سەرشەقامەکانی دەرەوەی کوردستان، بەشێک لە کوردەکان هەتا ئێستا بە زمانی نەتەوەی داگیرکەر پەیام و وتەکانیان بڵاو ئەکەنەوە

 - پۆلیسی کورد لە باشوری کوردستان، لە کاتی لێکەوڵینەوە بە کوردی پارچەیەکی دیکە ئەڵێت کە "باس لە هاووڵاتی بوونی من و تۆ"، باسێکی شاعیرانەیەو ئێرە ئێراقەو تۆ هاووڵاتی من نیت.

- سیاسەتوانی کورد بە زانستی تەواو لەسەر کۆمەڵکوژییە مێژووییەکان وەک "کۆمەڵکوژی دەرسیم" و لەم دواییانەش "روبوسکی" لە باکور، هێشتا باس لە دامەزراندنەوەی سەرلە نوێی کۆماری نوێی تورکیا ئەکات، "تورکیا" واتە وڵاتی تورکان.

- هۆزە عەرەبەکانی سوری لە ناوچە هاوبەشەکان (کورد و عەرەب)، مرۆڤ بەس بە تاوانی کوردبون یا سەرئەبڕن یا بە زیندوویی ئەسوتێنن و کۆمەڵکوژی ئەکەن و لەبەرانبەردا سیاسەتوانی کورد "برایەتی گەلان" بە هێلی سوور" ئەزانێت.

- هەرساڵە هەزاران "تەوقی زێڕین" لە رەنگی ساڵی لەچکەکەی "ئامینەخانم"ی هاوسەری "ئەردۆگان" یا بە ژمارەی "١٣٥٧"ی ئێرانی لەمل کچی گەنجی کورد لە باشور ئەکەن

- پرس و هاوسۆزی بۆ خێڵ، تیرە، تایفە، شارو ناوچە زۆر بەهێزترە لە پرسە هاوبەشە نەتەوەییەکان لە کوردستان.

بە کورتی، سەرەڕای خەباتی دەیان ساڵە و خاوەنی چەندین شۆڕش دژبە داگیرکەر و قوربانی دانێکی زۆر، سەرەڕای ئەنفالەکان، کیمیابارانەکان، بێسەرو شوێن کردن و کۆمەڵکوژییەکان، هێشتا ئاستی هۆشیاری نەتەوەیی لەناو کۆمەڵگای کوردی نەگەیشتووەتە ئاستێک کە بتوانێت وەک "نەتەوەییەکی خاوەن سەروەری" دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی پێک بهێنێت.
بۆیە ناکرێت نەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان تەنیا بە خەیانەت و ناپاکی کردنی زلهێزەکان لێکبدرێتەوە بەڵکو پێویستە پێش هەمووشتێک بەربەستە ناوخۆییەکانی ناو کومەڵگای کوردی دەستنیشان بکرێن.

 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×