باران بارین لە تەواوی جیھاندا ھەواڵێکی خۆش و مژدەی نوێبوونەوەی سروشت و ژیانە، بەڵام لە شارەکانی ئێمەدا، کاتێک شەپۆلێکی بارانبارین دەست پێدەکات، دڵەکان دەکەونە لێدان و دڵەڕاوکێ سەراپای ھاووڵاتییان دەگرێتەوە. ئەو ئاوەی کە دەبێت سەرچاوەی ئاوەدانی و بژێوی بێت، بەھۆی کەمتەرخەمی و بێپلانیی درێژخایەنەوە، دەگۆڕێت بۆ کارەسات، تراژیدیا و مەرگی ھاووڵاتییانی بێتاوان.
خنکانی مرۆڤەکان لەناو شەقام و گەڕەکەکاندا ئەنجامی ڕاستەوخۆی پڕکردنەوەی ڕێڕەوە سروشتییەکانی ئاو، لاوازیی ژێرخانی شارەکان و نەبوونی دیدگایەکی زانستییە بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکان. لەبری ئەوەی باراناو ڕێڕەوی دیاریکراوی خۆی ھەبێت و ئاڕاستەی شوێنی گونجاو بکرێت، دەبێتە لافاوێکی وێرانکەر و ماڵەکان دەکاتە گۆڕستانی مرۆڤەکان، ئەوانەی کە ھەمیشە بێ جیاوازی لە تەمەن، تینووی ژیان بوون.
کاتی ئەوە ھاتووە لەم بازنە بەتاڵەی ماتەمینی بێینە دەرەوە و کارەساتی لافاو بگۆڕین بۆ دەرفەتێکی ستراتیژی. ڕێگەچارەی بنەڕەتیی ئەم قەیرانە لە داڕشتنەوەی ماستەرپلانی شارەکان و دروستکردنی بەشێوەیەکی فراوانی بەنداو و کۆگاکانی ئاودایە. بەنداو تەنھا کۆنکرێتێک نییە بۆ گلدانەوەی ئاو، بەڵکو قەڵغانێکی نیشتمانیی نەرمە کە لە لایەکەوە ڕێگری لە تراژیدیای مەرگ و لافاو دەکات، لە لایەکی تریشەوە ھێزێکی ڕاگرتن و بەرگریی بێدەنگ دەبەخشێتە ھەرێمەکەمان.
لە ھاوکێشەی ململانێ و ھێزی ئەمڕۆدا، گلدانەوەی ئاو و بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان، ھێندەی خاوەندارێتیی چەکی ئەتۆمی گرنگی و کێشی ستراتیژیی ھەیە. بەنداو ھێزێکی بەرگریی نەتەوەییە کە دەتوانێت ئاسایشی ئاو، ئاسایشی خۆراک و سەرچاوەی وزە لە ھەڕەشە دەرەکییەکان و قەیرانەکانی وشکەساڵی بپارێزێت. بەنداو چەکی مەرگ نییە، بەڵکو چەکی ڕاستەقینەی بەرگری، کۆڵەکەی مانەوە و ژیانبەخشینە بە خاکی کوردستان.
دەبێت بەپەلە ڕێڕەوە سروشتییەکان پاک بکرێنەوە، ژێرخانی ئاوەڕۆ نوژەن بکرێتەوە و وەبەرھێنانی جدی لە دروستکردنی بەنداوی زەبەلاحدا بکرێت، تاوەکو باران بگەڕێتەوە سەر شێوازە سروشتییەکەی خۆی کە نیعمەت و ژیانە، نەک ترس و مەرگ.