لەنێوان حەماقەت و زەلكاوی كوردایەتی و عێراقچێتیدا

د. سه‌عید عه‌لی محەمەد
  2024-02-26   

ئاشكرایە گەلی كورد لە باشووری كوردستان ماوەی دەیان ساڵە بەدەست جۆرەها زوڵم و ستەم و دەسەڵاتی سەقەت و، نادادیی لە دابەشكردنی سەروەت و سامانی ئەم نیشتمانەو، كپكردنی ئازادی ڕاستەقینەدا گیرۆدە بووە، ڕاستە دوای (33) ساڵ لە حوكمڕانی خۆماڵی و سەرەڕای ئەو سەروەت و سامان و داهاتە خەیاڵی و زەبەلاحەی پەروەردگار بەم نیشتمان و گەلەی بەخشیوە كەچی (33) ملیار دۆلار قەرز بەسەر شانی ئەم میللەتە بەش مەینەتەدا دراوە و تاكی كورد ئێستا هەموو خەم و خەون و ئاواتێكی تەنها بووەتە موچەو دابینكردنی ژیانی ڕۆژانە و هیچی تر! ڕاستە كوردستان ساڵانێكی دوورودرێژە بەدەست دەسەڵاتی حیزبی و ناوچەیی و بنەماڵەیی یەوە دەناڵێنێت و حكومەت لەرزۆكە و دام و دەزگاكانی نیمچە ئیفلیج كراون و جەماوەر هیچ جۆرە متمانەیەكی نەبەدەسەڵات و نە بەحیزب و نە بە ئۆپۆزسیۆن و نە بەهەڵبژاردن و نە بەگۆڕانكاری نەماوە! سەرەڕای داننان بەم هەموو ڕاستیانەدا ئێمە ئەگەر بەراوردێكی ووردو واقیعیانە لەنێوان بارودۆخ و دەسەڵات لە كوردستان و دەسەڵات لە بەغداو دام و دەزگاكانی و ئەو بارۆخەی عێراق و هاوڵاتیان تێیدا دەژین بكەین و، بمانەوێ بە ویژدان و بە ئینسافەوە و بێ لایەنانە بڕیار بدەین و دیمەنە ڕاستەقینەكە وەك خۆی پیشان جەماوەر بدەین، ئەوا دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە بە ڕاستی سەرەڕای ئەو هەموو تاڵاویانەی بەرۆكی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانیان گرتووە دەبینین جیاوازی نێوان كوردستان و بەغداو ناوچەكانی تری عێراق جیاوازی نێوان ئاسمان و ڕێسمانە و ئەوەی لە عێراقدا هەیە لە پێكهاتەی دەسەڵات و نوخبەی سیاسی و سروشت و جۆری بەڕێوەبردن و حوكمڕانی لە هیچ شوێنێكی تری دنیادا بوونی نیە مەگەر لەلای پڵنگەكانی تامیل لە سریلانكاو بەرەی پۆلیساریۆ لە بیابانی مەغریب و وڵاتی مەدەغەشقەرو مۆزەمبیق لە باشوری ڕۆژهەڵاتی ئەفریقیادا نەبێت!

دوای ڕووخانی سەدام عێراق بە چەندان دەردی سەری و قۆناغی تاڵدا تێپەڕیوە هەر لە تیرۆركردن و كوشتني سەدان پیاوی ئاینیی و زاناو پسپۆڕی ئەكادیمی گەورە و كەسایەتی ناوداری عێراقی، هەروەها هەڵگیرساندنی شەڕی تايیفی شیعە و سوننە و بوون بە سوتەمەنی دەیان هەزار كەس بەو شەڕە نەگریسەوە، بە هەدەردان و دیارنەمانی سەدەها ملیار دۆلار لە خەزێنەی گشتی و، پەیدابوونی دەیان هێزی چەكدارو میلیشا لە دەرەوەی هێزی چەكداری دەوڵەت و، ڕفاندن و بێ سەروشوێن كردنی سەدان كەسانی ناودارو بازرگان و مامۆستای زانكۆو كەسایەتی كۆمەڵایەتی و ئایینی و، هەڵتەكاندنی ژێرخانی ئابووری و وێران كردن و خاپووركردنی دەیان شارو شارۆچكە و ناوچەیەكی بەرفراوانی عێراق و، ئاواره بوونی سه دان هه زار هاوولاتی سوننه مه زهه ب بەهۆی شەڕی داعش و حكومەتی عێراقەوە ، ئەمانە دیمەنی عێراقی ساڵانی ڕابردووە!

عێراقی ئێستاش: حاڵی حازر تا بینە قاقای نوقمی گەندەڵی سیاسی و دارایی و ئابووری و ئیداری بووە و لە وەزیرەوە بگرە تا پاسەوان و فەرمانبەرێكی سادە تێوەگلاوە و عێراق بە سێهەمین وڵاتی گەندەڵی جیهان دادەنرێت! جگە لەوە هەزارەها پڕۆژەی خەیاڵی لە پایتەخت و شارەكانی تری عێراقدا كە بووجەیان بۆ تەرخان كراوە پارەكەیان دیار نەماوە و، پۆستی وەزیرو بریكارو بەڕێوبەرایەتیە گشتیەكان و تەنانەت هەندێ جار پۆستی سەرۆكی زانكۆو ڕاگری كۆلیژەكانیش لەلایەن بەرپرس و كەسانی دەست ڕۆشتوو نزیك لە باڵەكانی دەسەڵاتەوە كڕین و فرۆشتن و مامەڵە و سەودای سەدان دەفتەر دۆلاریان پێوە دەكرێ!

بە وتەی كەسانی نزیك لە دام و دەزگا ڕەسمییەكان و شارەزا و ئاگادار لە ووردەكاری ژیانی خێزانیی كۆمەڵگەی عێراقی، كۆمەڵگەی عێراقی لەڕووی ئەخلاقی و كۆمەڵایەتیەوە خەریكە ڕووبەڕووی مەترسی هەرەسهێنان دەبێتەوە و، بەهۆی نەبوونی هۆشیاریي و بێ باكی و خەمساردی دەوڵەت و دەزگا پەیوەندی دارەكانەوە شەپۆلێكی بەربڵاوی بەدڕەوشتی و ناپاكی خێزانی و مۆدێلی هاوسەر گۆڕینەوە بەشێوەیەكی مەترسیدارو پەنهانی و شاراوە لە پەرەسەندندایە! لەلایەكی تریشەوە هەزارەها مرۆڤی بێ تاوان چەندان ساڵە ڕاپێچی زیندانەكان كراون و نە دادگایی دەكرێن و دۆسیەكانیان یەكلایی دەكرێتەوە، یان ئەگەر دۆسیەكانیشیان یەكلایی بكرێتەوە ئاوا ئازاد ناكرێن هەتاوەكو چەند دەفتەر دۆلارێك بەرتیل لە خێزانەكانیان وەرنەگیرێت، یان هاوسەرەكانیان توشی گێچەڵ و دەست درێژی سێكسی دەكرێنەوە!

ئەگەر فەرمانبەرو هاوڵاتی لە كوردستان لە ئەنجامی هەژاری و بێ موچەیی و ستەم و نادادیدا دەكوڵێ و توڕەیە لە دەسەڵات و ئاوات بە بەغدا و ناوچەكانی تری عێراق ئەخوازێ ئەوا ئاساییە و گلەیی لێ ناكرێ و مافی خۆیەتی، چونكە ئەوە ئەوە قوربانیەكەیە و دوورو نزیكیش ئاگای لەم ڕاستیانە نیە كە باسمان كردن و ئێمە و هەموو كەسێكی بە ئاگاو بەویژدان بەڕوونی و بەچاوی خۆمان دەیبینین و دەیبیستین و بەڕۆژی ئاشكرا هەستیان پێ دەكەین.

بەڵام خۆ دەبێت ئەو كەس و لایەن و دەستە و تاقم و گردبوونەوانەی كە لێرە و لەوێ و لەژێر چەند ناونیشانی جۆراوجۆردا خۆیان بە خەمخۆرو دڵسۆزو دەمڕاستی فەرمانبەرو مامۆستاو موچەخۆر دەزانن هاوڵاتی نەگەوجێنن و باری دەروونی شێواو و ناجێگيری جەماوەر بۆ خۆدەرخستن و مەرامی تایبەت و ڕازی كردنی ئەملاو ئەولا نەقۆزنەوە و، بە ئەنقەست یان لە بێ ئاگایی و نەزانیەوە نەبنە كەرەستەیەك بۆ ناشیرین كردنی ئەم میللەت و نیشتمانە و لەكەداركردنی مێژووەكەی و سیما جوانەكانی و بەدێوەزمە كردنی ڕەمزە نیشتمانی و خەباتگێڕو كەڵە پیاوە گەورەكانی، كە بەڕاستی ئەمە جکه لەوه ی هه ست نەکردن بەبەربرسیاریتی و ساویلکەیی و لاوازی هوشیاری سیاسی ده کەیەنیت، سەرلیشیواوی و کارەساتیشەو و هیجیشی که متر نیە له و حەماقەت و زەلكاوی کوردایەتیە ی دەسەلات کە ئەوان باسی دەکەن، چونكە ئەگەر كوردستان بە دەردی دەسەڵاتەكەیەوە دەناڵێنێت ئەوا عێراق و دەسەڵاتەكەی و دامەزراوەكانی و كۆمەڵگەكەی بە دەیان دەردو ئافەتی كوشندەی ترەوە دەناڵێت كە چارەسەركردنیان لە قۆناغی ئێستادا ئەگەر خەونیش نەبێت ئەوا مەحاڵە!

جەماوەر مافی خۆیەتی لەچوارچێوەی (پاراستنی بەرژەوەندییە گشتیەكان و ئامانجە ستراتیجیەكان و نەبەزاندنی هێڵە سورەكان) هەر ڕێگاو ڕێكارو میكانیزمێكی سیاسی و دیموكراسی و عەقڵانی  کونجاو بگرێتە بەر بۆ ڕاست كردنەوەی ڕێڕەوی دەسەڵات و بەگژداچوونەوەی ستەم و نادادیی و سەندنەوەی مافە خوراوەكانی، بەڵام لە هەمان كاتدا دەبێت هۆشیارو بە ئاگا بێت و دیمەنە ڕاستەقینەكە بخوێنێتەوە و هەموو ڕاستیەكان ببینێ و بە ئاسانی یاری بە هەست و نەستی نەكرێت و، كێشە و قەیرانەكانی نەبنە بیانوو و ڕێخۆشكەر بۆ لە دەستدانی دەستكەوتە گەورەكان و بەدیهێنانی ئامانجە حیزبی و بەرژەوەندی و ئارەزووە كەسییەكان.

نایشارمەوە یەكێك لە ئەندام پەرلەمانە كوردە متمانە پێكراوەكان پێی ووتم: زۆرێك لەو ئەندام پەرلەمانە كوردانەی عێراق كە لەسەر شاشەی تیڤیەكان و كەناڵە ئاسمانیەكان خۆیان مكیاج ئەكەن و قسەی قەڵەو و زرق و باق بۆ جەماوەر دەكەن كاتێك هاوڵاتیەك كێشەیەكی هەیە و تەلەفۆنم بۆ دەكات یارمەتی بدەم و بۆی چارەسەر بكەم، پێم دەڵێن: چیت داوە لەسەر ئێشە و وەڵام مەدەرەوە و تەلەفۆنەكەت داخە، خۆ ئێمە دەسەڵاتی جێبەجێكار نین باخۆی چارەسەری كێشەی خۆی بكات.

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
بەها ئەعرەجی: نەوتی عێراق بە پارێزگاریی ئەمریکا لە ڕێگەی عومانەوە هەناردە دەکرێت و ئێران هاوکارمان نەبووە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×