سان ساراڤان
ئەگەر ژینگەی سلێمانی بەم شێوەیەی ئێستا تێکبدرێت و وەبەرهێنانی بێسنوور ڕێگەی پێ بدرێت و جێگای دیمەنە سروشتییەکان بگرێتەوە، کاریگەرییەکان تەنها لەدەستدانی سروشت نابن. تێکدانی دارستانەکان، زەوییە کشتوکاڵییەکان، سەرچاوەکانی ئاو و ئەو سیستەمە ژینگەییە سروشتییە، سەرچاوەی ژیانی خەڵک لاواز دەکات، بارودۆخی ئابووری خراپتر دەکات و ژیانی کۆمەڵگە خۆجێییەکان کلۆر دەکات. ئەمە پرۆسەیەکی قووڵی گۆڕینی شێوازی ژیان و داهاتووی شارە. کاتێک سروشت دەبێتە زەوی بۆ بیناسازی و وەبەرهێنان، ئەو سەرچاوەیەی کە خەڵک بۆ ژیان، کار، کشتوکاڵ، ئاوهەوا و تەندروستی، هەنگاو بە هەنگاو لاوازتر دەبێت.
کاتێک تێکچوونی ژینگە قووڵتر دەبێتەوە، نایەکسانی و هەژاریش زیاتر دەبن. لەناوبردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان و کەمبوونەوە و پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاو تەنها زیانێک بە سروشت و دۆخی ژینگەیی ناوچەکە ناگەیەنێت، بەڵکو ڕاستەوخۆ سەرچاوەکانی ژیانی خەڵک لاواز دەکات، خەرجیی ژیان بەرز دەکاتەوە، دەرفەتەکانی کار و بەرهەمهێنانی خەڵکی ناوخۆ سنووردار دەکات و لە کۆتاییدا دەتوانێت نایەکسانیی ئابووری و کۆمەڵایەتی قووڵتر بکات.
چونکە کاتێک خەڵک لە ڕووی ئابوورییەوە دەکەوێتە ژێر فشار و سەرچاوەکان لە دەستی کۆمەڵێک دەسەڵاتدار و بەرژەوەندیخواز کۆدەبنەوە، ترسی لەدەستدانی کار، ماڵ، زەوی یان سەرمایە زیاد دەبێت، ئەوا توانای ڕەخنەکردن و هەڵوێست وەرگرتنیش دەشێت لاواز تر ببێت. لەو کاتەدا، خۆبەدەستەوەدان و بێدەنگی دەتوانێت بە هێواشی ببێتە بەشێک لە کەلتووری سیاسی و کۆمەڵایەتیی شار.
بەڵام مەترسییەکە لەوەش قووڵترە، شار تەنها لە بینا و شەقام و پرۆژەکانی وەبەرهێنان پێک نایەت، شار لە مرۆڤ، پرۆسەی بیری ئازاد ، کەلتوور، یادەوەری، سروشت و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیش پێک دێت. ئەگەر بەردەوام شوێنە سروشتی و کلتوورییەکان لەناوببرێن و شوێنیان بە بیناسازی و وەبەرهێنان بگیرێتەوە، بە هێواشی ئەو تایبەتمەندییەی سلێمانی دەناسێنێت، دەکرێت لاواز ببێت.
ئەگەر خوێندەواران، توێژەران، پسپۆڕان و ڕۆشنبیرانیش ئەم گۆڕانکارییە گەورە و مەترسیدارانە بە ڕوونی نەبینن و درکی پێ نەکەن، یان هەڵوێستی جدی لە بەرامبەری ئەم گۆڕانکارییانە نەبێت ، ئەوا مەترسییەکە تەنها لە تێکچوونی ژینگەدا کورت نابێتەوە، بەڵکو بە هێواشی زەمینەی گونجاو بۆ ئازادیی بیر و ڕادەربڕینیش لەناو دەبات.
ئەمە دەتوانێت لە دەرئەنجامدا ئەوەی لێ بکەوێتەوە کە ئێستا بە شێوەیەکی ئاشکرا دەبینرێت، بەشێک لە ڕۆشنبیران و کەسانی خاوەن بیر و شارەزایی، لەبری ئەوەی ڕەخنە بگرن و هەڵوێست وەربگرن، بە هێواشی تێپەڕ دەبن و خۆیان لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە دەگونجێنن کە لە ناو شاردا ڕوو دەدات، تا دەگات بەوەی خۆبەدەستەوەدان و تەسلیمبوون بە هێزە پاوانخواز و دەسەڵاتخوازەکان ببێتە شتێکی ئاسایی.
دروستکردنی ڤێلا و باخ، یان هەڵهاتن بۆ ژیانی دەرەوەی شار، بە تەنیا چارەسەر نییە. چونکە کێشەکە تەنها ئەوە نییە کە مرۆڤ شوێنێکی سەوز و ئارام بۆ ژیان بدۆزێتەوە، کێشەکە بریتییە لەوەی چ جۆرە شار و کۆمەڵگەیەک بۆ نەوەکانی داهاتوو بەجێدەهێڵین چونکە کێشەکە چارەسەر نەکراوە، تەنها کێشەکە بۆ شوێنێکی تر گواستراوەتەوە. پاراستنی ژینگە، پاراستنی ئازادیی بیرکردنەوە و ڕادەربڕین و پاراستنی جۆراوجۆریی کۆمەڵایەتی و کلتووری، هەمووی بەشێکن لە پاراستنی داهاتووی سلێمانی.
لەو ڕوانگەیەوە، تێکدانی ژینگە تەنها لەدەستدانی سروشت نییە، بەڵکو دەتوانێت ببێتە هۆکاری هەژاری، پەرتەوازەیی، دابەزینی کۆمەڵایەتی، و بەهێواشی لەدەستدانی سەرمایەی مرۆیی و ناسنامەی سلێمانی.