سنۆبه‌ره سوتاوه‌كان
شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د
2020-09-18   1424
ماوه‌یه‌كی زۆر بوو له‌به‌ر كۆرۆنا نه‌چوبوومه ڕێگای تاسلوجه (ڕاپه‌رین) نزیكه‌ی سێ هه‌فته له‌مه‌وبه‌ر به‌وێدا تێپه‌ریم و بینیم هه‌ندێك له‌دارسنۆبه‌ره‌كانی ئه‌و ڕێگایه به شێوازێكی زۆر نائاسایی ووشك بوو بوون ..!!
بینینی ئەو دارسنۆبه‌رانە بەو شێوەیە زۆر نیگه‌رانی كردم چونكه ئه‌و دارسنۆبه‌رانه نه‌مامی تازه چێنراو نه‌بوون تا وه‌كو له بێ ئاویدا وشك بوو بێتن..!! و ئه‌و دارستانانه‌ش دارستانێك نیه كه (ئەو کەسانەی نێرگەلە دەکێشن) لێی كۆببنه‌وه و وه‌ك بیانوویه‌ك بۆ سووتانی دارسنۆبه‌ره‌كانی بناری گۆیژه پێمان بووترێ كه به‌خه‌ڵۆزی نێرگه‌له سووتاوه …!!!
یه‌كه‌م كاری كه كردم هانام بۆ داواكاری گشتی برد ... له كاتێكدا كه ئێستا سه‌رقاڵی به‌دوواداچوون و لێكۆڵینه‌وه و دۆزینه‌وه‌ی بكه‌رانی ئه‌و كاره قێزه‌ونەن ، ئه‌بینین كه سلێمانی فرۆشان كه‌وتونه‌ته په‌له‌قاژه و بەڕۆژی رووناک و به به‌رچاوی خه‌ڵكی شاره‌وه ده‌ستیان كردووه به سوتاندنی ئەو دار سنۆبەرانەی كه له‌به‌شی یه‌كه‌می ئۆپه‌راسیۆنی ( بای بای سنۆبه‌ره‌كانی شار) نه‌جاتیان بوو بوو..!!
ڕاسته شاره‌وانی چه‌ندین جار دڵنیایی داوه كه هیج پرۆژه‌یه‌ك له ئارادا نیه لەسەر ئه‌و زه‌ویانه به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه پێشتر ئه‌و فلیمه‌مان بینیووه و ئه‌زانین چاوچنۆكان چۆن ئاماده‌كاری بۆ پرۆژه‌كانی داهاتوویان ئه‌كه‌ن (هەوڵدان بۆ ڕوخاندنی گەڕەکی شێخان و کارگەی جگەرەی سلێمانی و ئەمنە سوورەکە و چەندین شوێنی‌تر) باشترین نموونەن و دەبێت دەرسییان لێوەربگرین ، بۆیه پێویسته له‌سه‌ر شاره‌وانی كه بریاری دروست كردنی پرۆژه له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و زه‌ویانه‌ی كه چ به‌هۆی كاره‌ساتی سروشتی و چ به قودره‌تی قادر ئه‌سوتێن هه‌تاهه‌یه قه‌ده‌غه بكات ..
ئێمه‌ش وه‌ك دڵسۆزانی شار ئه‌ركی سه‌رشانمانه كه له باتی هه‌ر سنۆبه‌رێكی سوتاو دوو سنۆبه‌ری له ته‌نیشت بڕوێنین و نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ش له‌ئێستا و ئاینده‌شدا هه‌ر پرۆژه‌یه‌ك كه له‌شوێنی سنۆبه‌ره سوتاوه‌كان دروست كرا ئه‌وا به‌ده‌ردی سنۆبه‌رەكانی ببه‌ین ...!!