فرسه‌ت سۆفی‌و هۆلۆ دۆمۆر

لەتیف فاتیح فەرەج
  2020-05-29     635
سه‌یركه‌ برا به‌ر له‌وه‌ی پارێزگار بیت، مامۆستای زانكۆو كوڕی فه‌قیریش بووی، واته‌ ده‌بێت زۆر ئاگاداری بارو دۆخی خه‌ڵك بیت، ئه‌وه‌شم بینی كه‌ له‌ره‌مه‌زاندا سه‌ردانی ماڵه‌ هه‌ژارانت ده‌كرد، من نازانم ئێوه‌ چۆن له‌سه‌قامگیری و ئاسایش تێگه‌یشتون، خوداوه‌ند له‌ قورئاندا بۆ ته‌ناهی باسی "پێدانی قوت و پاراستن له‌ مه‌ترسی" ده‌كات، تۆ خۆیشت ده‌ڵێین برسێتی هیچی له‌ كۆرۆنا كه‌متر نیه‌، به‌ڵام تۆ ده‌زانی پایته‌خته‌كه‌ت و وڵاته‌كه‌ت به‌ گشتی چه‌ند ین خێزانی تیایه‌ كه‌ له‌ خوار هێڵی هه‌ژاریه‌وه‌ن، ده‌زانی هۆكاره‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ی ئه‌و هه‌ژاریه‌ چین، باسی سه‌قامگیری ده‌كه‌یت، تۆ مامۆستابوویبیرته‌ چۆن به‌ شه‌ق له‌مامۆستاكه‌یاندا، ئێستاش وێنه‌و گرته‌كه‌ی ئازارمان ده‌دات.

رووبه‌ڕووی ئه‌وانه‌ به‌ره‌وه‌ كه‌ نیشتمانیان به‌م رۆژه‌ گه‌یاند، سه‌قامگیری تێكدان به‌ خۆپیشاندان و داوای ماف تێكناچێت، ئه‌سڵ ئه‌وه‌یه‌ ده‌سه‌ڵات هۆكاری تێكچوونی سه‌قامگیریه‌، ده‌سه‌ڵاتێكی خراپ و گه‌نده‌ڵ و نه‌بان ، ئێوه‌ بۆ كه‌ باسی قوت و ماف و ژیانی شایسته‌ ده‌كرێت له‌ زمانی هه‌ڕه‌شه‌ زیاتر شك نابه‌ن، گه‌لۆ یانی چی 34 كونسڵخانه‌و نوێنه‌رایه‌تی وڵاتان له‌هه‌ولێره‌ خۆ ئه‌وان له‌ به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌دانین و به‌شێكیش نیه‌ له‌دامو ده‌زگاكانی حكومه‌ت، خۆ به‌غداو تاران و وڵاتانی دیكه‌ زۆر له‌و ژماره‌یه‌ زیاتر باڵیۆزخانه‌و كونسڵیه‌و نوێنه‌رایه‌تی تیایه‌و خۆپیشاندانیش ده‌كرێت و دنیاش ئاخر نابێت.

پاراستنی هه‌ولێر به‌وه‌ نابێ‌ هه‌ڕه‌شه‌ بكرێت، پاراستنی هه‌ولێر به‌دادگه‌ری و موچه‌و ژیانی شایسته‌ ده‌بێت، له‌له‌نده‌ن و پاریسیش خۆپیشاندان ده‌كرێت و كه‌سیش به‌خه‌ڵك ناڵێ‌ روبه‌ڕوتان ده‌بینه‌وه‌، ئه‌ركی تۆ وه‌ك پارێزگار خاوه‌ندارێتی كردنه‌ له‌خه‌ڵكه‌كه‌، نه‌ك له‌ پایه‌كانی ده‌سه‌ڵات و كورسیه‌كه‌ی خۆت، ئه‌مڕۆ له‌ كوردستان و هه‌ولێر سیاسه‌تی هۆلۆدۆمۆر پیاده‌ ده‌كرێت و هه‌ژارانیش له‌هه‌موو كه‌س زیاتر باجه‌كه‌ی ده‌ده‌ن، ئاخر ئه‌وه‌تا رۆژانه‌ وه‌زاره‌ته‌كانی ناوخۆو ته‌ندروستی رێنمایی و هه‌ڕه‌شه‌ ده‌رده‌كه‌ن و به‌ زۆر خه‌ڵكی نه‌داری پێوه‌ پابه‌ند ده‌كه‌ن، كێ‌ سواری پاس و ته‌كسی ده‌بێت هه‌ڵبه‌ت نه‌داره‌كان، ئه‌وانه‌ی سه‌یاره‌یان نیه‌، خێره‌ داوا له‌سایه‌قی ئه‌وانه‌ ده‌كرێت رێ‌ نه‌ده‌ن بێ‌ ده‌مامك خه‌ڵك سه‌ربكه‌وێت و ده‌مامك و ده‌سكێشیش به‌ خۆڕای بۆ خه‌ڵك دابین نه‌كرێت.

ژیانی خه‌ڵك باش بكه‌ن، دڵنیابن خه‌ڵكه‌ هه‌ژارو ساده‌كه‌ له‌سه‌رانی حزبه‌كان و ده‌سه‌ڵاتداران زیاتر نیشتمانیان خۆش ده‌وێت ، ئه‌وه‌ ئه‌وانن بۆ نیشتمان ده‌مرن، نه‌ك به‌رپرس و ده‌سه‌ڵاتداران كه‌ زۆربه‌یان نیشتمان ده‌دۆشن، ژیانی خه‌ڵك چاكبكه‌ن و موچه‌و خزمه‌تگوزاری دابین بكه‌ن كه‌س هه‌ڕه‌شه‌ی نه‌كردووه‌، سه‌یری كه‌ژاوه‌ی ئۆتۆمبیلی به‌رپرسان و عه‌ره‌بانه‌ی كاسبكارانی ئیسكان و شێخه‌ڵڵا بكه‌و جیاوازیه‌كه‌ ببینه‌، سه‌یری هه‌ولێری به‌رپرسان و هه‌ولێری هه‌ژاران بكه‌و جیاوازیه‌كه‌ ببینه‌ ، ئاگات لێبوو میرانی چۆن وه‌ڵامی ژنه‌كه‌ی دهۆكی دایه‌وه‌.

كۆشكی بلورینت خوێندوه‌ته‌وه‌، به‌هیوام خوێندبێتته‌وه‌، بیرت نه‌چێت ئاسایشی هه‌ولێرو كوردستانیش به‌نده‌ به‌ دادگه‌ری و خۆشگوزه‌رانی خه‌ڵكه‌كه‌یه‌وه‌، ده‌نا زۆر دوور نیه‌ دوو مناڵ به‌ده‌مانچه‌یه‌كی توركی هه‌رزان به‌هاوه‌ به‌ره‌به‌یانێك ته‌لاری پارێزگا كۆنترۆڵ بكه‌ن.
زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×