وەڵامێک بۆ ھیڤیدار ئەحمەد
ئەڵێ (گەرمەی خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوبات بوو، یادی دامەزراندنی حزبی سۆسیالست بوو)، لە کاتێکدا یادی دامەزراندنی ئەو حزبە ٨ی ئابە ، بەڵام نازانم کاک ھێڤیدار چۆن ئەو دوو مێژوە جیاوازەی بەیەکەوە گرێداوە؟ بۆ رونی نەکردۆتەوە چۆن روداوێک لەچلەی زستان و قرچەی ھاوین بەیەکەوە روو ئەدات؟! بەڵام پێدەچێ ویستبێتی گێڕانەوەی حەکایەتێک -کە تیایدا تووشی ھەڵە بووە- بکات بە دەروازەی بابەتێک بۆ ئەوەی بڵێ گوایە د.بەرھەم ساڵح (دەرگا نەماوە لێینەدات کە چۆن کارێک بکرێت ھەولێر دەرگای خۆی بەروودا بکاتەوە).
من زۆر لە نزیکەوە ئاگادارم د.بەرھەم ھیچ کەسێکی بۆ ئەو مەبەستە رانەسپاردووە، ئەوەی واش خۆی ناساندبێت پەیوەندی بە د.بەرھەم-ەوە نییەو لە درۆو ماستاو و بازرگانیەکی ھەرزان بەھا بەولاوە شتێکی تر نییە، ئەمە بەو مانایەش نییە کە د.بەرھەم خوازیاری کۆتاییھێنانی ناکۆکی و کێشەکانی ناوخۆی کوردستان نەبێت.
بەھۆی ئەوەی ناوی منیش له وتارهکهدا ھاتووە، ئەمەوێت بە راشکاوی بڵێم، کە د.بەرھەم رێز و پێزانینی بۆ پێگە و رۆڵی بەڕێز کاک مەسعود بارزانی ھەبوەو ھەیە، بەراشکاویش ئەڵێم، بەڵێ جهنابی کاک مهسعود ھاوکاری کابینەی شەشەم بووە، بێگومان ئەوەش یەکێکە لەو ھۆکارانەی کەدوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆمار و لێکهوتهکانیشی، سهرهڕای ئەو رۆڵە بەرچاوەی ئێستاش لە سەر گۆڕەپانی عیراق و ناوچەکە ئەیبینێت، کاک بهرههم ھەوڵی ئەوەی نەدا ئەمانە بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکیە ناوخۆییەکانی کوردستان بەکاربھێنێت، بەڵکو خوازیاری ئەوەیە بیکات بە کەرەستەی چارەسەری کێشەکان.
وەک زانراویشە سەرۆک کۆمار لەسەر ھاتن و نەھاتن بۆ ھەولێر پەکی نەکەوتووە، داخستنی دەرگاکانی ھەولێریش نەک ھەر فەخر نییە، مەگەر پەرلەمانتارێکی وەک ھێڤیدار شانازی پێوە بکات، ئەگینا بڕوا ناکەم پارتی دیموکراتی کوردستان و خودی کاک مەسعود بارزانیش ھەڵوێستی لەو جۆرەیان ھەبێت. ئەم ساتەوەختە ھەستیارەش کە کوردستان و عێراق و رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی پێدا ئەڕوات، ئەو بەرپرسیارێتییە ئەخاتە ئەستۆی یەکێتی و پارتی و ھەموو ئەوانی تر کە بە وریایی و دوور لە رق و کینەی حزبی و بەرژەوەندی بچووک مامەڵە بکەن .
ئەوەی جێگەی پرسیارە و سەیریشە بۆ پەرلەمانتارێک لەبری کار و ئەرکەکانی، لەبری مشوری موچە وچارەسەرکردنی پاشەکەوتکردنی موچە، بێنەوتی و خراپی گوزەرانی خەڵک ، ھێندە بێ ئیش بێت بپرژێتە سەر ئەوەی خەمی ھەڵبەستنی چیرۆک و لێکدانەوەی ناڕاستی بێت!
بۆ وای لێبێت میوانداریکردنێک گەر بۆ قاوەیەکیش بێت بکرێتە بەھانەی بێرێزی کردن که وا له سیاسی و بڕیار بهدهستهکان بکات توخنی رۆژنامهنوسان نهکهون؟! له چ سۆنگهو پهروهردهیهکی سیاسی بهو زمانه قسه لهبارهی کهسێک ئهکرێت که ئێستا سەرۆک کۆماری عیراقە و جێگری سکرتێری گشتی ئهو حزبهشه که پارتی بڕیاره حکومهتی لهگهڵ دروست بکات؟ لەڕاستیدا من بۆ خۆم چاوەڕێی ئەو زمانە نەبووم لە ھیڤیدار، ھەموو کەس مافی رەخنەو لێکدانەوەی تایبەتی خۆی ھەیە، بەڵام بە زمانێک کە نەچێتە سنوری بێرێزی و کەم سەیرکردنی بەرامبەر کە کاک مەسعود لەھەموو کەس زیاتر سەرکۆنەی ئەو زمان و ستایلهی کردوە.
ئەو جموجۆڵە گەرمەی کۆشکی سەلامیش لە بەغدا وەڵامی ئەوەی داوەتەوە کە پێگە و رۆڵی د.بەرھەم چەند و چۆنە، خۆ ئاراستەی رووداوەکانیش دەتوانن لەداھاتودا زیاتر ھەندێ پرس روون بکەنەوە.