میدیای کوردی پێویستی بە 'رۆژنامەوان' ھەیە نەک 'چالاکوان'

د. هەتاو حەمەساڵح
  2021-04-23     376
بەبۆنەی رۆژی رۆژنامەگەری کوردییەوە بە گرنگی دەزانم دیاردەیەکی نا تەندروست و نەخوازراوی بواری رۆژنامەگەری کوردی بخەمەروو کە کاریگەری راستوخۆی لەسەر بوارەکە ھەیە و بە گرفتێکی سەرەکی میدیای کوردی دادەنرێت.
لەم بابەتەدا باس لە رۆژنامەوان دەکەین، ئاشکرایە لە پرۆسەی میونیکەشندا و لە میدیادا بە گشتی نێرەر (Sender) رۆڵێکی سەرەکی دەبینێت و دروستکەر و پێکھێنەری پەیامە، فۆکەسی گشتی بینەرو جەماوەری لەسەر رۆژنامەوان دەبێت.
لەم بابەتەدا جۆرەکانی رۆژنامەوان دەخەینەروو، بەگشتی پۆلێن دەکرێت بۆ ٦ جۆر، تەنھا یەکێک لەو شەش جۆرە پێناسەی راستەقینەی رۆژنامەوان دەیگرێتەوە، ئەوانی دیکە ھیچ خزمەت بە بوارەکە ناکەن بەڵکو بەپێچەوانەوە دەبنە گرفت بۆ میدیا.  
رۆژنامەوانی چالاکوان 
رۆژنامەوانی راوکەر 
رۆژنامەوانی ھاورێ
رۆژنامەوانی حزبی
رۆژنامەوانی بەرژەوەندخواز
رۆژنامەوانی راستەقینەی تەواو 

رۆژنامەوانی چالاکوان 

 جۆری یەکەم لە رۆژنامەوان ئەوانەن وەک چالاکوانێک دەردەکەون و لە پێناو دۆزێکدا کار دەکەن، ئەمانەش بە شێوەیەکی سەرەکی ناتوانن بابەتییانە بیر بکەنەوە چونکە بەشێوەیەکی گشتی پشتگیری کەسانی سیاسیی ھاوپشتی دۆزەکەیان دەکەن و بەپێچەوانەشەوە لەگەڵ ئەو کەسانەی کەھاوتەریب نین وەک دژ دەوەستنەوە. ئەم جۆرە لە رۆژنامەوان ھەمان ھەڵسوکەوتی سیاسییەکان دەکەن، واتە لە بری ئەوەی روماڵی چیرۆکێکی رۆژنامەوانی بکەن خۆیان دەبنە پاڵەوانی چیرۆکەکەو دەیانەوێت سەرنجی خەڵکی بۆ لای خۆیان رابکێشن. کەواتە ئەگەر پرسیارێک بێتە ئاراوە، ئایا دەشێت رۆژنامەوان چالاکوانیش بێت یا چالاکوان رۆژنامەوان بێت؟ لە راستیدا لە بنەماکانی کاری رۆژنامەوانیدا ئەمە بابەتە کاریگەریی نەرێنی بۆ کاری رۆژنامەوانی دەبێت چونکە لایەنگیری لێبەدیدەکرێت و، کاریگەری لەسەر بێلاینی رۆژنامەوان ھەیە.


رۆژنامەوانی ڕاوکەر 


ئەم جۆرە لە رۆژنامەوان ئەوانەن بەشیوەیەکی بەردەوام بە شوێن سیاسییەکانەوەن چاودێری ھەموو جووڵە ھەڵسوکەوتێکیان دەکەن و کۆڵنادەن تاوەکو بابەتێک رۆژنامەوانیی یان ھەواڵێکیان دەستدەکەوێت. ئەم جۆرە رۆژنامەنوسانە زانیارییەکانیان جێی پرسیارن چونکە سەرچاوەی ھەواڵەکانیان بەپێوەری رۆژنامەوانی راست نییە چونکە بەشێوەی لابەلا وەرگیراوە. ئەمانەش لە ئەوروپا و ھەموو جیھاندا نمونەیان زۆرە و لەم چەند ساڵەی رابوردوودا لە کوردستانیش ژمارەیان زۆر بووە، ژماری ھەواڵی ناراست رێژەیان لە بەرزبوونەوەدایە. 


رۆژنامەوانی ھاورێ


ئەم جۆرە رۆژنامەوان ھاورێیەتی نزیکیان لەگەڵ سیاسیی ھەیە و بەزۆری متمانەی بەھەڵوێست و کاری کۆمەلێک لایەن و سیاسییەکان ھەیە، بەمجۆرە زۆر بەکەمی دەبینرێت رەخنەی لە کارەکانیان ھەبێت، کەواتە لە بری ئەوەی ببێتە پارێزەری ھاوڵاتی دەبێتە پارێزەری سیاسییەکان، میدیا دەخاتە خزمەتی ئەوان بۆ باسکردن و وەسفکردنی ئەجێندا و کارەکانی دەسەڵات و سیاسەت، ئەمەش بەتەواوی پێچەوانەی ئەجێندای میدیایە، لێرەدا میدیا تەنھا دەبێتە ئامرازێک بۆ خزمەتکردن بە دەسەڵات و سیاسییەکان ئەوان دەتوانن بە ویستی خۆیان یاری پێبکەن.


رۆژنامەوانی حزبی


ئەم جۆرە لە رۆژنامەوان لەوانەیە ھەر سەرەتای کاریانەوە خۆیان یەکلاکردبێتە و بۆ جۆرێک کاری تایبەت کە بریتییە لە خزمەتکردنی سیاسەت و حیزبێکی دیاریکراو، تەنھا ئەوە پەخشدەکەن کە سیاسییەکان دەیانەوێت. لە راستیدا ئەمانە رۆژنامەوان نین بەڵکو پێیان بوترێت ھەڵسوڕاوانی پەیوەندییە گشتییەکانی حیزب، چونکە بانگەشە بۆ حیزبێکی دیاریکراو دەکەن و پرنسیپەکانی کاری رۆژنامەوانی ئەوان ناگرێتەوە.


رۆژنامەوانی بەرژەوەندخواز


ئەم جۆرە لە رۆژنامەوان بە شێوەیەکی لاستیکی کاردەکات لە کوێدا بەرژەوەندی ھەبوو مایکەکەی یان قەڵەمەکەی بەرەو ئەوی رادەکێشێت. بەرپرسیارێتی رۆژنامەوانی ھەڵناگرێت و لەگەڵ سیاسییەکاندا ھاوپەیمانی ھەیە، کار بۆ قازانجی خوود و زەرەرمەندی ھاوڵاتیان دەکات. ئەم جۆرە لە رۆژنامەوان بەسەر پیشەکەیەوە ھەمیشە دەخوات، ھاورێیەتی لەگەڵ ھەموو حیزبێکدا یان سیاسییەکدا خۆشە، ھەر رۆژەی لەگەڵ لایەکدایە و لە کوێ زیاتر وەربگرێت کار بۆ ئەوان دەکات.


رۆژنامەوانی راستەقینەی تەواو 


ئەم جۆرەیان لە رۆژنامەوان ئازادە و سەر بەھیچ حیزبێک و کەسانێک نیە، ناتوانرێت بەکاربھێنرێت یان بکڕدرێت لەلایەن حیزب و دەسەڵاتدارانەوە. ئەو بە پەرۆشە بۆ گەیاندنی راستی دەیەوێت ھەموو بیرورا جیاوازەکان ھەبێت، بەشێوەیەکی بابەتییانە کاردەکات و ڕاو نوسینەکانی بەلای ھەموو کەسێکەوە گرنگە، ئامادەیە قسە لەسەر ھەموو مەسەلەکان بکات واتە لەژێر ھیچ فشارێکدا نیە، وێنەیەکی تەواوی بابەت و دۆزە گشتییەکان دەخاتە روو. ھیچ کەس بە پیرۆز دانانێت و بەشوێن ھەڵەکانیدا دەروات. رۆژنامەوانی راستەقینە ئەوەیە کەراستەقینەی تەواو دەخاتەروو.

ماوە بڵێین، لە لێکدانەوەی ئەم جۆرە جیاوانەی رۆژنامەواندا کە ئاماژەمانپێدا، رۆژنامەوانی کورد لەکوێدایە؟ 
لە کوردستاندا پەروەردەکردنی حیزبی لە کوردستاندا کاریگەرییەکی گەوەری کردووەتە سەر کاری رۆژنامەوانی چونکە بە شێوەیکی گشتی رۆژنامەوانان لینکێکیان لەگەڵ حیزبێکندا ھەیە و زۆر بە ئاستەم دەتوانن لێی رزگارببن.
کاتێک شەپۆلی دیمکراسی کاتێک رووی لە وڵاتانی عەرەبی و رۆژھەڵاتی ناوەراست کرد دیاردەی تێکەڵکردنی کاری رۆژنامەوانی و سیاسیی زیاتر زەقبوویەوە، زۆرێک لە رۆژنامەوانان ناووناوبانگیان قۆستەوە بۆ رۆشتنە ناو سیاسەت و بە پێچەوانەشەوە ھەندێک لە سیاستمەداران بوونە خاوەنی میدیا و وەک ئامرازێک بۆ قازانجی خوددی بەکاریدەھێنن ، بۆ ئەم مەبەستەش  چەندین رۆژنامەوانی بەتوانایان خستە ژێر رکێفی خۆیانەوە بۆ پەردەپۆش کردنی کارە نایاساییەکانیان وسپێکردنەوەی روویان. ھەندێک لە شارەزایانی بواری سیاسی دەڵێن بەھاری عەرەبی بوویە نەفرەتیەک بۆ وڵاتانی ناوچەکە چونکە دەسەلاتداران بە ناوی دیمکراسییەوە ھەمان کاری پێشوو ئەنجامدەدەن، ئەم دیادەیەش عێراق و کوردسستانیش دەگرێتەوە، چونکە شێوەیەکی گشتی ھەڵگری ھەمان کلتور باکگراوندی سیاسیین.

دیارە لە ولاتانی تازە دیمکراسیدا یان جیھانی سێدا، زۆرجار دەبینین رۆژنامەوان لە پاش ماوەیەک دەبێتە سیاسیی و بە پێچەوانەوە وەک رۆژانە  دەبینین زۆر بە ئاسانی ئەم دوو توێژە جێگاکانیان ئالوگۆر دەکەن یان لە یەک کاتتدا ھەردوو کارەکە دەکەن، ئەمەش لە راستیدا دیاردەیەکی پارادۆکسی کۆمەڵگەی نادیمکراسییە کە بەناوی دیمکراسییەوە دەیانەوێت خەڵکی چەواشە دەکەن، لە وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەرستدا تەنھا ھەندێ لە دیاردەکانی دیمکراسی جێبەجێ دەکرێت ئەویش بەشیوازێکی ناتەواو، بۆ نمونە دەزگا ھەستیارەکانی وڵات بەدەست ئەندامانی حیزبێکی تایبەتەوە دەمێنێتەوە، بە ئاسانی ھەڵبژاردنەکان تەزویر دەکرێت، دەسەڵاتەکانی تەنفیزی و دادەوەری و تەشریعی ناتوانرێت سەربەخۆیی کۆنترۆڵ دەکرێت و شێوەیەکی گشتی ئەوانیش بۆ خزمەتی کەسانی باڵادەست و حیزبی بەکاردەھێنرێت.

بە پێچەوانەوە لە ولاتانی پێشکەوتودا کاری رۆژنامەوان ھیچ لە سیاسی کەمتر نین، بگرە لە زۆر کاتتدا تەنانەت لە رووی مادییشەوە، ئەوان زیارتر وەردەگرن، لەبەرئەوە ھیچ پێویستیان بەوە نییە کە ببنە سیایسی یان خۆیان نزیک بکەنەوە لە سیاسییەک بۆ دەسکەوتیکی مادی و بەرژوەندیەکی تایبەت. ئەوەی لە وڵاتە پێشەکەوتووەکاندا دەبینرێت ئەوەیە کە سیاسییەکان دەیانەوێت پەیوەندی لەگەل رۆژنامەوانی خۆشبکەن چونکە لە میدیا دەترسن. ھەموو ئەوە دەزانین کە ناپلیۆن پێش چەند سەدەیەک باسی لەترسناکی جیرەی قەڵەمی رۆژنامەنوسێک دەکات. لە راستیدا کاتێک سیاسییەک بانگھێشت دەکرێت بۆ چاوپێکەوتنێکی میدیایی پێویستە بترسیت ھەر وەک چۆن کاتێک بۆ پەرلەمانێکی راستەقینە بانگھێشت دەکرێت  بۆ لێپرسینەوە، نەک وەک ئەوەی ئێستا ھەیە بەخۆشحاڵییەوە بۆ کەناڵەکە بروات چونکە سیاسییەکە دڵنیا لەوەی کە رۆژنامەوانەکە ھیچ ئیحراجییەکی بۆ درووست ناکات و خاتری باشی دەگرێت چونکە پێشتر ھاوپەینی لە نێوانیاندا ھەیە، بەڵکو زۆرجاریش بانگەشەی بۆ دەکات و بۆ ئەوەی باشتر لای جەماوەر دەربکەوێت  و میدیا زیاتر خزمەت بەبەرژەوەندییەکانی دەکات.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×