ناڕەزاییەكانی دوای (31) ساڵڕۆژی راپەڕین

مەلا بەختیار
  2022-03-05     507


5/ی ئازار، رۆژی وەرچەرخانی شۆڕشگێڕانەی گەلی كوردستانە، لە خەباتی شاخەوە، بۆ راپەڕینی شارەكان. شاری رانیەی سەربەرز، دەروازەكەی بە خوێنی شەهید عەلی نەبی‌و هاوڕێكانی نەخشاند.
دوو سەدە زیاتر بوو، خەباتی شاخ ستراتیژی رزگاری بوو، ئەویش وەكو دروشمی ئۆتۆنۆمی، سەركەوتوو نەبوو. هەتا زەمینەی راپەڕین رەخسا.
راپەڕین كە سەركەوت، خاوەنی زۆر بوو. بەڵام ژێربكەوتایە، سەركردەو حیزبەكان، زۆربەیان خۆیان لێ بێبەری دەكرد.
پێش راپەڕین، هەوڵێكی زۆر درا، دانوستاندن لەگەڵ سەدام بكرێ‌. سەدام مافی نەدەدا. نائومێدیی لە خەباتی چەكداری، تا رادەی بڵاوەپێكردنی شۆڕش لەلایەن هەندێك لاوە، لەئارادا بوو. خواوڕاسان، كوەیت داگیركراو دەروازەی راپەڕین كرایەوە. دوای داگیركردنی كوەیت، ئینجا هۆشی سیاسی هاتەوە بەر سەركردایەتی بەرەی كوردستانی، بۆ راپەڕین. ئەویش بە ناكۆكی‌و بەرنامەی جیاوازەوە. یەكێتی، لە هێزەكانی تر زیاتر بڕیاری راپەڕینی پەسەند كردو بەكردەوەش، زۆرتر خەباتی بۆ كرد.
كاتێك راپەڕین دوچاری كۆڕەوەكە كرا، كەم نەبوون ئەوانەی پاشگەزبونەوە لە راپەڕین‌و هەڵگەڕانەوە هەندێكیان روخان‌و خۆیان گەیاندە هەندەران! سەرەنجام هاتنەوە سەر دانوستاندن لەگەڵ سەدام! دانوستاندن لەسەر دەستی بەرەی كوردستانی دەستیپێكرد، بەڵام سەدام هیچی نەدا. هەتا روخاندنی سەدام، ئەوانەی ئومێدیان بە دانوستاندن هەبوو.. بە تەشەرەوە دەیانگوت: سەدام دیوارە.. هەتا بڕوخێ‌!!
ئێستا (31) ساڵ بەسەر راپەڕیندا تێدەپەڕێ‌. لەكاتێكدا ناخی خەڵك لێوانلێوە لەناڕەزایی، دیسان تاجەگوڵینە بۆ سەر گۆڕی شەهیدان‌و دروشم بەرزكردنەوە، دەستپێدەكات. پرسیار ئەوەیە:
ئایا، گەلەكەمان بە دەرون‌و بیركردنەوەی ئاسودەوە یادی راپەڕین دەكاتەوە؟ ئەگەر:
- بە پاشەكەوتی موچەو موچەی كەم بێ‌؛
- كەمیی كارەباو ئاو و نەبونی داهاتی هاوڵاتی بۆ دانەوەی قەرزی ئەمپێری زیرەك بێ‌؛
- بە كەمیی دەرمان‌و تەشەنەسەندنی نەخۆشیەكان بێ‌؛
- بە پاكنەكردنەوەی خۆڵ‌و خاشاك بێ‌؛
- بە نەبوونی دەرماڵەی خوێندكاران بێ‌؛
- بە دانەمەزراندنی مامۆستایانی گرێبەست بێ‌؛
- بە لەشكری بێكاری‌و بەرزی رێژەی هەژاری بێ‌؛
- بە راگیرانی پرۆژەكان‌و پێنەدانی پارەی كۆمپانیاكان بێ‌؛
- بە مایەپوچی سەدان كۆمپانیاو بەڵێندەر بێ‌؛
- بە ژنكوژی‌و هێشتنەوەی نەریتی باوكسالاری بێ‌؛
- بە تەشەنەسەندنی مادەی هۆشبەرو پەرەسەندنی خەیاڵی نێرگەلەكێشان بێ‌؛
- بە لوشینی داهاتی نەوت‌و دادۆشینی گومرگەكان بێ‌؛
- بە خراپیی رێگاوبان‌و روداوی دڵتەزێنی مەرگی هاوڵاتی بێ‌؛
- بە سەرانەسەندن لە سەرمایەداران‌و بێڕادە ورگ زلكردنی بەرپرسەكان بێ‌؛
- بە شەوانی سوری گەندەڵەكان لە سیتەك‌و مێرگەپان‌و سەیرانگاكانی تر بێ‌؛
- بە نەمانی خزمەتگوزاری دێهات‌و كۆچی جوتیاران بەرەو شارەكان بێ‌؛
هەروەها..
- بە لێكترازانی هێزە كوردستانیەكان بێ‌؛
- بە نەبوونی پرۆژەی گشتگیری دانوستاندن لەگەڵ حكومەت بێ‌، تایبەت لەسەر بودجەو موچەو نەوت‌و گازو مادەی 140؛
- بە حیزبایەتی سەیرو پێداگیری لەسەر پۆستی باڵا هەتا ڕادەی قوربانی پرسی كورد بێ‌..تاد.
بەو دیاردەو دەركەوتانەی دوای (31) ساڵڕۆژی راپەڕین بێ‌.. زۆر زۆر بەداخەوە، هێزە كوردستانیەكان‌و حكومەتی هەرێم، لە بەدیهێنانی ئامانجەكانی راپەڕین شكستی هێناوە. كە پیرۆزترین ئامانجی دیموكراسی‌و دادپەروەری‌و ئازادیەكانی لە سەدەی بیست‌ویەك‌و سەدەی پێشوش، كردە خەوی نەتەوەی كورد.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×