کوردستان لەبەردەم دوابڕیاردایە!!

مەلا بەختیار
  2022-06-05     579


ساڵەهایە، بۆ بەرژەوەندی هاوبەش، یەکێتی و پارتی و گۆڕان، لە حکومەت و پەرلەماندان. بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە، لەدوای کشانەوەی یەکێتی لە هاوپەیمانی ستراتیژی و جیابونەوەی گۆران لە یەکێتی، هەرسێ لایەنەیان، نیوانیان لە گرێژنەی هاوپەیمانی دەرچووە. ئەمە لە کاتێکدا، هەرسێ لایەن مەدەنین و دەیانتوانی لەژێر ساباتی سیستەمێکی دیموکرات و کۆمەڵێکی مەدەنیدا، ئەرکی هاوبەش ڕاپەڕێنن. بەڵام ئەو هەلەیان لەدەستدەدا!

یەکێتی، ئامانجێتی هاوسەنگی سیاسی_ حوکومڕانی بگێڕێتەوە، بەڵام دابەزینی رێژەی دەنگەکانی، وەکو هێزی دووەمی لێکردووە.

پارتی، لەدوای دواکۆنگرەیانەوە، ئامانجیانە بتوانن هێندە دەنگ بهێنن، بە تەنها حکومەت پێك بهێنن.. لە دواهەڵبژاردنی عێراقدا، پارتیش دوروبەری دوو بەرامبەری یەکێتی، رێژەی دەنگی دابەزی.

بزوتنەوەی گۆرانیش، دوای ئەوەی لە یەکەمین تەوژمی سەرهەڵدانیدا(٢٥) کورسی هێنا، بەرە بەرە دۆخی کوردستان پێچەوانەی ئامانجەکانیان، رێژەی دەنگی ئەمانیش داکشاندە خوارەوە. سەرەنجام، نەتوانیان لەناو ئۆپۆزسێوندا بمێننەوە، نە توانیشیان لەناو حکومەتدا، رێژەی دەنگەکانیان بپارێزن.

لایەنەکانی ئۆپۆزسێون (نەوەی نوێ، یەکگرتوی ئیسلامی، کۆمەڵی دادگەری) تا رادەیەك بەرچاویان رۆشنترە، چۆن چۆنی پێگەی بەرهەڵستیان بپارێزن.. گەرچی ئەمانیش کەوتونەتە ناو هەڵچون و داچونی رای گشتیەوە.

تەواوی لایەنەکان، بە چوار بەرنامەی جیاواز چونەتە بەغداد. لەوەش دژوارتر، پارتی بە رەسمی و رێکەوتن لە بەرەی سێقۆڵیدا (کورد، سوننە، شیعە) یەکێتیش بەرەسمی و بەبێ رێکەوتن، لە بەرەی شیعەی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە. بەو دۆخە سیاسیەوە، هەم هێزە کوردستانییەکان لایەنی کەمی رێکەوتن لە ناویاندا نییە. هەم لە بەغدادیش، کەوتونەتە ناو گێژاوی لایەنەکانی شیعە و سوننە.. واتا: تابلۆی سیاسی کوردستان_ عێراق، وەکو خۆڵبارینی وڵاتەکە، مەودای بینینی باش دیار نییە!! شیعەکان ناکۆکی تایفی و بنەماڵەی و سیاسی و حوکومڕانیان لە نێواندایە.

کورد.. ناکۆکی سیاسی و بەرژەوەندی حوکومڕانیان لەنێواندایە، بەداخەوە ناکۆکیە ئایدیۆلۆژیەکانی نێوان (یەکێتی و پارتی و گۆڕان) کاڵبونەتەوە. بەڵکو ئایدیۆلۆژیەت کەمترین باوی هەیە!!

ساڵانی رابردوو، سەرەڕای هەموو ناکۆکی و کێشەکان، هێزە کوردستانیەکان، لە دەرفەتەکانی دۆخی ناوچەکەو عێراقدا، هەرچی چۆنێك هەبووە، کایە سیاسیەکانی دەکرد. بەڵام عێراق، ئەگەر ئەمجارە حکومەت پێکەوە بنێ. ئەگەر لەسەر سەرۆك کۆمار و هەڵبژاردنی کوردستانیش رێك بکەون (کە هیوادارم رێك بکەوون) زۆر ناخایەنێ، لەسەر کێشەی نەوت وگاز.. هەروەها بودجە و موچە.. جگە لە گرفت گەلی دیکە، هەرێم و بەغداد، دەگەنە بنبەستی سیاسی. کە دوور نییە عێراق، لە دۆخێکی وادا، لە خۆی راببینێ، لە بەشێکی بەرچاوی بەڵێنەکانی بەرامبەر هەرێم هەڵگەرێتەوە بە مادەی (١٤٠) یشەوە ! بەتایبەتی دۆخی نێونەتەوەیی و ئیقلیمیش مایەی مەترسین بۆ کورد!!

کەواشبێ یەکێتی و پارتی، لەبەردەم دوڕیانێکی ئاڵۆزدان. هەدوو لایەن، ئەگەر نەرمی بنوێنن.. لە ناوەڕاست رێگەدا رێك بکەوون.. 

بێگومان، بەشێکی مەترسییەکانی هاوکێشە سیاسییەکانی ناو عێراق و ئیقلیم، دەرهەق بە رۆژگار دەرەوێننەوە. ئەگەرنا، هەردوو لایەن سووربن لەسەر بڕیارەکانی پێش هەڵبژاردنی عێراق، کە دەرکەوت، بۆیان ناچێتەسەر، لە حاڵەتی وادا، هەردوولایەن خۆیان دەخەنە بەردەم بەرپرسیارێتیەکی گەورەی مێژووییەوە، لە بەرامبەریشدا، ئەگەر خەڵك لە هەلێکدا، دژیان رانەپەڕێ، بێگومان، لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی کوردستاندا، پتر لە هەڵبژاردنەکەی عێراق، (بەتایبەتی کێشەی موچە ئێستا گرێدراوەتە چارەسەری کێشەی نەوت و گازەوە) خەڵك لە یەکێتی و پارتی دەتەکێتەوە. ئەمەش هاوتا کردنی سندوقەکانی دەنگدانە، بە راپەڕینی بێدەنگی جەماوەر!!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×