ژیانئاوایی "حەمەڕەشید كەریم"ی تێكۆشەری گومناو

مەلا بەختیار
  2020-04-28     1082
دوێنێ‌ (27/4/2020) حەمەڕەشید كەریم، باوكی (د.ئەكرەم میهردادو د.رێكەوت‌و د.رێزان) ژیانئاوایی كرد.

هەر لەبەرئەوە نا كە باوكی ئەو بەڕێزانەیە، ئەم سەرخۆشینامەیە دەنوسم، بەڵكو لەبەر ئەم راستیەی خوارەوەیە: خوالێخۆشبوو، نەقڵیاتی تەكسی لە سابونكەران هەبوو. ئێمەش كە پلانی لێدانی پارێزگاری سلێمانیمان هەبوو (21/12/1976) پلان‌و پێویستی چالاكیەكەمان لە تۆڵەی شەهید شیهاب‌و هاوڕێكانی ئامادە كردبوو.

تەنها پەكمان لەسەر سەیارەیەك كەوتبوو، بۆ گواستنەوەی پێشمەرگەكان، چ بۆ هێنانیان‌و چ بۆ دەربازكردنیان بۆ ماڵی (د.سەردار)ی خوالێخۆشبوو (باوكی سیروان‌و ساماڵ..تاد) لە برایم پاشا. عەبەی خورشە (ئاسۆ) سایەقی تەكسیەكی ڤیاتی هەمان نەقڵیات بوو.

وتی: من ئامادەم ئەو ئەركە راپەڕێنم. قارەمانانە ئەنجامیشی دا. چالاكیەكە، سەركەوتوانە ئەنجامدرا. بەهەمان ڤیاتە شڕەكە، پێشمەرگەكان (شەهید سۆران هەورامی‌و فاخیر كەركوكی) گواسترانەوە شوێنی دیاریكراو. تا ئێرە، پلانەكەمان هیچ گرفت‌و مەترسیەكی نەهاتە سەر. ئەو رۆژە سلێمانی‌و كوردستان، لەوپەڕی سەربەرزیدا دەژیان. چونكە، چالاكیەكە نەك بۆ رژێم، بەڵكو بۆ خەڵكیش چاوەڕوانەكراو بوو.

تومەزە، بەعسیەكی كوردی نامەرد، ژمارەی سەیارەكە دەگرێ‌‌و "ئاسۆ"ش دەناسێ‌ (لەبەر كەسوكاری، پێمخۆش نییە ناوی بەرم) چەند سەعاتێكی پێنەچوو، حكومەت، سەیارەكەی گرتبوو. ئاسۆ هەڵهات.

بەڵام ئەم تێكۆشەرە گومناوە (مامە حەمەڕەشید) گیرا.. بەبێ‌ ئەوەی دورونزیك ئاگای لە چالاكیەكەو بردنی سەیارەی نەقڵیاتەكەی هەبێ‌. زۆر ئەشكەنجە درابوو. ساڵەهاش لە زینداندا بوو. دوای راپەڕین، درەنگانێ‌، من زانیم (مامە ڕەشید كەریم) ماوەو هەر لە سابونكەران، سوپەرماركێتێكی هەیە. ئەدرەسەكەم وەرگرت‌و سەرم دا.

زۆری پێخۆشبوو، كە پێم ووت: لەبەر ئەو ئەشكەنجەو زیندانیكردنەت هاتومەتە خزمەتت‌و بە یەكێتیت دەزانم لەو تێكۆشەرانەی بەشدارییان لە چالاكیەكەدا كرد. خۆشبەختانە، گوزەرانی باشبوو، بەڵام وەكو رێزێك بۆ ئەو روداوە، پارچەیەك ئەرزەم پێ بەخشی. هەمیشەش، بە شانازیەوە باسم كردووە. دوای (44) ساڵ تێپەڕین بەسەر ئەو روداوە، مامە (حەمەڕەشید كەریم) ژیانئاوایی لێكردین. دەپرسم: مێژوو، شانازی بە كامیانەوە دەكات.. بە مامە حەمەڕەشیدەوە، یان بەو خۆفرۆشە، كە شەرمیشە ناوی بهێنین؟

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×