چەكی تەكتیكی رۆژئاوا، چەكی ستراتیژی روسیای شكاند!

مەلا بەختیار
  2022-04-09     654

جەنگ، لەدوای جەنگی دوەمەوە، تەكتەلۆژیای جەنگین بەسەریا زاڵبووە؛ لەپەنجاكانەوە چەكی ئەتۆمیش لەدوای ئەمریكا، روسیاش دەستیپێكرد. هەروەها وڵاتانی دیكەش، بەهۆی فرەیی چەكی ئەتۆمیەوە، لە جەنگی ساردەوە بیردۆزی هاوسەنگی ترسێنەر (توازن الرعب) باسدەكرێ‌.
لە جەنگی دووەمی جیهانەوە، ئەڵمانیای نازی، بەفراوانی تەكنەلۆژیای جەنگی خستە شەڕگەكانەوە؛ دوای بۆردومان‌و تۆپبارانی خەست، ئینجا سوپای نازی هێرشیان دەكرد. واتا: دوای ئەوەی بە تەكنەلۆژیای جەنگ سوپا و توانای وڵاتانیان نابوت دەكرد، بە كەمترین زیان هێرشی زەمینیان دەبردو سەریشدەكەوتن.. دیارە هەتا ساڵی (1940-1942) دوای ئەوە، تێكدەشكان.
ئەو نەخشە ستراتیژییەی جەنگ، لەسەردەمی جەنگی سارددا، بێڕادە پەرەی پێدراو هەردوو پەیمانی ناتۆ وارشۆ، زۆرترین بودجەیان بۆ تەرخانكرد. جەنگی سارد كۆتاییهات. بەڵام روسیا دوای ماوەیەك داتەپین، جارێكی دیكە بوژایەوە.
لەدوای جەنگی ساردو سیستەمی نوێ‌‌و پاشان جیهانگیریەوە، سەنتەری سیاسەتی جیهان تێكچوو. شەڕی لابەلاو ململانێی خۆتەیاركردن‌و چاوچنۆكی ژیوپۆلیتیكی زلهێزەكان، وەكو ستراتیژی نوێی لێهات. بەتایبەتی وڵاتانی ناتۆ. ئەمەش، تەرازوی هێزو باڵانسی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكانی تێك‌وپێك دا. دوای جەنگی سارد تائێستا چارەكە سەدەیەك دۆخی نێودەوڵەتی، بەو باڵانس شێواوییە بەڕیدەبرا. گەیەندرایە ڕادەیەك.. لە چەندین جەمسەری جیهانیەوە وەكو (روسیا، ئەمریكا، چین‌و یەكێتی ئۆروپا) لەڕووی ئاسایشی جیهان‌و باڵادەستێتی زلهێزەكان، لەڕووی ئابوری‌و عەسكەری‌و ژیوپۆلیتیكەوە، مەترسی راستەقینە ئەهاتەئاراوە. چەند ساڵێكە، مەترسی هەڵایسانی جەنگ لەنێوان چین‌و ئەمریكا هەبوو.. بەتایبەتی لەسەر دەریای باشوری چین.. ئەمساڵ لە ئۆكرایندا، روسیا تەقاندیەوە.
ئەم جەنگەی ئۆكرانیا، دەتوانرا رونەدات، بەڵام جەنگی لەم چەشنە، لە وڵاتی دیكە، لەم دۆخەی نێودەوڵەتی‌و تێكچڕژانی بەرژەوەندی زلهێزەكاندا، هەر روویدەدا!
سەیریش نییە رووبدات.. چونكە هێشتا كولتوری لێبوردەیی‌و چارەسەری دیموكراسیانەی كێشەكان، نەبۆتە بەشێكی كاریگەری رای گشتی زلهێزو ئیقلیم هێزەكان!بەڵكو مۆنۆپۆلی سەرمایەداری‌و نێودەوڵەتی هەر زاڵە!!
لە هەزارەی سێهەمدا، جگە لە تەكنەلۆژیای ستراتیژیی جەنگ، چەكی تەكتیكی‌و تەكنیكی بێڕادە پیشخراوە. چونكە زانستی فیزیاو تەكتیك‌و كۆمپیوتەر.. سەری مرۆڤ سوڕدەهێنن. بە موشەكی كۆنترۆڵكراو، ئامانجەكان لە دوری هەزاران كیلۆمەتر دەئەنگێون.
دەمێكە دەبۆكان پڕ دەكرێن لە چەكی نوێچەشن، بەڵام شەڕگە نەبوو بەكاربێن. ئۆكراینا تاقیگای چەكە نوێچەشنەكانە. روسیا نوێترین زرێپۆش‌و فڕۆكەی خستۆتە مەیدانەوە. تۆپی بالستی دورهاوێژیشی بە هەزارن تاقیكردۆتەوە.
لەبەرامبەردا، ناتۆ، وادیارە دەمێكە لێكۆڵینەوەی وردی لەسەر پیلان‌و توانای روسیا كردووە. بۆیە لەبەرامبەر چەكە ستراتیژیەكانی روسیادا، چەكی تاكتیكی گڕبڕ و تێكدەری داوەتە سوپای ئۆكراین. دژە تانك‌و دژە فرۆكەی بڕندەیان بە دەیان هەزار بۆ دابینكردوون. لەسەر پارەو تەقەمەنیش پەكیان ناخەن. ئۆكراینیەكانیش بە قارەمانێتی‌و بەرگری، توانییان رۆژئاواو رای گشتی جیهان بكەنە پشتیوان.
ئەم چەكانە.. زیاتر بۆ شەڕی بزۆز (الحرب المتحركة) بەكاردێ‌. نەك بۆ هێرشی لەشكری چونیەك.. واتا لەشكر بەرامبەر لەشكر، كە جەنگی كلاسیكییە.
چەكە تەكنیكی‌و تەكتیكیەكان، بۆ هێزی بچوكی بۆسە دانەرە. بۆ پەلاماری كوت‌وپڕە. بۆ لێدەو هەڵێ‌یە. لەم پلانەدا، ناتۆ، تائێستا سەركەوتووە. كرملین دوێنی شەو دانی پیادا ناوە كە زیانێكی ئێجگار زۆریان لە جەنگەكە كردووە. لە زۆر شوێنیش، پاشەكشەیان پێكردوون. لەهەمووی گرنگتر، لە دەوروبەری كییف‌و خاركییف‌و باكورو رۆژئاوای وڵاتەكەدا.
تائێستا، هاوكێشە عەسكەریەكە، وا دەگەیەنێ‌ كە چەكە تاكتیكیەكانی رۆژئاوا، بەسەر چەكە ستراتیژیەكانی روسیادا باڵادەستن. رەوتی جەنگەكەش وا بەردەوام بێ‌و چەكی بایۆلۆژی بەكارنەیەت، ئۆكراینیەكان لەدوائاكامدا، سەردەكەوون‌و سەركەوتنەكەشیان دەبێتە داستانی عەسكەری سەدەی بیست‌ویەك!
دەركەوت، گیانی بەرەنگاری‌و خۆڕاگری، سەری سەركردەكان بڵندو مێژوی گەلانیش پڕ لە شانازی دەكات.. نەك سەرشۆڕی‌و خۆبەدەستەوەدان!!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×