دوا پەیامی ئۆجەلان‌و مەترسییەكان

مەلا بەختیار
  2019-05-16     1507
(1)
ئەشكەنجەی دەرونی و پەیامی زیندان
لەساڵی (1999)وە، بە پیلانێكی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی، كە لەكۆتایی جەنگی ساردیشدا، سەرۆكی پەكەكە رفێنراو لە زیندانی ئیمراڵی توند كرا. هەرگیز نەدەبوو پیلانگێڕی وا لەلایەن زلهێزێكەوە، ئەنجام بدرێ. لەوساوە نەتەوەی كورد و هەندێ رێكخراوی دۆست نەبێ، دەوڵەتان، یەكێتیی ئۆروپا، ناوەندەكانی یاسایی و مافی مرۆڤ، بۆ ئازادكردنی، هەڵوێستێكی شەرمنانەیان هەیە. ئەمە لەكاتێكدایە، مرۆڤێك لەهەر وڵاتێكی تر بگیرێ، دەنگی ناڕەزایی بۆ بەرزدەكەنەوە. ئەم بێدەنگیە لەسەر ئەم كەیسە سیاسی-مرۆیی- دیموكراسیە، پاشماوەی سیاسەتی سەردەمی بەرژەوەندخوازی جەنگی ساردە، كە سەراپا ناكۆكە لەگەڵ لافلێدانی دیموكراسی هەزارەی سێیەم.

سەرۆكی پەكەكە دوو دەهەیە لەزیندانە، لەو ماوەیەدا، ئەشكەنجەیەكی دەرونی زۆر دراوە. بەڵام لەناو هاوكێشەكاندا، نە ئەمریكا، كە دەستی هەبوو لە رفاندنی ئۆجەلان، توانی كاریگەریەكانی خەباتی رزگاریخوازانی باكوری كوردستان، هەروا هی رۆژئاوای كوردستان فەرامۆش بكات. نە وڵاتانی ئۆروپاش توانییان كێشەی نەتەوەكەمان نادیدە بگرن.

لەباكوردا، (هەدەپە) توانی كاریگەری لەسەر توركیا و ناوچەكەو جیهانیش دابنێ. پەكەكەش سەرەڕای پیلانەكان، خۆی راگرتوەو لەناو هاوكێشەكاندا، كاریگەرە. پەیەدەو رۆژئاوای كوردستانیش، پتر لەهەموو لایەك و لەماوەیەكی كورتدا، لەچاو بەشەكانی دیكەی كوردستان، توانیان، لەناو سوریاو لەناوچەكەو جیهانیشدا (سەرەڕای رەخنەكان كە لەسەریان هەمانە) سەربكەون و پێشكەوتنی گەورە بەدەستبهێنن، بە ڕادەیەك كە ئەمریكا، فەرەنسا، روسیا و دەوڵەتگەلی تریش، پشتیوان، یان لایەنگریانن.

كەوابێ؛ چارەنوسی كورد بە پای پیلانی توركیاو سەردەمی فڕاندنی ئۆجەلان، ئەو كاریگەریە ترسناكەی نەبوو، كە بۆی دانرابوو. ئەوەی لەدەستی توركیادا ماوە، زۆرتر ئەشكەنجەی دەرونی ئۆجەلان و پەیڕەوان و پشتیوانەكانیانە، زەقترینی، رێگەنەدان بە چاوپێكەوتنە. ئەمیش ناوبەناو كاریگەریەكەی پێچەوانە دەكەوێتەوە. بۆیە، دەوڵەتی توركیا، ناچار دەبێت هانا بۆ ئیمراڵی ببات و ئۆجەلان پەیامێك بڵاوبكاتەوە. بەدەر لەوەی سیناریۆی پەیامەكە چۆن چۆنی دادەڕێژرێ، بەڵام ئەو راستیە بەڵگەنەویستە كە كاریگەریەكانی ئۆجەلان و حزبەكەی و چالاكیە جۆراوجۆرەكان، توركیا ناچار دەكات، پەنای پەیام نوسینی بۆ ببەن.

پەیامی ئەمجارە، هەر وەكو جارانی پێشوو، رەزامەندی بڵاوكردنەوەی، بە رەسمی هەبووە، لەدۆخی توركیا و ناوچەكەدا، خوێندنەوەی باش هەڵدەگرێ. هەم خوێدنەوەی سیاسەتی توركیا و ئاكپارتی دوای ئاكامی هەڵبژاردنی شارەوانیەكان، هەم، ناوەرۆكی نامەكەش بۆچونی نوێی تیایەو ئاراستەی نوێش دەردەخات.. كە پێچەوانەیە، لەگەڵ بۆچون و ئاراستەكانی رابوردوو!

(2)
ئاراستە نوێكە چیە؟
دیقەت لە دێڕ بە دێڕی پەیامەكە بدرێ، بۆچونەكان كورتن، بەڵام مانشێتی هەلومەرجەكەن.
سەرۆكی (پەكەكە) كە (35) ساڵە خەباتی چەكداری دەكات و لەروانگەی ئایدیۆلۆژی رابوردویاندا، پێیانوابوو، دەتوانن هەر چوار پارچەكە تەنها بە شۆڕشی چەكداری رزگار بكەن. تەنانەت، پێیان وابوو، جگە لەخۆیان، هیچ هێزێكی دیكە، رزگاركەری راستەقینەی كوردستان نیە(جار جار بەخائینیشیان دەزانین) ئەمە جگە لەوەی هەوڵێكی زۆریان دا هێزی ئەڵتەرناتیڤی هەموو بەشەكانی كوردستان، دروست بكەن. لایەنی كەم لە باشورو رۆژهەڵاتی كوردستاندا، نەچووە سەر! ئێستا، سەرۆكی ئەم حزبە، پێچەوانەی رێبازی ئایدیۆلۆژی ناسیۆنالیستی رابوردویان، پەیامەكەی، چەندین پەیامی سیاسەتی نوێی تێدایە:

یەكەمیان: «رێككەوتنی قوڵی كۆمەڵایەتی» ئەو بۆچونە كوتومت ئەوە دەگەیەنێ، كە پەیمانی كۆمەڵایەتی هاوبەش لەسەر ئاستی توركیادا، هەبێ. نەك دابڕانی نەتەوایەتی.

دووەمیان: «چارەسەری كێشەكان بە رێبازی دانوستانی دیموكراسی دوور لە كولتوری دژایەتی و شەڕ»..

ئەمەش، لەكاتێكدا لە پەیامەكەدا هاتووە كە (پەكەكە) هێشتا لەشۆڕشی درێژخایەن و (پەیەدە)ش خاوەنی هێزی چەكداری بەهێزە. كەچی ئاشتی و دیموكراسی كراوەتە بنەما.

سێیەمیان: «كێشەكانی توركیا بەهێزی نەرم و ئەقڵ، سیاسی و كولتوری چارەسەربكرێ، نەك بە رێبازەكانی توندوتیژی جەستەیی».

ئەم بۆچونەش، جەخت دەكاتەوە، كە خەباتی چەكداری، ناتوانێ ئامانجە دیموكراسیەكان و رزگاری گەلان بەدیبهێنێ. زۆر جوانی فەرموە كە دەڵێ: هێزی نەرم و ئەقڵ.. هێزی نەرم، تێزێكە دوو دەهەیە كەوتۆتە ناو ئەدەبیاتی سیاسیەوە، چین بە باشترین شێوە بەكاریدەهێنێ.

چوارەمیان: «سوریا، دوور لەكولتوری شەڕ، لە یەكپارچەیی سوریاداو بە روانگەی دیموكراسی خۆجێیی كە دەستوری بنەڕەتی مسۆگەر بكات»..

لێرەدا، ئۆجەلان، رەهەندی بڕیارەكان دەپەڕێنێتەوە بۆ سوریا و لەسوریاشدا، دورونزیك باسی رۆژئاوا، یان رۆژئاوای كوردستان، یاخود مافی نەتەوایەتی، هەر ناكات. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ كە دۆخی سوریا و دۆخی سیاسەتی نێودەوڵەتی، لەسوریا و ناوچەكەدا، بەرەو ئاقاری پاراستنی حكومەت و قەوارەی ئێستای سوریا، كۆتایی هاتووە.

لەم پەیامەدا، ئۆجەلان، باش قوڵبۆتەوە لە سیاسەتی ئیقلیمی، بۆیە لەسەر سوریا دەڵێ: پێویستە هەستیاریەكانی توركیاش ببینرێت! چاومان لـێ‌ یە، نەك بۆ باكور، بەڵكو بۆ رۆژئاواش، ئاراستەكە سەرپا دەگۆڕێ‌!

پێنجەمیان: «باسكردنی پەیامی (2013) و ئاشتیەكی بەڕومەت و چارەسەری سیاسەتی دیموكراسی»..

لەم بۆچونەشدا، دوپاتكردنەوەی سیاسەتی دژایەتی توندوتیژی و پێداگرییە لەسەر چارەسەری ئاشتی و دیموكراسی.

لەدوا مەبەستی پەیامەكەشدا، جەختكردنەوە لەسەر (ئاشتیەكی بەرومەت) و (چارەسەری سیاسەتی دیموكراسی) ئیدی گومان ناهێڵێ كە سەرۆكی (پەكەكە) و ئاراستەی ستراتیژیە نوێكەی، لەگەڵ گۆڕانكاریەكانی سەردەمەكەو ناو توركیاو ناوچەكە، گونجاندووە. ئەمەش سیاسەتێكە، سیاسەتی سەردەمەكەو ناوچەكەو جیهانەكەو ناوخۆیەكە، خواستویەتی. ئایا، ئەم سیاسەتە لە توركیاو سوریادا دەچێتەسەر و سەردەگرێ؟

بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، با ئاوڕێك لە توركیا بدەینەوە:

3
دۆخی ئاڵۆزاوی توركیا
رۆژی (14/10/2012) لە ئەنقەرەو لە كۆنگرەی (بەدەپە) وتارێكمان پێشكەشكردو لەبەشێكیدا گوتمان: ئێستاش، با نەتەوەی عەرەبی برامان، نەتەوەی فارسی برامان، نەتەوەی توركی برامان، بزانن ئێمەی كورد بەرەو ئاشتی و برایەتی بەڕێگاوەین، بەرەو دیموكراسی بەڕێگاوەین. نامانەوێت خوێنی توركێك، فارسێك، عەرەبێك بەدەستی كورد بڕژێت، ناشمانەوێت خوێنی هیچ كوردێك بەدەستی ئەوان بڕژێت. ئەمانەوێت بەیەكەوە دیموكرات بین، بەیەكەوە ئازادیخوازبین، بەیەكەوە رۆژهەڵات و وڵاتەكانمان ئاوەدان بكەینەوە. بەیەكەوە كێشەكانمان چارەسەر بكەین، بەیەكەوە خزمەتی ژن بكەین، خزمەتی منداڵ بكەین، خزمەتی تەندروستی بكەین، خزمەتی جوانی بكەین، خزمەتی سەیران بكەین، خزمەتی پێشكەوتن بكەین.

ئەم گوتارە، لێكەوتەی چەشناو چەشنی لێكەوتەوە. بەڵام دەنگدانەوەكەی و تێگەیشتنەكەی، بۆ كوردایەتی هاوچەرخ، جیاواز بوو لە گوتاری كلاسیكی كوردایەتی.

لە درێژەی ئەو بۆچونانەدا دوای سـێ‌ ساڵ لە (20/7/2015) دا، نامیلكەیەكمان بە ناونیشانی (كوردستان، هەدەپە، توركیا روەو كام بەستێنی سیاسی؟) نوسی و لە (كوردستانی نوێ‌)دا بڵاوكرایەوە. لە لاپەڕە (48)دا كوتومت وتومانە:

كە نگینی سەربەخۆیی چوارپارچەكەمان نەبێ‌ و، تێزەكانی هەشتاكان لەمبارەوە هەتا ئێستا مایە پوچ دەرچووبن، ئەمە ئەوە ناگەیەنێ‌ كە لە خەمی بەدیهێنانی باقی ئەركە نەتەوەیی و دیموكراسیەكانمان كەمتەرخەم بین، یان ئاستی خەباتی رزگاری بەشەكانی كوردستان و پەیوەندی ئۆرگانیكی كوردایەتی، لە بەشەكاندا نەبینین و بەرنامەی نوێی سیاسی لەبەر رۆشنایی دۆخی رەخساوی سەردەمەكە بۆ دانەڕێژین.

ئەم دەقە، بەراورد بكرێ‌ بە پەیامە نوێكەی ئۆجەلان، سەرەنجامەكەی چۆن دەكەوێتەوە؟. وەڵامەكەی بۆ ویژدانی خوێنەر جێ‌ دێڵم.

لەهەمان نامیلكەداو لەلاپەڕە (58)دا، نوسیومانە:
بەستێنی دیموكراسیەكە دیارە، ئەویش سیستمێكی دیموكراسی، بەهەموو چەمك و چەك و ململانێیەكی هاوچەرخ. بۆ سیستمێكی دیموكراسی راستەقینە. نەك سیستمێك كەمالیزم نیو سەدەو ئاكپارتیش چەندین دەهە لەناو بازنەی داخراوی (ناسیۆنالیستی، ئایدیالیستی، كاپتیالیستی) توركیا قۆرغی تورك بكەن و گەلانی دیكەو هێزە دیموكراسیەكانی دیكە بچەوسێننەوە.

لەم دەقەشدا، رونە كە پێشبینی ئەم سەرەنجامە سیاسییە كراوە.

 
(4)
ئایا توركیا دەگۆڕدرێ‌؟
ئێستا، كە دەبیستین ئۆجەلان سیاسەتی نوێ‌ رادەگەیەنێ، پرسیارەكە ئەوەیە كە ئایا توركیاش، سیاسەتی خۆی دەگۆڕێ‌؟ لە وەڵامدا دەڵێین:

توركیا، لەسەر ئاستەكانی ئابوری، سیاسی، عەسكەری، ئەمنی و متمانەی رای گشتی، دوچاری پاشەكشەو ئاڵۆزی بووە.

-لە توركیادا؛ رۆژی (15/7/2016) كودەتا كرا.

-لە توركیادا؛ دیموكراسی پاشەكشەی كردووەو دەیان هەزار سیاسی، نوسەر، پارێزەر، سەرۆكی شارەوانی، سەركردەی سیاسی و مامۆستای زانكۆ، بە ئایدیۆلۆژیەتی جیاوازەوە، لە زینداندان.

-لە توركیادا؛ ئاكپارتی، دوچاری كێشەی دەرون حیزبی قوڵبووەو سەركردە دیارەكانیان، كە یەكێكیان سەرۆككۆمارو ئەوی دیكەیان سەرۆكوەزیران بووە، دوور كەوتوونەتەوەو پێ‌ دەچێ‌، حیزبێكی نوێش دابمەزرێنن. یان لەناو حیزبەكەدا چاوەڕێی ئاڵوگۆڕی چاوەڕواننەكراو لە رابەرو سەركردایەتیاندا، دەكرێ‌، هەتا، رابەرایەتیەكە بگرنە چنگ!

-لە توركیادا؛ لیرەی توركیا، شكاوەو قەیرانی دارایی و ئاوسان و داڕمان، وڵاتەكەی خستۆتە ئاستەنگی قوڵەوە.

-لە توركیا؛ سیاسەتی نێودەوڵەتی سەركەوتوو نییەو ناو بەناو لەگەڵ ئەمریكا، روسیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، دوچاری تەنگژەی قوڵدێ‌. بەهۆی رێبازی ئیسلامی ئیخوانیشەوە، لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی عەرەبی (قەتەری لێدەرچێ‌) و تاڕادەیەك (لیبیا)ش، نێوان ترازاوە.

-لەتوركیادا؛ دوا هەڵبژاردنی شارەوانیەكان، دەریان خست، ئاكپارتی، لەناو رای گشتی دا، باجی ئەو سیاسەتانەی داوە. بۆیە لە ئەستەنبوڵ، ئەنقەرە، ئەزمیر، پاشەكشەی كردووە. ئەمەش گورزێكی جەماوەری ترسناكە بۆ ئاكپارتی، چونكە بودجەی شارەوانی ئەستەنبوڵ هەشت ملیارو (500) ملیۆن دۆلارە. بودجەی ئەنقەرە بە قەد بودجەی (3) وەزارەتە. توركیاش لەناو خەڵكدا، واتا؛ شارەوانیەكان، نەك وەزارەتەكان.

-كێشەی توركیاو یەكێتی ئۆروپا، سەبارەت بە دیموكراسی و مافی مرۆڤ چارەسەرنەكراوە.

لەو راستیانەوە، دەمەوێ‌ بڵێم: حكومەتی توركیا، بە بەرنامەو بڕیار، لەم دۆخەدا رێگەی داوە ئۆجەلان پەیامە نوێكەی بڵاو بكاتەوە، ئێستا پرسیار ئەوەیە كە: توركیا لە وەڵامی ئەو پەیامەدا، كە ناوەرۆكەكەی رۆشن و راشكاوە، چی دەڵێ‌؟

ئێمە پێمان وایە، هەتا ئێستاش، لەلایەن ئاكپارتیەوە، هیچ دەستەبەرێكی سیاسی و یاسایی بۆ مافە دیموكراسیەكانی باكورو رۆژئاوای كوردستان نییە. لە پەیامەكەی ئۆجەلانیشدا، رەچاوی هەستیاری توركیا لە رۆژئاوادا، تیشكی خراوەتە سەرو ئەمەش وامان پێ‌ دەڵـێ‌ كە:

توركیا، چاوەڕێیە هەتا، بزانێ‌ كاریگەری پەیامەكە لەسەر پەیەدەو رۆژئاوا چۆنەو چەندە؟ بۆ وایە لە روانگەی ئێمەوە؟

چونكە، سوریاو رۆژئاوا، سەبارەت بە توركیا، كێشەیەكە هەم لەدەرەوەی سنورێتی و هەم دەركەوت بە داگیركردنی (عەفرین)یش، هاوكێشەكەی نەگۆڕدرا. بڕیاریش هەیە دەستوری سوریا لە كۆنگرەی ژنێڤ دا ، بگۆڕدرێ‌. كێشەی كوردو گەلانی دیكە، لەو دەستورە پێشنیاز كراوەدا، لە ئارادایە. توركیا زۆر لەم راستییە نیگەرانە. ئا ئەمەیە دوڕیانێكی هەستیارو مەترسیدار.

حكومەتی توركیا، بچوكترین پەنجەرەی لە توركیادا، بۆ چارەسەری كێشەی باكوری كوردستان نەكردبێتەوە، داخۆ، بەبێ‌ دەستبەری مافە دیموكراسیەكان، لە سوریادا، خوانەخواستە، پەیەدە، لەژێر كاریگەری پەیامەكەدا، نەرمیەكی زۆر بنوێنێ‌، (لەناو سوریا) و (بەڕەچاوكردنی هەستیاری) توركیا، ئاخۆ چی رودەدات؟

دۆخی توركیا، هاوكێشەكانی ناوچەكە، سیاسەتی نێودەوڵەتی و ئەگەرە سیاسییە چاوەڕوانكراو، یان چاوەڕواننەكراوەكان، پێمان دەڵـێ‌:

پەیەدە، گرنگە لەناو پرۆسەی چارەسەری (سیاسی، ئاشتی، دیموكراسی) سوریادا بێ‌. ئەمەش بەچارەسەری كێشە سیاسییە ناوخۆییەكانی هێزەكانی رۆژئاوا باشتر دێتەدی. لێرەوە دەڵێین: بەبێ‌ دەستەبەری دەستوری و سیاسی، پەیەدە هەر بڕیارێكی سیاسی، بە تەمای ئایندەیەكی نادیاری سیاسی بدات، هەڵەیەكی كوشندە دەكات.

بۆ توركیاش، لامان وایە، ئاكپارتی، پێویستی بە پیاداچونەوەی سیاسەتەكانی هەیە. رەنگە پیاچونەوەی واش ئەنجامبدات. گەر ئەنجامیشی بدات، بێگومان ناتوانێ‌ كێشەی ئۆجەلان و پەكەكەو هەدەپە، نادیدە بگرێ‌.

بۆیە، لە توركیاو باكوریشدا، پشووی شۆڕشگێڕانە، پێویستە. ئەگەر توركیا راست بكات، لەو پەیامەی سەرۆكی پەكەكە رۆشنتر نەدراوەو نادرێ‌، بۆ چارەسەری دیموكراسی و ئاشتەوایی دوور لە توندوتیژی.

دەمێنێتەوە، بڵێین: كێشەی قوڵی ئەمریكاو ئێران و جەمسەرەكانیان، لە كێشمەكێشی هەڵایسانی جەنگ، یان دۆزینەوەی رێگە چارەسەری گونجاو، لەسەر سەراپای ناوچەكە، بە توركیاو سوریاشەوە، كاریگەریەكانی دیارن و زیاتریش دەردەكەون. لەناو هاوكێشەكاندا، خوێندنەوەی ئەم كێشە گەورەیەو ئەگەری شەڕو ئاشتیەكەی، زۆر زۆر گرنگە. بۆمان بلوێ‌، وتارێك لەم بارەشەوە دەنوسین.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×