مێژوویەك لەشكست‌و راپەڕینی سەركەوتن

مەلا بەختیار
  2023-03-05     513


كورد، نەتەوەیەكی ئازا و ئازادیخوازە. بەڵام بەشی زۆری خەباتی رابەرەكانی، لە قۆناغی جیاوازی كوردایەتیدا، لە زەمانی میرنشینەكانەوە، بۆ شۆڕشی نوێ‌، هەڵەی ستراتیژی بووە. بۆیە، دوو سەدەی خەباتمان، بە شكست كۆتاییهاتووە. هەتا راپەڕین لە (5/ی ئازاری 1991)دا، 32 ساڵ لەمەوبەر، سەركەوت.

لەدوو سەدەدا، خەباتی چەكداری ستراتیژی رزگاری بووە. لەم دوو سەدەیەدا، قۆناغ‌و قەڵەمڕەوی جیاوازو سەردەمی جیاوازمان بەڕێ كردوون. سەردەمی ئیمپراتۆریەتەكانی (عوسمانی، سەفەوی، قاجاری) سەردەمی كۆماریی (كەمالیزم) سەردەمی پادشایەتی (بنەماڵەی پەهلەوی‌و پاشایەتی عێراق)، دیسان كۆماری (عێراق‌و سوری) هی ئیسلامی-شیعە (ئێران).

لەو دوو سەدەیەدا، جگە لە شۆڕشی ئەیلول‌و شۆڕشی نوێ‌‌و پێشتریش راپەڕینی عوبەیدوڵڵای نەهری (1880) شۆڕشە چەكداریەكان لۆكاڵی بون. بگرە زۆربەی رەهای كورد نەچونەتە پاڵیان. خۆفرۆشیش، بێڕادە زۆر بوون. كورتیەكەی ستراتیژی كوردایەتی لەو دوو سەدەیەدا نەزۆك بووە.

بەرپاكردنەوەی خەباتی چەكداریش، سەرلەنوێ‌، لەسەر دەستی یەكێتی، پارتی، بزوتنەوەی سۆسیالیست.. پاشان حیزبی شیوعیش.. جگە لە قارەمانێتی‌و قوربانیەكان‌و كۆڵنەدان، یەكێك لە باشترین خەسڵەتەكانی ئەم قۆناغە (1976-1991) سەرەڕای ئەنفال‌و راگوێزان‌و كیمیاباران، كۆتایینەهێنان بوو بە خەباتی چەكداری.. ئەمە لەكاتێكدا ئەو كارەساتانەی لەم شۆڕشەدا رویانداوە، لە راپەڕینە چەكداریەكانی رابوردوماندا نەبووە. ئەگەر بەرەی كوردستانی دانەمەزراباو كۆتاییان بە شۆڕش هێنابا، لەدوای داگیركردنی كوەیت، هەرگیز كوردستانی فیدراڵ نەدەهێنرایەدی!

لە مێژووی نەتەوەكەماندا، دوو جار، خەباتی چەكداری گۆڕدرا بە خەباتی شار و سیاسەتی مەدەنی. یەكەمیان: كۆماری مەهاباد (1945)، قۆزتنەوەی درەنگوەختی هەلومەرجی دوای جەنگی دووەمی جیهان بوو. دووەمیشیان: خەباتی جەماوەری دوای بەیاننامەی 11/ی ئازار بوو.

هەردوو ئەزمونەكە، بۆ كێشەی كورد، بارتەقای تەواوی خەباتی چەكداری مێژووی كوردستان، كاریگەریان هەبوو. بەڵام لەدوای راپەڕینی گەلانی ئێرانەوە، دیسان لەرۆژهەڵاتی كوردستاندا پەنا بۆ خەباتی چەكداری برایەوە. ئەمە لەكاتێكدا هێشتا خەباتی مەدەنی لە ئێران‌و رۆژهەڵاتی كوردستاندا، بەبەریەوە مابوو.. دوای بەیاننامەی ئازاریش، ئەزمونە مەدەنیەكەی باشوری كوردستان، قوڵ نەكراو 1974 هەمدیس شۆڕش بەرپاكرایەوە. بەبێ‌ ئەوەی لەپاڵ شۆڕشەكەدا، خەباتی مەدەنی درێژەی هەبێ‌. هەروەكو چۆن لەپاڵ شۆڕشی نوێدا، خۆپیشاندان ناوبەناو هەبوون.

دیارە، خەباتی چەكداری داگیركەران دەیسەپێنن. بەڵام چارەنوسی سیاسی گەلان بەدەستی رابەرایەتی گەلانەوەیە. مەرج نییە بەرامبەر هەر بڕیارێكی سەپێنراوی داگیركەران، تاقە رێگە پەنابردنە بەر خەباتی چەكداری بێ‌. بەبێ‌ ئەوەی هەلومەرجی بابەتی رەخسابێ‌‌و لایەنی كەم، هاوكێشەكان لەبەرژەوەندی رەهەندی چەكداریدا هەڵكەوتبێ‌!

5/ی ئازاری 1991 كە دەروازەی راپەڕین چەخماخەكەی لێدا، سەرەتای وەرچەرخاندنی ستراتیژی سیاسی بوو. لە خەباتی شاخەوە بۆ شار؛ دەگمەنترین قۆزتنەوەی هەلی سیاسی دوای شكستی عەسكەری داگیركەران بوو، لە جەنگی داگیركاری كوەیتدا.

هەلومەرج.. زۆر گرنگە بۆ بڕیاری سیاسی. جاری وا هەیە شۆڕشی چەكداری گەورە، كە هەلومەرجی سەركەوتنی بۆ هەڵناكەوێ‌، شكست دەخوات. وەكو شۆڕشی ئەیلول‌و تامیلەكان. جاری واش هەیە، هەلومەرج هەڵدەكەوێ‌، شۆڕشی چەكداریش لەئارادا نەبێ‌، گەلان سەردەكەوون، وەكو راپەڕینەكانی رۆژهەڵاتی ئۆروپا، هی بەشێكی وڵاتانی عەرەبی..تاد.

دەروازەی راپەڕین‌و شارو شارۆچكەكانی دیكە، وەرچەرخانەكەیان هێنایەگۆڕێ‌‌و رێچكەی ستراتیژی نوێشیان خوڵقاند. تائێستاش بەردەوامە. دەستكەوتی مێژوویش هێنراونەتەدی؛ بەڵام، دەكرا لە (30) ساڵی رابوردوی حوكمڕانیدا، چۆن راپەڕین وەرچەرخانی سیاسی دروستكرد، بەهەمان ئەندازە حوكمڕانیەكی شارستانی-دیموكراسی وەرچەرخێنەر لە ژیانی سیاسی، كۆمەڵایەتی، یاسایی‌و دیموكراسیدا بەدی بێت. بەڵام بەداخەوە!!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×