دڵی شار! یان مەرگی شار ؟

خالید ره‌زا
  2022-05-25     629


ئەم پرۆژەی بیناسازییە، کە وێنەکەی هاوپێچە، دەکەوێتە ناو دڵی شارەوە و شوێنی مەسڵەحە کۆنەکەی سلێمانییە. ئەگەرچی ماوەیەک بەر لە ئێستە سەرۆکی شارەوانی، خاتو لەیلا عومە، کە تازە دەستبەکار بوە، پەیمانی بە خەڵکی شار دا، کە ڕێگە نادات بکرێت بە پرۆژەی تایبەتی و بۆ بەرژەوەندی گشتی تەرخان دەکرێ، قوباد تاڵەبانیش سەردانی کرد و پشتیوانی خۆی پێ ڕاگەیاند. بەداخەوە دەرکەوت قسەی ئەو دوانەش وەکو باقی بەرپرسەکانی تر بۆ چەواشەکاری و وەکو دەڵێن، بۆ ئیستیهلاکی محلەی بوو.! بەپێێ زانیاریەکان و بەپێێ ئەم ڕیکلامەی، کە بۆ فرۆشتنی یەکەکانی کراوە، شوێنەکە دەکرێ بە شوقەی نیشتەجێ بوون و گرێ بەستەکەش لە نێوان شارەوانی، وەبەرهێنان و حیزبی حاکم دا کراوە. بە پێی یاسای وەبەرهێنانیش سەرۆکی یەکەئیدارییەکان دەسەڵاتیان بەسەر پرۆژەکانی وەبەرهێنان دا نیە!! ئەنجومەکانی پارێزگا و شارەوانییەکانیش مێش میوانیان نیە و بەداخەوە، ممارەسەی دەسەڵاتەکانی خۆیان ناکەن و بێ هەڵوێستن! بۆیە دەڵێین، شار بێ خاوەن و بێ دەرگا و پەنجەرەیە!

سەبارەت بەو پرۆژەیە ئەم سەرنجانە تۆمار دەکەم:
یەکەم
سلێمانی یەکپارچە کۆنکریت و خۆڵەمێشییە. بەو مانایەی، کە ڕێژەی سەوزایی تیایدا زۆر زۆر لە خوار ستاندەردەوەیە. کەلتوری دروستکردنی باخچەی ماڵان، کە جاران بەشێک بوو لە پرۆسەی بیناسازی و زەوقی خەڵکەکەی لە ئێستەدا  نەماوە و هەمووی دەکرێ  بە بینا!

دووەم
پرۆژەکەیان ناو ناوە "دڵی شار"  من ناوی دەنێم "مەرگی شار"! ئەگەر ئەوانەی، چاوی تەماعیان لەم شوێنە بوو، یەک مسقاڵە زەڕە ئینتما و دڵسۆزییان بۆ شارەکە هەبوایە، یان یادەورییان لەم شارەدا هەبوایە، دەبوو، ئەم شوێنە کە فیعلەن کەوتۆتە ناو دڵی شارەوە، لە جیاتی ئەوەی بیکەن بە مەرگی شار! هاوشێوەی باخی گشتی و پارکی ئازادی  بە دیزاینێکی جوان و مۆدێرن بیانکردایە بە پارکێکی گشتیی تر و بکرایە بە یەکێکی تر لە "سی"یەکانی شار بۆ هەناسەدان. شار پێویستی بە زیادکردنی سەوزایی و پاککردنەوەی ژینگەکەی هەیە، نەک بە خنکاندن و دەستخستنە بینە قاقای. هەموو دونیا لە خەمی گۆڕانی کەشوهەوا و پاککردنەوەی ژینگە و زۆرکردنی ڕێژەی سەوازیی و چاندنی دارودرەخت و کەم کردنەوەی رێژەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆندان، کەچی بازرگانە سیاسی و ئۆلیگاریشەکانی هەرێمی کوردستان سەر گەرمی وێرانکردن و تاڵانکردنی کوردستاندان، کورد وتەنی: ئاش لە خەیاڵێ و ئاشەوان لە خەیاڵێ.

سێیەم
ئەم شوێنە کەوتۆتە ناوجەرگەی گەڕەکێکی شەعبییەوە، خانوەکانیان نزمن. دروستکردنی باڵەخانەی وا بەرز کە هەتا چاوبڕبکات دەڕوانی بەسەر ماڵەکانی چوار دەوریدا، هەموو ئازادییەکی خێزانی و کۆمەڵایەتی لەو ماڵانە دەسێنێتەوە، نەک هەر لەناو حەدیقە و حەوشەکانی خۆیاندا ئازادی هەڵسوکەوتیان نامێنێ، تەنانەت لە ناو هۆڵی دانیشتن و ژوری نوستنی خۆشیان دا ئازادییان کۆت و بەند دەکرێ. بۆیە ئەم کارەی دەستیان داوەتێ و دروستی دەکەن، نەک هیچ جوانیەک بەشار نادا و هیچ شانازییەکیش بە خاوەنەکانیان نادات، بەڵکو وەکو، هەموو پرۆژە بازرگانیەکانی تریان دەبێتە هۆی پڕکردنی گیرفانی کاربەدەستان و ناشیرین کردنی شار و زەوتکردنی ئازادی هەڵسوکەوت وهێندەی تر خنکاندنی شار.
ڕوقایمی ئەمانە بەڕادەیەکە، ڕیکلام بۆ ئەم داگیرکاری و خنکاندنی شارە دەکەن ، وەکو دەستکەوت و مژدە بە خەڵکی  دەفرۆشنەوە. شار پڕدەکەن لە خەڵکی بێگانە وغەوارە! 
گەلۆ ئەوانەی ئینتیمایان بۆ شار و ژینگەی خۆیان نەبێ، ئاخۆ ئینتیمایان بۆ خاک و نیشتمان ئەبێ؟ ئەفسوس، ئێوە نە ژیاندۆست و نە ژینگەدۆستن، ئێوە هەم مەرگدۆست و هەم  مۆتەکەی سەر دڵی شار، ئێوە بوون بە شێرپەنجە بۆ کۆشتنی جوانیەکانی شارو شێواندنی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و مێژووی ئەم شارە!

خالید ڕەزا ئەمین 
هۆڵەندا ٢٤ی ٥ی ٢٠٢٢
  

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×