سلێمانی هەرە رۆژە رەشەکانی بەڕێ دەكات

هاوژین شه‌ریف
  2022-08-17     403

له‌ماڵپه‌ڕی‌ ڕۆژنامه‌ی‌ ئاوێنه‌ ئه‌م دو هه‌واڵه‌ كاره‌ساتباره‌م به‌رچاو كه‌وت كه‌ ئه‌گه‌ر ڕوداوێكی‌ له‌م شێوه‌یه‌ له‌هه‌ر وڵاتێكدا ڕویانبدایه‌، شه‌كم نییه‌ كه‌ زنجیره‌یه‌ك سزادان‌و ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ به‌كۆمه‌ڵی‌ به‌رپرسانی‌ به‌دوادا ده‌هات!

- رۆژی‌ ١٤ی ٨ی ٢٠٢٢ هێزه‌ئه‌منیه‌كان له‌ناو بازاڕی‌ شاری‌ سلێمانی‌ له‌كاتی "ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تبارێك"دا ته‌قه‌یان كردووه‌ گه‌نجێك به‌ناوی‌ (ئەحمەد شەوکەت) تەمەن 22 ساڵ پیشه‌ خوێندکاری زانکۆ له‌شوێنی روداوه‌كه‌ فیشه‌كی به‌ركه‌وتووه‌و بریندار بووه‌و پاش مانه‌وه‌ی له‌نه‌خۆشخانه‌ گیانی له‌ده‌ستداوه‌.
خاڵی‌ گه‌نجه‌كه‌ ده‌ڵێت، دەزانن کوشتنی کوڕەکەیان بەمەبەست بووە، چونکە دو گوللـە بەر "ئەحمەد کەوتووە یەکێک لەپێشەوەو یەکێک لەدواوە."
- هه‌مان ڕۆژو بەهۆی نەبونی خزمەتگوزاری لەگوندەکەیاندا، دانیشتووانی گوندی شێراوەی سەر بەناحیەی باسرما لەسنوری شەقڵاوە ناڕەزایەتییان دەربڕیوەو رێگەیان گرتووە لەکارکردنی‌ بیرە نەوتەی ناوچەکە.
بەو هۆیەوە گرژی لەنێوان خۆپیشاندەران‌و هێزە ئەمنییەکاندا دروستبووەو گەنجێکی ١٩ ساڵ کوژراوەو سێی کەسی دیکە بریندارکراون.

مرۆڤ له‌به‌رده‌م ئه‌م كاره‌ساتانه‌دا نازانێت چ هه‌ڵوێسته‌یه‌ك بكات! ده‌كرێت بڵێین، له‌ئێستادا سلێمانی به‌تایبه‌تی‌‌و شاره‌كانی‌ دیكه‌ی‌ هه‌رێم به‌گشتی‌، هەرە رۆژە رەشەکانی بەڕێ دەكات!

خودایە لەبەردەم چ عەقڵێکی وێرانکەر، چ پاشاگه‌ردانییه‌ك، چ بێسه‌روبه‌ره‌ییه‌ك، چ ماکینەیەکی گەورەی نمایش، چ دروشمگەلێکی ساختەو چ کارخانەیەکی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی هەڵوەشاوه‌داین. 

ئێوە چ ئینسانێکن ئه‌ی‌ كوڕه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی‌ بنه‌ماڵه‌، پەروەرده‌ی‌ كام جه‌نگه‌ڵن، کوڕی کام ئەشکەوت‌و چ وێرانه‌یه‌كی‌ عه‌قڵ‌و سەردەمی تاریکی‌و خوێن‌و چەکن، ئێستا هه‌مووان لامان ڕونه‌ "هەلی کارو ئارامییه‌كه‌تان" لەم دەڤەرە چ درۆیەکی گەورەبو! 

ڕه‌نگه‌ هه‌نجه‌نتی‌ هه‌ندێك كه‌س‌و لایه‌ن بۆ ئه‌و ڕوداوانه‌ ئه‌وه‌ بێت، كه‌ له‌م جۆره‌ ڕوداوانه‌ له‌هه‌موو وڵاتێكدا ڕوده‌ده‌ن، ئه‌مه‌ ڕاسته‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ ناسروشتییه‌ ئه‌وه‌یه‌، له‌وڵاته‌كه‌ی‌ مندا ئه‌م ڕوداوانه‌ به‌سانایی ده‌گوزه‌رێن‌و هیچ كه‌سێك له‌سه‌ریان نه‌ده‌ستگیرده‌كرێن، نه‌سزاده‌درێن! ڕه‌نگه‌ دادگاو یاساش وه‌ك هه‌میشه‌، ته‌نها ده‌وری‌ ته‌ماشاكه‌رێك ببینن!

ده‌شێت ئه‌م ڕوداوانه‌ له‌ساده‌ترین گوزارشتدا ده‌رخه‌ری‌ ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ بێت كه‌ دەسەڵاتی گەندەڵ تەنها گەندەڵیی ناکات، بەڵکو فەزای کۆمەڵایەتیش دەشێوێنێ، ئیدی‌ بازاڕو پارك‌و شه‌قامه‌كانی‌ شار ده‌بنه‌ مه‌یدانی‌ فیشه‌ك‌و باروت‌و خوێن. 
بەناوی ئاسایشه‌وه‌، ئەوەی فریای ناکەون ژیانی خەڵک‌و ئاسایش‌و ئارامیی شه‌قام‌و کۆڵانەکانی‌ نیشتیمانە، لەسایەی ئەم فۆرمە لەحوکمڕانیی، ئاسایشی کۆمەڵایەتی تاك به‌تاكمان له‌مه‌ترسی جددیدایه‌.

هێزه‌ حوکمڕانه‌كانی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌، بارەگاکانیان پڕ کردووە لەشەقاوەو پیاوکوژ، لێ هەزاران گەنجی دەرچوی زانکۆکان لەبەتاڵی‌و بێتاقەتی‌و خەم‌و چاوەڕوانیدا ناچار به‌سه‌رهه‌ڵگرتن‌و وڵات جێهێشتن ده‌كه‌ن،  "هەلی کارو ئارامییتان" باش!

دیاره‌ له‌به‌دبه‌ختی‌ ئێمه‌دایه‌، له‌م هه‌زاره‌ پێشكه‌وتووه‌دا، له‌ئه‌وجی‌ پێشكه‌وتنه‌ جۆراوجۆره‌كانی‌ دونیادا، داخه‌كه‌م سه‌رده‌می‌ ئێمه‌، سەردەمی تاریکی‌و خوێنه‌، له‌ژێر ڕه‌حمه‌تی‌ چەکی مۆڵەتپێدراوو بێ مۆڵەت،  له‌ژێر ڕه‌حمه‌تی‌ چه‌كی‌ مافیاو به‌چكه‌ مافیاكاندا، شاهیدی‌ بینینی‌ كاره‌ساته‌ یه‌ك له‌دوای‌ یه‌كه‌كانین، بینه‌ری‌ ڕشتن‌و ڕۆشتنی‌ جۆگه‌له‌ی‌ خوێنی‌ ڕۆڵه‌ بێ نازه‌كانی‌ نیشتمانین! 

لەدوای ڕاپەڕینەوە تا ئێستا، لەم هه‌رێمه‌ی‌ ئێمه‌دا شتێک بونی نه‌بووه‌و نییە بەناوی سیستمێک کە پرەنسیپی نیشتیمانی، نەتەوەیی، مرۆڤدۆستی، هاوڵاتیبون‌و بەهای ئینسانی‌و پاراستنی‌ ژیان‌و كه‌رامه‌تی‌ ئینسانی‌ بەبنەما گرتبێت، ئەوەی هەیە ئیداره‌دانێكی‌ وه‌ختی‌‌و ڕاگوزه‌ره‌ له‌لایه‌ن كوڕه‌كانی‌ شاخ‌و كوڕه‌كانی‌ بنه‌ماڵه‌وه‌!

سەرسام مەبە، ئەگەر بڵێم:
لەلای ئێمە...
لەباتی گوڵ دڕك ئەڕوێن
سەرسام مەبە، ئەگەر بڵێن:
پێنەكەنی...ئەگەر بڵێن:
لەلای ئێمە...
لەجێی مایین...ئێستر ئەزێن!
سەرسام مەبە، ئەگەر وتیان:
لەلای ئێمە نرخی ژیان
نرخی تەمەن، ڕۆشنایی گیان 
لە تۆڵەكە هەرزانترە
یان لە پووشكە ئاسانترە
سەرسام مەبە... ئەگەر وتم:
گیان كێشانی...خوا نەماوە
مردنی...ئەوسا نەماوە
بۆ سەربڕین، بۆ هەڵكێشان
ملی زەڕنەقووتە و جوجكێ!
ئەستوورترە...لەهی ئینسان!

شێركۆ بێكەس

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×