خوێنی سەردەشت مۆتەکەیە تا ئەبەد لێتان نابێتەوە

شیرین ئه‌مین
  2019-05-05     1127
لەنەبوونی عەدالەتدا سۆران تیرۆردەکەن، لەچڕینی ئازادیدا سەردەشت لەپێش حەڕەمی زانکۆدا دەڕفێنن، لەگەرمەی شەڕی قوتی خەڵکدا کاوە لەپێش دڵی دایکیدا خەڵتان بەخوێن دەکەن لەھاواری نادادیی و بێدادیدا ویداد بەدڕندانەترین شێوە تیرۆردەکەن !

ئەمە ناونیشانی مەرگی پڕلەتراژیدیای ھەڵگری قەڵەمی ھەق بێژی و ئازادە، ئەم قەڵەم بەدەستانە لەبەرامبەر نەخێر دژ بەدەسەڵات لەبەرامبەر ویستی ئازادیدا، مەرگی پڕ لەئازار دەکرێت بەخەڵاتیان لە سایەی حکومڕانی دوو حزبی گەندەڵ و مافیا ئاسا پەنجەی قەڵەم دەشکێنن، ھاواری ئازادی دەخنکێنن،  لەپێناو مانەوە و پێگە و پۆست بۆئەوەی ئابڕوچوون و گەندەڵییەکانیان بەرچاوی کەس نەکەوێت لەسەر پەڕەی ڕۆژنامە، تیرۆر و کوشتن دەکەن بەمەدالیا و دەیکەن بەدیاری وشە!

پیاوە مافیا ئاساکانی نێو دەسەڵات و حزب ھەزار خەونی ئازادییان لەگۆڕناوە، دەیەھا جار شکۆی قەڵەم بەدەستە بوێر و ئازادەکانیان لەژێر پێی چەپەڵیان ناوە.

لەیادی نۆیەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسماندا بەدەسەڵاتداران و بکوژانی دەڵێین زۆر دڵنیابن خوێنی سەردەشت مۆتەکە دەبێت لەگەردنتان ئاڵاوە بۆ ئەبەد لەخوێنی سەردەشت پاک نابنەوە دەستی تاوانتان ھێندە سورە بەئاوی حەوت دەریا پاک نابنەوە!

ئێمە بەدەسەڵاتی تیرۆرکەر دەڵێن، پشو درێژ دەبین، لە خوێنی ئازیزەکانمان خۆش نابین و لە بیریان ناکەین، بێ ھەڵوێست نابین و بێ دەنگ نابین، کەیسی سەرجەم شەھیدانی ئازادی لەناخی ھەموواندا کەیسێکی کراوە دەبێت، گەر بتوانن ئێوە لەدادگا ئەو کەیسانە دابخەن لەبەرامبەر سەدەھا ئازادیخواز و ڕۆژنامەنووسی ئازاد و بیری ئازاد، چۆن دەتوانن ئەم کەیسانە بەکۆتا و داخراو بکەن.

بۆیە لەنۆیەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی گەنجێکی بوێر و ڕۆژنامەنووس و بیر ئازاد بەدەستە لەرزۆک و شەمشەمە کوێرەکانی دەسەڵات دەڵێین تیرۆری سەردەشت کاوەی ھێندەی تر خۆڕاگر و دەنگ بڵند و بوێرترکرد، بەدوای کاوەش ویداد لەپێشوو زیاتر بیری ئازادی لەناخیدا پەنگی خوارد ھەروەک ئەوەی بەتیرۆرکردنی سۆران سەردەشتی ساردنەکردەوە بەگەیاندنی پەیامەکانی بەگوێی عەقڵی باتریارکی و دەرەبەگایەتیی و بڕیارە توندەکانی نێو دیوەخانی حزبی بنەماڵە، ئێوە چۆن ھەڵگری پەیامی بیرۆکراتین، ئێوە چۆن چاوتان بەئازادیدا ھەڵنایەت، ئێوە چۆن دوژمنی ڕوناکین، ئێوە چۆن لەئاست وشە کەڕولاڵن، ئێوە چۆن دادگاکانتان کردووە  بەدیوەخان و یاساش بەگۆچانی دەستان، ئەوە ئێمە زیاتر مسوڕتر دەبین لەگەیاندنی پەیامەکانی شەھیدەکانمان بەدادگا گەیاندنی بکەری تیرۆرکردنیان.

تیرۆرکردنی سەردەشت، ئەو مۆتەکەیە لەگەردنی بکوژانی ئاڵاوە، بەسەد ساڵی تر لەوتاوانە قێزەونە پاک نابنەوە و سەردەشت ڕۆژ بەڕۆژ لەدید و ناخی ئازادیخوازدا وەک درەخت چەکەرە دەکات، ھەزار لقی بۆ ئازادی و دەیەھا لقی ھەڵگری قەڵەمی بوێر و سەدەھا لقی دژی دەسەڵاتی فاشیزم باڵادەکات.

ڕۆحی بەرزەفڕەت شاد، سەردەشتی ھەمیشە زیندوو نەفرەت لە بکوژانی  شەھیدانی قەڵەم.

 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×