ئێران جارێكی تر ناكۆكیە دەخاتە ناو ئیدارەكەی ترەمپ!

د.سه‌نگه‌ر سه‌ید قادر
  2019-06-14     980
هەرچەندە بۆڵتن‌و پۆمپیۆو ناتانیاهۆ هانی ترەمپ دەدەن بۆ وەشاندنی گورزێكی سەربازی لەئێران، بەڵام بەشێكی زۆر لەڕاوێژكارەكانی ترەمپ ئامۆژگاری ترەمپیان كردوە خۆی بەدور بگرێت لەكردەی سەربازی دژی ئێران چونكە كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر هەڵبژاردنی داهاتوی سەرۆكایەتی ئەمەریكا.

چونكە ترەمپ لەكاتی هەلبژاردنی سەرۆكایەتی ساڵی ٢٠١٦ بەڵێنی بەدەنگدەران دابو ڕێگە نادات جەنگێكی تر لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەلبگیرسێت و هێزە سەربازیەكانی ئەمەریكا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كەم دەكاتەوە و سەربازانی ئەمەریكا دەگێڕێتەوە ماڵەكانیان ئەگەر جەنگ هەڵبگیرسێنێ متمانەی دەنگدەران لەدەستدەدات.

هەروەها وەشاندنی گورزی سەربازی هیچ كاریگەریەكی لەسەر ئێران نابێت‌و تەنها بەرژەوەندی ئەمەریكا دەخاتە مەترسیەوەو كاریگەری سزاكان كەم دەكاتەوە، لەبری ئەوە پێشنیاریان كردوە ئەمەریكا هێرشە كەی دوێنی بقۆزێتەوە بۆ دروستكردنی هاوپەیمانێتیەكی سیاسی بەهێز دژی ئێران‌و لەقۆناغی یەكەمدا ناچاری بكەن لەسوریاو عێراق بكشێتەوە.

بەوەش لایەنی كەمی خواستی ناتانیاهۆ بەدی دێت و كارتێكی بەهێز دەبێت بۆ بەكارهێنانی لە هەڵبژاردنەكەی ١٧ئەیلولی ئیسرائیلدا، وە هەروەها دەستكەوتێكی گرنگیشە بۆ ترەمپ چونكە سەركەوتنی ناتانیاهۆ كاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر جارێكی تر هەڵبژاردنەوەی ترەمپ بۆ سەرۆكایەتی ئەمەریكا.

هەرچەندە وەڵام نەدانەوەی هێرشەكانی ئێران كاریگەری لەسەر شكۆی ئەمەریكا دەبێت بەڵام پێشنیاری ڕاوێژكارەكانی ترەمپ لە پێشنیاری بۆڵتن و پۆمیێۆ بەهێز تر و عەقڵانی ترە چونكە توند كردنی سزا ئابوریەكان لە كۆتایدا ئێران بە چۆكدا دێنێت و ڕژێمی ئێران توشی داڕمان دەكات ناتوانێت بۆماوەیەكی درێژ خۆی ڕاگرێت و لەلایەكی ترەوە پەیوەندی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی گەرم و گوڕتر دەكات بۆ تێپەراندنی پرۆژەی ڕێكەوتنی سەدە( صفقه‌ القرن).
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×