خەون بینینێک، یوسفی کرد بەپێغەمبەرو سەردەشت عوسمانی دا بەکوشت..

پێشڕەو حەمید
  2020-05-04     725

جەللادەکان لەبەرامبەر قوربانیەکانیاندا کێوێکی ئاگرینن و  لەبەردەم پێی گەوەرکانیاندا گرگنێکی مل شۆڕ .

ھێشتا دیار نیە  لەدوای عەبولستار شەریف ، سۆرانی مامە حەمە ، لەدوای سۆران ، سەردەشت عوسمان لە دوای سەردەشت ، کاوە گەرمیانی ، لەدوای کاوە گەرمیانی  ، ویدا ، لەدوای ویدا  کێ تر دەکوژن ؟ کەس نازانی چەندی تر تیرۆر دەکەن و لاشەکانیان لەکام تاریکیدا دەشارننەوە  .
لەسایەی دەسەڵاتە ملھوڕەکەی ھەرزە سیاسەکان و مەمللەکەتی تەورری بنەماڵەکان ،  تادێت برسێتی و قوت بڕین بەرەو ھەڵکشان دەڕۆن و  ئازادیەکانی تاکی کوردی زیاتر پێشێل دەکرێن و ئیھانەکردن و ڕفاندن  لەپەرەسەندندایەو  کەسیش جورئەت ناکات  بە دواداچونێک لەسەر  پاڵەوانەشاراوەکانی  لیژنەکانی  کوشتنی و ڕفاندنی حیزب بکات و دۆسێی تیرۆرکردنی ( سەردەشت و سۆران و کاوە ،  ویداد ) چەندانی تر ھەڵبداتەوە .. حیزبیە کوردیەکانی ئەمرۆ ئەو حیزبانەبوون کە لە " شاخ " یشدا بەشوێن بەھێزکردنی جەبەروتیەتی خۆیانەوە بون بۆیە جێگەی گومان نیە کە لە ژێرناوی تردا لە ئێستای" شار " دا شەرعیەت بەو لیژنانە بدرێت و کێ یان بوێت لە نەیارانی خۆیان بەڕۆژی ڕوناک بیرفێنن و دواتر بیان کوژن ، وەک چۆن بەرامبەر بە سەردەشت عوسمان کردیان ، ئەوان کێیان بوێت ناشرینی دەکەن و ناچاری ملشۆڕکردنیش دەکەن ، کوشتنی سەردەشت لەسەر خەون بینینێک نەبوو ، بەڵکو لەسەر خەونی زۆری ئەو گەنجەبوو  کە بەتەنھا دەیبینی و کەس وەک ئەو نەبوو ، کوشتنی سەردەشت  و سۆران و کاوە ، سەرەتای وانە دان و وفێرکردنی خەڵکی بوو  لەسەر فەلسەفەی "  کڕوکپ " کردن .. ھێشتا تاک و تەرا ھەن خەون دەبینن ، خەونێک پێش ئەوەی  بیگێڕنەوە بۆمان  وەک خونچە ھەڵدەورێن ..

لە ساڵیادی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان دا سڵاو بۆ ئەو ڕۆحانەی بە ناحەق شەھید کران .. دروود بۆ ئەو پێنووسانەی بەخوێن دەنوسنەوە و لەسەر وتنی جوانی و ڕاستی ناودەمیان پرکرا لە گوللـەی غەدر .. 
بیرتان نەچێت یادی تیرۆرکردنی  سۆرانی مامە حەمە و  کاوە گەرمیانیش بەڕێوەیە !

 

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×