هێزەكانی سوریا گەمارۆی پێگەیەكی سوپای توركیا لە ئیدلب دەدەن
  2019-08-23       2194       

هێزەكانی سوپای سوریا، خاڵێكی چاودێری سوپای توركیا لە شارۆچكەی "مورك" لە باشوری ئیدلب گەمارۆ دەدەن كە گەورەترین خاڵی چاودێری سوپای توركیایە لە ئیدلب و دەوروبەری كە سوپای توركیا بەپێی رێككەوتنی لەگەڵ روسیا 12 پێگەی سەربازی لەو پارێزگایەی سوریا هەیە.

ئاوێنە: بەپێی روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ، هێزەكانی سوپای سوریا، ئەمڕۆ هەینی 23ی ئابی 2019 توانیویانە گەمارۆی خاڵیكی چاودێری سوپای توركیا لە شارۆچكەی مورك-ی باشوری پارێزگای ئیدلب بدەن، ئەوەش دوای پێشڕەوی زیاتری سوپای سوریا دێت لە ناوچەكە.

رامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری روانگەی سوری رایگەیاندوە، لەئێستادا هێزەكانی حكومەتی سوریا، خاڵێكی چاودێری سوپای توركیایان لە "مورك" داوە ئەوەش دوای ئەوەی تەواوی گوندو شارۆچكەكانی نزیك ئەو "مورك"یان لە گوندەواری باكوری "حەمات"ی دراوسێی ئیدلب كۆنترۆڵ كردوە.

بەپێی روانگەی سوری، ئەو خاڵەی چاودێری سوپای توركیا بە گەورەترین خاڵی چاودێری سوپاكە لە ئیدلب و دەوروبەری دەژمێردرێت كە سوپای توركیا لەچوارچێوەی رێككەوتنی لەگەڵ روسیا سەبارەت بە كەمكردنەوەی گرژییەكان لە ئیدلب هەیە. 

دوای زیاتر لە سێ مانگ لە بۆردومانی چڕی سوریا و روسیا بۆ سەر ناوچەكانی ئیدلب و دەوروبەری، رۆژی 8ی ئەم مانگە سوپای سوریا دەستیانكرد بە پێشڕەویكردن لە گوندەواری باشوری ئیدلب بە پشتیوانی هێرشی ئاسمانی روسەكان. 

رۆژی چوارشەممەی هێزەكانی سوریا توانیان شاری ستراتیژی خان شەیخون كۆنترۆڵ بكەنەوە ئەوەش دوای ئەوەی چەكدارانی "ئەحریر شام(بەرەی نوسرەی پێشو)"و گروپەكانی دیكەی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لەناوچەكە كشانەوە.

رۆژی دوشەممەش كاروانێكی سوپای توركیا كە بەرەو "مورك" بەڕێوەبو كرایە ئامانجی بۆردومانی هێزەكانی سوریاو بەوەش نەیتوانی رێگەكەی تەواو بكات و پاش ئەوە هێزەكانی سوریا رێگەی نێودەوڵەتی حەڵەب-دیمەشقیان كۆنترۆڵ كردەوە لەگەڵ پێشڕەویان لە خان شەیخون و دەوروبەری. 

ئەنكەرە بە توندی ئیدانەی كردنە ئامانجی كاروانی سەربازی وڵاتەكەی كردو وتەبێژی سەرۆكایەتی توركیا، ئیبراهیم كاڵن درەنگانێكی رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، ناكرێت خاڵی چاودێری سەربازی لە "مورك" دابخرێت یاخود بگوازرێتەوەو جەختیشی كردەوە كە ئەو خاڵە لە شوێنی خۆی دەمێنێتەوەو سەرجەم خاڵەكانی دیكەی چاودێری توركیا بەردەوام دەبن لەكارەكانیان. 

 

سەرچاوە: دوێچەڤیلە


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×