سەعدی پیرە: یەكێتی هیچ ناوێكی تازەی نەخستۆتە سەر لیستی موچەخۆران
  2024-08-28       565       

سەعدی پیرە، وتەبێژی یەکێتی دەڵێت، حزبەکەی هیچ ناوێکی تازەی نەخستوەتە سەر لیستی موچەخۆرانی هەرێم و دژی زیادکردنی ناوی نوێیە بۆ لیستی موچەخۆران، بڕینی موچەی ناوە زیادکراوەکانیش بەباشترین چارەسەر بۆ ئەم کێشەیە دەزانێت. هەروەها دەشڵێت، یەکێتی دژی "مناقەشەی بێمانایە" لەسەر هەژماری من.

ئاوێنە: سەعدی پیرە، وتەبێژی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"لیستی موچەخۆران ئێمە نایکەین وەزارەتی دارایی دەیکات و سەرپەرشتی دەکات، داخڵ کردنی یەکێتی بەو قەزیەیە نازانین بۆ؟ ئەگەر ئێمە ناومان زیادکردوە لە کوێیە کام وەزارەت ئاسایش پێشمەرگە کامیان؟ ئەوەی لە وەزارەتی ناوخۆ 2000 کەسێک زیاد کراوە ئێمەی تێدا نییە، لە پێشمەرگە باس لە 30 هەزار دەکرێت یان لە پەروەردە هی ئێمە نین و ئێمە زیادمان نەکردون واتە لە سلێمانی ناوی نوێ زیاد نەکراوە بۆ لیستی موچە."

وتیشی،" یەکێتی دژی زیادکردنی ناوی نوێ و بە بارمتەگرتنی موچەی هاوڵاتیانە، دەبێت ئەو هەژمارە حسابی بۆ بکریت کە هاوڵاتیان لە ڕێگەیەوە دەتوانن موچەکانیان وەربگرن، دژی و مناقەشەی بێ مانایە لەسەر هەژماری من."

زیاتر لە 55 ڕۆژە موچەخۆرانی هەرێم موچەیان وەرنەگرتوە، نوێنەرە کوردەکانیش لە بەغداد دەڵێن، بەهۆی هەبونی كێشەیە لە لیستی موچەی موچەخۆراندا و یەکێک لە کێشە سەرەکیەکانیش دەگێڕنەوە بۆ زیادکردنی ناوی نوێ بۆ لیستی موچەی موچەخۆرانی هەرێم، جگە لەمە لایەنەکانیش یەکتری "تۆمەتبار" دەکەن بە هۆکاری دواکەوتنی موچە.

دوێنێ سێشەممە، ڕێبوار ئەوڕەحمان پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە بەغدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" نزیکەی 30 هەزار ناوی نوێ بۆ لیستی موچەخۆران زیادکراوە کە مانگانە دەکاتە زیاتر لە 100 ملیار دینار" بۆیە بەغداد ئامادە نییە موچەی مانگی حەوت بنێرێت و بە حکومەتی هەرێمی وتوە، کە پێویستە لە زیادەی موچەی مانگەکانی 2، 3، 4، 5، 6 دابینی بکات.

بەڵام وتەبێژی یەکێتی لەو بارەیەوە وتی،"نەوەی نوێ بۆ ڕازیکردنی پارتی یەکێتی دەخاتە بابەتەکانەوە."

وتەبێژی یەکێتی وێڕای جەخت کردنەوە لەوەی حزبەکەی بێبەریە لە زیادکردنی ناوی نوێ، وتیشی"ئەگەر حکومەتی هەرێم یان لایەنێک دەیەوێت ناو زیاد بکات با بە ئاگاداری عێراق بێت."

سەعدی پیرە وتی،"عێراق لە خۆیەوە موچەی خەڵک نابڕێت، ناو زیاد دەکرێت بۆیە موچە دەبڕێت و کيشەی بۆ دروست دەکرێت، ئەگەر دەیانەوێت ناو زیاد بکەن و خەڵک دابمەزرێنن، با داوا لە عێراق بکەن، بەڵام بە بێ ڕەزامەندی عێراق نابێت."

وتیشی،"پێویستە عێراق موچەی ئەوانە ببڕێت کە لە لیستەکە زیاد دەکرێن، ئەوانەشی تەواون و گومانیان لەسەر نییە دەبێت موچەکانیان بنێرێت، پارتی واز لە زیادکردنی ناو ناهێنێت یەکێتی دژی ئەوەیە، بابەتی هەژماری من و هەژماری تۆ و زیادکردنی ناو دەبێ کۆتایی پێ بهنرێت، پێمان وایە دەبێت ئەو بڕیارەی لە مەحکەمەی ئیتیحادی بڕیاری لێدراوە سەبارەت بە موچە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت."

وێڕای ناوهێنانی پارتی بە زیادکردنی ناوی نوێ بۆ لیستی موچە لەلایەن هەریەکە لە وتەبێژی یەکێتی و پەرلەمانتارەکەی نەوەی نوێوە، بەڵام پەرلەمانتارێکی پارتی ڕەتیكردەوەو وتی"ئەو بابەتە پەیوەندی نییە بە پارتیەوە."

شوان محەمەد پەرلەمانتاری پارتی لە بەغدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"بەیاننامەی فەرمی بەڕیوەبەرایەتی گشتی ژمێریاری وەزارەتی دارایی هەیە کە جەخت دەکاتەوە لە مانگی حەوت بە بەراورد بە مانگی هەشت 577 کەس لە کۆی لیستەکان کەمی کردوە نەک زیادی کردبێت، تەنیا ئەوانە نەبێت کە لە ڕابردودا چەندین کەس بایۆمەتری نەکردوە لە هەمو سلکە مەدەنی و سەربازیەکان لە خودی عێراقیش ئەم بابەتە هەیە، جگە لە موچەی هەندێک لە مامۆستایانی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم موچەیان لەسەر هەرێمە، بەڵام لە لیستەکەدا ناویان نەنوسراوە، بەشێکی تریش جگە لە موچەی خۆیان چاودێری کۆمەڵایەتیش وەردەگرن کە دەبو عێراق ئەوە ببڕێت نەک موچەی فەرمانبەریەکەیان."

وتیشی،"ئەوەی وەزارەتی دارایی و وەزیری دارایی عێراق دەیکات ئەجێندای سیاسی و دەستی سیاسی لە پشتە بۆ سزاداری هەرێمی کوردستان و خەڵکی هەرێمی کوردستان، ئێمە وەک پارتی چ پەیوەندیمان بەو با بەتەوە هەیە هەرچی دەکرێت وەزارەتی دارایی هەرێم خۆی دەیکات."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×