كەشناسی هەرێم پێشبینی دەكات، ئەمڕۆ شەممە، باران بارین لە ناوچە جیاجیاكان بەردەوام بێت و لە پارێزگای سلێمانی و هەندێك لە قەزاو ناحیەكانی رۆژهەڵاتی هەرێمیش بەفر ببارێت.
ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا وتی، ئەمڕۆ شەممە، ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی نمەباران لە ناوچە جیاجیاكان و هەندێك كات بارانی مامناوەند دەبارێت بەتایبەت لە بەشی باشوری هەرێم و ئیدارەی گەرمیان و بەشێك لە پارێزگای سلێمانی.
ئەوەشی خستۆتەڕو، هەر ئەمڕۆ لە ناوچە شاخاوییەكان بەفر بارین دەبێت و پێشبینی دەكرێت لە پارێزگای سلێمانی و هەندێك لە قەزا و ناحیەكانى ڕۆژهەڵاتی هەرێم بەفر بارین هەبێت. پلەکانی گەرماش 2 تا 3 پلە نزمتر دەبن لە تۆمارکراوەکانى دوێنێ.
هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، سبەی یەكشەممە، بەگشتی ئاسمان پەڵە هەور و نیمچە هەور دەبێت و پلەکانی گەرماش نزیک دەبن لە تۆمارەکانی ئەمڕۆ.
كەشناسی هەرێم پێشبینی كردوە بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی بەم جۆرە بن: ھەولێر: 11، سلێمانی: 7، دھۆک: 10، کەرکوک: 11، ھەڵەبجە: 8، زاخۆ: 10، حاجی ئۆمەران: -1، سۆران: 8، گەرمیان: 13 پلە.