دەمپارتی: وەفدی ئیمراڵی بۆ جاری سێیەم سەردانی ئۆجەلان دەكەن
  2025-02-24       469       

هاوسەرۆكی فراكسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی توركیا رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتودا، وەفدی حزبەكەیان بۆ جاری سێیەم سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلان لە ئیمراڵی دەكەنەوە. دەشڵێت، لەدوای ئەو سەردانە وادەی پەیامە مێژوییەكەی ئۆجەلان دیاری دەكرێت.

ئاوێنە: گوڵستان کلچ کۆچیگیت، هاوسەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند، لەماوەی چەند رۆژی داهاتودا، وەفدی ئێمە جارێكی دیكە دەچنەوە ئیمراڵی، بۆ سەردانەكە ئەمڕۆ یان سبەی، داواكاریی پێشكەش دەكرێت.

ئەوەشی خستەڕو، لە دیداری ئەمجارەی ئیمراڵیدا، لەگەڵ ئۆجەلان، بەتایبەت باس لە ئەنجامی ئەو كۆبونەوانە دەكرێت كە وەفدی ئیمراڵی لە باشوری كوردستان ئەنجامیان داون.

هاوسەرۆكی فراكسیۆنی دەم پارتی وتیشی، لەدوای ئەو دیدارە، وادەی ئەو پەیامە مێژوییە دیاری دەكرێت كە ئۆجەلان پێشكەشی دەكات، ئەوەش سەرەتای قۆناغێكی نوێ دەبێت بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد. ئێمە دەزانین ئەو پەیامە هەر دەدرێت.

گوڵستان کلچ کۆچیگیت ئاماژەی بەوەشدا، ئێمە جارێكی دیكە جەخت لەوە دەكەینەوە كە دەبێت لەلایەن كۆمەڵگەو لایەنە سیاسییەكانەوە، ئیدانەی ئەو كارانە بكرێت كە دەبنە مایەی رێگری و لاوازكردنی زەمینەی سازانی كورد و تورك.

هێمای بۆ ئەوەش كرد، لەدوای پەیامە مێژوییەكەی ئۆجەلان، بەرپرسیارێتییەكی گەورە دەكەوێتە سەر شانی پەرلەمان، داوا لە پەرلەمان دەكەین لەدوای پەیامە مێژوییەكە، بە بەرپرسیارێتی خۆی هەڵسێت و شانی خۆی بخاتە ژێر بارەكەو داخوازییەكانی ئەو پەیامە بەجێبهێنێت، بۆ ئەوەش دەبێت دەستبەجێ، دەست بە كارەكانی بكات بۆ هەمواركردنی یاساكان.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×