وەزارەتی دارایی عێراق رەتیدەكاتەوە كە پارەی دانراوی هاوڵاتیانیان لە بانكەكانی رەشید و رافیدەین راكێشابێت و دەڵێت، ئەو پارانەی لە بانكەكانی رەشیدو رافیدەن راكێشراون پارەی هاوڵاتیان یان دەستمایەی بیمەی بانکەکان نین، بەڵکو سەر بە حساباتی سیادی وەزارەتی دارایین.
ئاوێنە: وەزارەتەكە، ئەمڕۆ شەممە، راگەیەندراوێكی لەبارەی ئەو هەواڵانە بڵاوكردەوە كە باس لە راكێشانی پارە لە بانکەکانی رافیدەین و رەشید دەكەن.
وەزارەتی دارایی عێراق وتویەتی، ئەو پارانەی راكێشراون پارەی دانراوی هاوڵاتیان یان دەستمایەی بیمەی تایبەت بە بانکەکان نين، بەڵکو سەر بە حساباتی سیادی وەزارەتی دارایین.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو پارانە وەک ئامرازێکی کاتیی بەکارکردن لەم بانکانەدا پارێزرابون و دوای كۆتایهاتنی پێویستییان، گواسترانەوە بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی بودجەی گشتیدا تەرخانبکرێنەوە.
جەختیشی كردۆتەوە كە بانکەکانی رافیدەین و رەشید پارەیەكی زۆر و یەدەگێكی نەختینەی زیاتر لەو رێژەیەیان لەبەر دەستدایە، کە بانکی ناوەندی دیاری کردوە.
بەپێی قسەی وەزارەتی دارایی عێراق بانکەکانی رافیدەین و رەشید ئەرکەکانیان بەشێوەیەكی رێكخراو لە خەرجکردنی موچەو دابینکردنی دارایی پڕۆژەکان و جێبەجێکردنی بەڵێنەكانیان بە پابەندبون بەرامبەر بە سەوداكاران ئەنجام دەدەن.
وتوشیەتی، یەدەگی یاسایی بانکی رافیدەین لە ئێستادا نزیکەی (9) ترلیۆن دیناری عێراقییە، ئەوەش رەنگدانەوەی بەهێزی پێگەی دۆخی داراییەتی.
هێمای بۆ ئەوەش كردوە، ئەو دزیانەی پێشتر کاریگەرییان لەسەر هەندێک لە هەژمارەكانی سپاردەكان هەبوە، بەهۆی ئەوەوە رویدا ئەم بڕە پارانە بۆ ماوەیەکی زۆر بێ جوڵەكردن مانەوە، ئەوەش کەلێنی تەکنیکی دروستکردو تۆڕەکانی گەندەڵی قۆستیانەوە، ڕێوشوێنی نوێی چاودێریمان گرتووەتەبەر بۆ کەمکردنەوەی ئەم مەترسیانە.
وتوشیەتی، پشت بە هاوڵاتی و هۆشیارییەکەی دەبەستین بۆ جیاکردنەوەی ئەو پاڵنەرە چەواشەکارانەی کە لەلایەن هەندێک لەوانەی لەسەر هێزە سیاسییەکان هەژمار دەكرێن، برەوی پێدەدەن.
ئەوەشی خستۆتەڕو، ئاستی شەفافیەتی دارایی و ئابوری کە حکومەت کاری پێدەکات، ئاڕاستەیەكی بێ وێنەیەو، ریزبەندی متمانەی عێراقی بەرزکردۆتەوەو وەبەرهێنانە جیهانییەکانی راکێشاوە، دوای ئەوەی ئابوری عێراق دیلی بەرخۆری و پشتبەستن بە نەوت بو.
وەزارەتی دارایی عێراق وتوشیەتی، حکومەت بەردەوام دەبێت لە رێبازی خۆی بۆ چاکسازی ئابوری و بەهێزکردنی کاری بانکی و بەڕێوەبردنی دارایی، بە درۆی نزم ناوەستێت، کە ئامانج لێی ژاوەژاو و تێکدانی ئەو متمانەیەیە کە هاوڵاتیان بە كاری حکومەتیان هەیە.