محەمەد باقر قالیباف، سەرۆكی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، لە پێشنیارەكەی ئەمریكا هیچ ئاماژەیەك بە هەڵگرتنی سزاكان نەدراوەو ئەوەش نیشانی دەدات كە رەفتاری ئەمریكا لە دانوستانەكاندا لێكدژە.
ئاوێنە: محەمد باقر قالیباف، سەرۆكی پەرلەمانی ئێران لە وتەیەكدا لە دانیشتنی پەرلەمانی وڵاتەكەیدا وتی، جارێكی دیكە جەخت دەكەینەوە كە ئێران ئامادەیە لەبەرامبەر هەڵگرتنی سزاكان و لەپاڵ پاراستنی مافی پیتاندنی یۆرانیۆم لەنێوخۆی وڵات، دڵنیایی پێویست بدات لەبارەی سەلماندنی ئاشتیبونی بەرنامە ئەتۆمییەكەی.
سەرۆكی پەرلەمانی ئێران وتوشیەتی، بەڵام ئەوەی كە پێشنیارەكەی ئەمریكا تەنانەت هیچ ئاماژەیەكی بە هەڵگرتنی سزاكان نەكردوە، نیشانی دەدات كە رەفتاری ئەمریكا لە دانوستانەكاندا لێكدژو راست نییە.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەمریكا لەلایەكەوە زەردەخەنە دەكات و باس لە كرانەوەی ئابوریی بۆ ئێران دەكات بەڵام لە كردەوەدا نەك بەدوای ئەمەوە نییە، بەڵكو دەیەوێت ئێمە لە مافی نێودەوڵەتی خۆمان بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بێبەش بكات و تەنانەت بەڵێنی هەڵگرتنی سزاكانیش نادات، ئاشكرایە كە هیچ لۆژیكێكی عەقڵانی رێككەوتنێكی تاكلایەنەو سەپێندراوی وا، قبوڵ ناكات.
قالیباف وتیشی، سەرۆكی ئەمریكا ئەگەر بەڕاستی رێككەوتنی دەوێت دەبێت رێبازی خۆی بگۆڕێت و دەست لە هاوبەشیكردن لەگەڵ ئیسرائیل و شوێنكەوتنی بیرۆكە شكستخواردوەكانی نەتەنیاهۆ ببێت.