"یەكەم دانوستانی وەفدی هاوبەشی كوردی لەگەڵ دیمەشق لەنزیكترین كاتدا بەڕێوەدەچێت"
  2025-06-08       126       

نەسرەدین ئیبراهیم، ئەندامی وەفدی هاوبەشی كورد رایگەیاند، لەنزیكترین كاتدا یەكەم دانوستانی وەفدەكەیان لەگەڵ ئیدارەی دیمەشق بەڕێوەدەچێت و لە داواكانییاندا جەخت لەسەر لامەركەزیەت دەكەنەوە.

ئاوێنە: نەسرەدین ئیبراهیم، ئەندامی وەفدی هاوبەشی كورد بۆ دانوستان لەگەڵ دیمەشق، بە ئاژانسی نۆرس پرێسی راگەیاند، ئامادەکارییەکان بۆ خولی یەکەمی دانوستان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دیمەشق بەردەوامن، ئەگەری ئەوەش هەیە ناوێکی دیکە بۆ وەفدەكەیان زیاد بکرێت و فراوانتر بکرێت، پێشنیاری بیرۆکەی پێکهێنانی لیژنەی راوێژکاریش بۆ پاڵپشتیکردنی وەفدەكە دانوستانکار بکرێت.

رۆژی 4ی ئەم مانگە پێکهێنانی وەفدی هاوبەشی کوردی بۆ دانوستان لەگەڵ ئیدارەی دیمەشق و لایەنە نێودەوڵەتییەکان و لایەنە کوردییەکان راگەیەندرا.

نەسرەدین ئیبراهیم، لە بەشێكی تری قسەكانیدا وتویەتی، لە نزیكترین كاتدا یەکەم دانیشتنی دانوستانەکان بە گوێرەی باردۆخی هەماهەنگی بەڕێوەدەچێت.

رونیشیکردوەتەوە: دانوستاندنەکان لەگەڵ دیمەشق، هێڵە فراوانەكانی بناغەی چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە سوریا لەخۆدەگرێت، پاڵپشت بە بڕیارەکانی کۆنفرانسی یەکڕیزیی کورد، کە لە (26)ی نیسان لە قامیشلۆ بەڕێوەچو.

جەختیشكردۆتەوە: داواکارییەکانی کورد پێداگری لەوە دەكاتەوە، سوریای داهاتو دەوڵەتێکی دیموکراسی، پەرلەمانی، فرەیی و لامەركەزی بێت، که بوەته داخوازییەکی هاوبەشی زۆرینەی پێکهاته نیشتمانییەكانی سوریا.

ئەوەشی خستۆتەڕو: ئەم ئاڕاستەیە لە سایەی شکستهێنانی مۆدێلی دەوڵەتی ناوەندیی تاکڕەودایە، کە بوە هۆی وێرانکاری و خوێنڕشتنی بەرفراوان، ئەوەش وادەكات پێویست بە بونیادنانی سیستەمێکی سیاسی نوێ بکات، کە خواستی هەمو سورییەکان فەراهەمبكات.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×