عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لە سایەی بەردەوامیی هێرشەكانی ئیسرائیلدا، هیچ پاساوێك بۆ درێژەدان بە دانوستانەكان لەگەڵ ئەمریكا نییە.
ئاوێنە: بەپێی میدیای رەسمی ئێران، ئەو قسانەی عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ شەممە، لەمیانی پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا هاتون لەگەڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا.
عەباس عراقچی وتویەتی"پشتبەست بە پەیام و لیدوانەكانی سەرۆكی ئەمریكا، هەنگاوە دوژمنكارانەكانی رژێمی زایۆنی، ئەنجامی پشتیوانییە راستەوخۆكان ئەمریكان. بەردەوامی دانوستانە ناڕاستەوخۆكانی ئێران و ئەمریكا لە دۆخێكدا كە دڕەندەییەكانی رژێمی زایۆنی بەردەوامیان هەیە، هیچ پاساوێك هەڵناگرێت."
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشداوە كە خوازیاری كاردانەوەی جدی جیهان و ئیدانەكردنی دەستدرێژییەكانی ئیسرائیلن لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا عراقچی ئاماژەی بەوەداوە كە بڕیارنامەكەی ئەم دواییەی ئەنجومەنی پارێزگاران لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لەدژی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران، بیانو و زەمینەخۆشكەر بوە بۆ هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران.
جەختیشی كردۆتەوە كە ئێران مافی خۆی بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێكی ئیسرائیل بەكاردەهێنێت.
بەپێی میدیای ئێران لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا نیگەرانی خۆی دەربڕیوە بەرامبەر بە گرژی و ئاڵۆزییەكان لە ناوچەكەو ئامادەیی یەكێتی ئەوروپای دەربڕیوە بۆ پشتیوانیكردن لە هەوڵە دیپلۆماسییەكان لە ئەنجومەنی ئاسایش و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بە ئامانجی كەمكردنەوەی گرژییەكان و گەڕاندنەوەی سەقامگیری و ئاسایش بۆ ناوچەكە.