بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، ڕۆژی شەممە 28ی مانگ وەزارەتی پەروەردە كۆدەبێتەوە بڕیاری نوێ دەدات و دەشڵێت: پڕۆسەی خوێندنی ئۆنلاین سەركەوتوو نەبووە.
ئاوێنە: نەژاد عەبدوڵا، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا بۆ میدیاكان وتی، “ئەمساڵ خوێندن بەشێوەیەكی ئاسایی ڕۆیشت لە وەرزی یەكەمدا، بەڵام لە وەرزی دووەمدا بەهۆی دۆخی ئەو شەڕەی وڵاتانی ناوچەكەی گرتۆتەوە لە دوو كاتی جیاوازدا بە دوو ڕاگەیەنراوی جیاواز وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا كردویانە بە پشوو.
وتیشی، “پشوو لە 29ی مانگ كۆتایی دێت و لە ڕۆژی شەممە 28ی مانگ وەزارەتی پەروەردە كۆدەبێتەوە بڕیاری نوێ دەدات و گیانی خوێندكاران و مامۆستایان بەهەند وەردەگیرێت”.
ڕاشیگەیاند، چەند پێشنیارێك هەیە دەربارەی پڕۆسەی خوێندن، یان بە كەم كردنەوەی پڕۆگرامەكان یان درێژكردنەوەی هەفتەیەك دەوام بەهۆی پشووەكانەوە”.
دەربارەی خوێندنی ئۆنلاین و كرێی خوێندنی خوێندنگە ئەهلییەكان وتی، “پێشتر ئەزموونمان لەگەڵ خوێندنی ئۆنلاین هەبووە و سەركەوتوو نەبووە، بۆ بابەتی كرێی خوێندنیش بەپێی بارودۆخەكە بڕیار دەدرێت”.
جەختیشی كردۆتەوە، ڕۆژی شەممە بە هەڵسەنگاندنی دۆخەكە وەزارەتی پەروەردە بڕیار دەدات.