سەرۆکی پارتی لەسەر هێرشەکەی حەشدی شەعبی بۆسەر لیوای حەوتی پێشمەرگە لە سۆران هاتە دەنگ و دەڵێت، ئەو پەلامارە دوژمنکارانەیە و "هیچ پاساوێک هەڵناگرێت".
ئاوێنە: بارەگای بارزانی نوسراوێکی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە "زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو پەلامارە دەكەم کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بە موشەکی ئێرانی كرایە سەر بارەگاكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان".
ئەوەشی وتووە "بە داخێكی زۆرەوە لە ئەنجامدا ژمارەیەك پێشمەرگەی قارەمان شەهید و ژمارەیەكی تریش بریندار بوون. پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خانەوادەی شەهیدانی ئەو پەلامارە ناڕەوایە دەكەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم و هیوای چاكبوونەوەی خێرا بۆ برینداران دەخوازم".
بارزانی وەکو هەڵوێستێک بۆ ئەو هێرشيیە دەڵێت "ئەو پەلامارە دوژمنكارانەیە و، هیچ پاساوێك هەڵناگرێت".
هەروەها لە نوسراوەکەیدا سەرۆکی پارتی ئەوەشی خستووەتە روو، "ئەوە بۆ جاری چەندەمە ئەم جۆرە هێرشانە بە بێ گوێدانە بنەماكانی دراوسێتی و یاسای نێودەوڵەتی بەرامبەر هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت".
"ئەوە لە حاڵێكدایە كە هەرێمی كوردستان بەشێک نەبووە لەم شەڕەی ئێستا لە ناوچەکەدا هەیە و هیچكات هەڕەشە نەبووە بۆسەر دراوسێکان. پێشمەرگە ئازیزترین و بەنرخترین سەرمایەی گەلەکەمانە". مەسعود بارزانی لەکۆتایی نوسراوەکەیدا وای وتووە