کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی لە زاری سێ سەرچاوەی ئاگادارەوە ئاشکرایکرد، ئەمریکا تاوتوێی ئەگەری راگەیاندنی ئاگربەست لەگەڵ ئێران بۆ ماوەی یەک مانگ دەکات.
ئاوێنە: کەناڵی 12ـی ئیسرائیل راپۆرتێکی لەبارەی چۆنییەتی راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران بڵاوکردووەتەوە، بەگوێرەی راپۆرتەکە ناوەندە سیاسی و سەربازییەکانی تەلئەڤیڤ ترسیان هەیە لەوەی رێککەوتنێکی چوارچێوەیی گشتی لەگەڵ ئێراندا واژۆ بکرێت، لە کاتێکدا گفتوگۆکان بابەتە گرنگەکانی وەک دۆسیەی ئەتۆمی، بەرنامەی مووشەکی و هەژموونی ناوچەیی ئێران دەگرێتەوە.
ئەم راپۆرتە لە کاتێکدا بڵاودەبێتەوە ناوچەکە لەژێر گرژییەکی سەربازی و دیپلۆماسی چڕدایە، لەلایەک ئەمریکا هەوڵی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لەگەڵ تاران دەدات، لە لایەکی دیکەشەوە ئیسرائیل تێبینی و ناڕەزایەتی بەرامبەر بەهەر رێککەوتنێک هەیە کە هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی تواناکانی ئەتۆمی و سەربازیی ئێران لەخۆ نەگرێت.