بەھۆی نەبونی پشتیوانی و پاڵپشتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کێڵگە پەلەوەریەکان وە بەرزبونەوەی نرخی سوتەمەنی و عەلەف سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان داوای دەستبەرداربون لە پۆستەکەی دەکات.
ئاوێنە: نازم عربدوڵا جاف، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان لە پەیامێکدا کە ئاراستەی خاوەن کێڵگە پەلەوەریەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و حکومەتی ھەرێمی کوردستانی کردوە دەڵێت" داوا لە ھەموو خاوەن کێڵگە پەلەوەریەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی دەکەم لە قەڵادزێوە ھەتا کەلارو کفری ھەڵبژاردنێکی یاسای بکەن و سەرۆکێکی نوێ دیاریبکەن چونکە لە ئێستادا ماوەی سەرۆکایەتی من بەسەر چووە بەپێی یاسای ھەڵبژاردنی ڕێکخراوەکان کاتی ھەڵبژاردنە، کە من لەماوەی چەندین ساڵی رابردودا بەبێ بەرامبەر ئەم ئەرکەم خستۆتە سەرشانم و ھەرچی توانیومە کردوومە بۆ پارێزگاری لە بەرھەمی نیشتیمانی کەرتی پەلەوەر".
نازم جاف،جارێکیتر پەیامی خۆی ئاراستەی حکومەت دەکات کە بێدەنگن و بەدەم داواکاری کۆمەڵەکەوە نەھاتووە کە بەردەوام داوای دانانی لیژنەیەکی چاودێرییان کردووە بۆ دیاریکردنی نرخی مریشک و جوچک و عەلەف پێدانی سوتەمەنی و کارەبا بەنرخی پاڵپشتی.
سەرۆکی کۆمەڵی کێڵگە پەلەوەریەکان دەڵێت" بەھۆی نەبونی چاودێری لەسەر کارگەکانی عەلەف لەئێستادا بەردەوام نرخ بەرز دەبێتەوە نزیک بۆتەوە لە ٨٠٠ ھەزار دینار بۆ ھەر تەنێک کەپێشتر نرخی ٦٢٠ ھەزار دیناربووە، کە ئەمش وادەکات لە چەند مانگی داھاتودا نرخی مریشک لەسەر ھاوڵاتیان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبێتەوە ماوەی دومانگە زیاترە خاوەن کێگە پەلەوەریەکان بەھۆی بەرزبونەوەی نرخی عەلەف و خراپی جوچک لە زەرەردان بۆیە لەمەودوا خۆیان ناخەنە ژێرباری ئەو زەرەرو زیانانە".
لەکۆتای قسەکانیدا نازم جاف داوا دەکات لایەنە پەیوەندیدارەکان بەزووی بێنە سەرخەت بۆ دەستنیشانکردنی لیژنەی چاودێری بۆ تەواوی تێچوی بەرھەمی کەرتی پەلەوەر.