سەرۆك وەزیرانی عێراق بەتەلەفۆن لەبارەی هێرشکردنە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک قسەی لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان كردووە و سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کردووە.
ئاوێنە: نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەمیانی راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردووە "محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق بەتەلەفۆن قسەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كردووە سەبارەت بە دواین پەرەسەندنەكانی دۆخی عێراق و ناوچەكەو لایەنە ئەمنییەكان لەسەر ئاستی نیشتمانی و جەختكردنەوە لەسەر ئاسایش و سەقامگیری".
ئەوەش هاتووە "لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا سودانی سەركۆنەی ئەو هێرشەی كردووە كە كراوەتە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە پارێزگای دهۆك و ستایشی هەڵوێستە نیشتمانییەكانیی نێچیرڤان بارزانی و پابەندبوونی بە پتەوکردنی یەکڕیزی نێوان هەموو عێراقییەکان کردووە".
هەروەها سودانی فەرمانیداوە بە دروستكردنی تیمێكی ئەمنی و هونەری هاوبەش لە دەزگا ئەمنییەكانی حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم بۆ لێكۆڵینەوە لە رەهەندەكانی هێرشەكەو، دەستنیشانكردنی تاوانباران و گرتنەبەری هەموو رێكارێكی یاسایی پێویست لە دژیان.
هەر بەپێی راگەیەندراوەکە، سودانی پابەندبوونی حکومەتی دووپاتکردەتەوە بۆ ڕێگریکردن لەهەر لایەنێکی دەرەوەی یاسا، ناوچەیی، یان نێودەوڵەتی لە ڕاکێشانی عێراق بۆ ناو ململانێی بەردەوام لە ناوچەکەدا.