بڕیاربوو هەفتەی پێشوو حکومەتی هەرێم بڕیار لە ناردنی داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا بدات، بەڵام بەوتەی ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق کە قسەی بۆ ئاوێنە کردووە ناردنی ١٢٠ ملیار دینارەکە و مووچەی مانگی ٣ نادیارە، هەر بەوتەی ئەو "حکومەتی هەرێم کار لەسەر ئەوە دەکات داهاتی نانەوتی نەهێڵێت و هەربۆیە زۆربەی کارەکانی داوە بە کۆمپانیا و داهاتی کەمیکردووە".
ئاوێنە: ئەمڕۆ شەممە، د.غالب محەمەد، ئەندامی رەوتی هەڵوێست لە پەرلەمانی عێراق لەمیانی لێدوانێکدا بۆ ئاوێنە، دەڵێت "هەرێمی کوردستان کار لەسەر ئەوە دەکات داهاتی نانەوتی نەهێڵێت و بیدات بە کۆمپانیا، هەربۆیە کە زۆربەی وەزارەتەکانی دا بە کۆمپانیا داهاتی نانەوتی کەم دەکات، بەنمونە ئێستا داهاتی کارەبا حسابمان کردووە بۆ یەک مانگ داهاتەکەی ١٠٠ ملیار دینارە، ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتەکەش کە دراوە بە پاڵاوگەکان داهاتەکەی ١٣٧ ملیار دینارە بۆ یەک مانگ".
ئەو پەرلەمانتارە دەپرسێت بۆچی حکومەتی هەرێم لەکۆتایی مانگکدا دەڵێت من ناتوانم داهاتی نانەوتی بنێرم و تاوەکو بەغدا لیژنەیەک دروست بکات و بڵێت وەرن سەیری مەرزەکانم بکەن کە داخراوە؟، چونکە "بەپێی بەدواداچونەکانی ئێمە هەموو مەرزەکانی هەرێم بەتایبەت سنوری پارتی وەکو حاجی ئۆمەران و ئەوانەی دیکە دوو ژمارە حسابی داناوە؛ کە ژمارە حسابێکی بۆ خۆیەتی و ئەوەی دووەم بۆ عێراق".
د. غالب زیاتری رونکردەوە "لەمەرزی ئیبراهیم خەلیل لەناو گومرگدا باج وەردەگیرێت دواتر دەنێردرێن لە پشت عەلوەکەش گومرگێکی دیکە لە هاوڵاتییان وەردەگرن، ئەمە بەڕاستی دەوڵەتداری نییە و بەوجۆرەیە کڵاو بۆ خەڵک بدوری".
وتیشی "حکومەتی هەرێم راست ناکات کە دەڵێت دانە غاز کار ناکات، بەڵکو ماددەی (کۆندێسەیتی) هەرێمی کوردستان بە قاچاغ دەڕوات بۆ سوریا ئەو ماددەیە لەگەڵ غازدا بەرهەمدەهێنرێت، کەواتە غاز هەیە".
پەیوەست بە ١٢٠ ملیار دینارەکەشەوە، نابراو رایگەیاند "لەم ساڵدا هەرێم بۆ سێ مانگ رێککەوتنی کردووە لە دووەم مانگەوە دەڵێت؛ ناتوانم ١٢٠ ملیار دینارەکە بنێرم و کەسیش نازانێت بۆ ناتوانێت بینێرێت چونکە هەمووی کردووە بە کۆمپانیا".
ئەوەشی خستە روو، حکومەتی هەرێم لە مەرزی پەروێزخان ١٢ کۆمپانیای داناوە بۆ وەرگرتنی پارە لە مەرزی ئیبراهیم خەلیلیش ١٥ کۆمپانیا، "بەمەش داهات نادیارە. پڕۆژەی روناکی لە٪٨٥ داهات دەبات کەسیش نازانێت هی کێیە و مانگانە ١٠٠ هەزار ملیار دینار داهاتەکەیەتی. داهاتی ناوخۆ نەماوە، چونکە هەموویان بەناوی کۆمپانیاوە بۆ خۆیان بردووە".
هەرچی مووچەی مانگی سێشە پەرلەمانتارەکەی رەوتی هەڵوێست لە عێراق، ئاشکرای دەکات "بەغدا هیچ وەڵامێکی نییە بۆ مووچەی مانگی سێ و وەزارەتی دارایی پێی وتوین؛ ئێمە ناکرێت هەموو کاتێک سەرئێشە بۆ خۆمان دروست بکەین و رێککەوتنی چوار خاڵیمان هەیە، هەتاوەکو ئێستا مووچەی مانگی ٣ نادیارە، دەبوو حکومەتی هەرێم ئەوکاتەی نەوت هەناردە کرایەوە بڕۆشتنایە بۆ بەغدا، بەڵام تاوەکو ئێستا نەرۆشتوون".