لە هەفتەکانی سەرەتای جەنگدا، لە کاتێکدا بۆردومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بەردەوام بوون، دەنگۆ و پێشبینییەکان لەسەر ئەوەی کە ڕەنگە گرووپە چەکدارە کوردییەکانی ئێران کە لە عێراق جێگیرن، بەم زووانە سنوور ببەزێنن و بچنە ناو جەنگ لە دژی کۆماری ئیسلامییەوە، زیاتر بوون. ئێران لە کاردانەوەدا، هێرشی کردە سەر چەند گرووپێکی کوردی، لەوانەش هێرشێک بە مووشەکی بالیستیک کە بووە هۆی کوژرانی گەریلایەک. لە هەمان کاتدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە حەوتی مارس وتی کە نایەوێت کوردەکان لە ئێران شەڕ بکەن.
ئاوێنە: بی بی سی بە شێوەیەکی دەگمەن و کەم وێنە توانیویەتی دەستی بگات بە یەکێک لە گرووپە گەریلا کوردییەکان: کەتیبەیەکی تەواو ژنانە.
بی بی سی لە ڕاپۆرتێکیدا دەڵێت: چەند ڕۆژێک چاوەڕوانی و دانوستان پێویست بوو بۆ ئەوەی مۆڵەتی چوونە ناو ئەشکەوتە قووڵەکان و تونێلە ژێرزەمینییەکان بدرێت؛ شوێنێک کە وەک بنکەی گەریلا کوردەکانی ئێران لە باکووری عێراق بەکاردەهێنرێت.
ئەوان تۆڕێکی پەیوەندیی نهێنی بەڕێوەدەبەن و لە دەرەوەی چاوی تۆڕە فەرمییەکان، لە ناوچەی نیمچە سەربەخۆی کوردستان دەژین.
تەنها بە فۆتۆگرافەرێکی ژن مۆڵەت درا بچێتە ناو ئەم کۆمەڵگەیە و دە ڕۆژ لەگەڵ کوردەکاندا بەسەر ببات.
لە دەیەکانی ڕابردوودا، چەند گرووپێکی شۆرشگێری کورد لە ئێرانەوە بۆ چیاکانی دیوی سنوور لە عێراق گواستراونەتەوە.
ئەوان لە دیدی هێزە هەواڵگرییەکانی ئێران، هێزە وەکالەتییە شیعەکانی لە عێراق و هێزەکانی تورکیا شاراونەتەوە.
ئەم دواییانە و پێش جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران، گرووپە سەرەکییە کوردییەکانی ئێران لە باکووری عێراق هاوپەیمانییەکیان پێکهێنا. دواتر دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە سەرکردەکانیانەوە کردووە و داوای لێکردوون بەشداری لە جەنگەکەدا بکەن. لە کاردانەوەدا، گرووپە جیاوازەکانی کورد ڕایانگەیاند کە نابنە هێزی پیادەی هیچ وڵاتێک.
بەڕێز ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڕۆیتەرز لە پێنجی مارس وتی کە پشتگیری لە هێرشی کوردەکان بۆ ناوخۆی ئێران دەکات و وتی: «پێموایە ئەگەر ئەوان بیانەوێت ئەم کارە بکەن، زۆر نایابە.»
لەگەڵ ئەوەشدا، سەرۆکی ئەمریکا دواتر بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە نایەوێت هێزە کوردییەکان لە خاکی ئێراندا ئامادەییان هەبێت.
ئەو وتی: «ئێمە نامانەوێت جەنگەکە لەوەی کە هەیە ئاڵۆزتر بکەین.»
یەکێک لە ڕێکخراوترین گرووپەکان، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)ە کە دەڵێت ساڵانێکە بۆ گەڕانەوەی هێزەکانی بۆ ناو خاکی ئێران ئامادەکاری دەکات.
ئارینی تەمەن ٢١ ساڵ دەڵێت: «من بۆ خێزانەکەم و بۆ گەلی کورد کە ماوەیەکی زۆرە چەوسێنراونەتەوە، دەجەنگم.»
ئەو ئەندامی یەکێک لە یەکەکانی هێزەکانی پاراستنی ژنانە لە ناو پژاکدا.

ئارین دەڵێت وەک کوردێک لە ئێراندا نادادپەروەری و جیاکاریی ئەزموون کردووە و هیچ چارەیەكی نەبووە جگە لە هەڵگرتنی چەک. ئەو دوو ساڵ لەمەوبەر پەیوەندی بە پژاکەوە کرد.
ئەم تونێلانە پەناگەیەکی ئارامن کە تێیاندا خۆراک، پارەی کاش و تەقەمەنی کۆگاکراون.
پژاک ژمارەی هێزەکانی وەک نهێنییەکی تەواو پارێزراو دەهێڵێتەوە، بەڵام نزیکەی ٦٠ کەس کە زۆربەیان ژنن، لە پێش جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێرانەوە، لەم بنکەیەدا مەشقیان پێکراوە.
گەریلاکان، مەشقی سەربازی دەکەن؛ بەشداری لە کۆبوونەوە ئایدیۆلۆژییەکاندا دەکەن و ڕاهێنان لەسەر کارامەیی جۆراوجۆری وەک تەقەکردن و لێخوڕینی درۆن (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان) دەکەن.
ئەوان هەروەها پشکنینی پزیشکییان بۆ کراوە تا لە ئەگەری توندبوونی پێکدادانەکانی ئەمریکا و ئێراندا، بۆ ناردنیان بۆ نزیک سنوور ئامادە بن.
گەلاوێژ ئاڤرینی ٤٠ ساڵە بە بی بی سی ڕاگەیاند: «ماوەیەکی زۆر چاوەڕوان دەکرا کە ئەم جەنگە دەستپێبکات.»
خاتوو ئاڤرین لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا خوێندنی لە بەشی جوگرافیا لە شاری ورمێ لە ئێران بەجێهێشت و وەک شەڕڤانێک پەیوەندی بە پژاکەوە کرد. ئەو دواتر بووە گوتەبێژی ئەم گرووپە.
گەلاوێژ ئاڤرین کە لە یەکێک لە ئەشکەوتە نهێنییەکانەوە قسەی دەکرد دەڵێت نیوەی تەمەنی خۆی لەم چیایانەدا بەسەر بردووە و لەو کاتەوەی ئێرانی جێهێشتووە، خێزانەکەی نەبینیوە.
ئەو دەڵێت ئەو شەپۆلی ناڕەزایەتییانەی کە لە ساڵی ٢٠٢٢ەوە لە سەرانسەری ئێران بە پێشەنگایەتیی ژنان دەستیپێکرد، تەنانەت پێش کوژرانی عەلی خامنەییش، کۆماری ئیسلامیی لاواز کردبوو.
ئەو ئاماژە بەو ئاڵۆزییانە دەکات کە دوای گیانلەدەستدانی ژینا (مەهسا) ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ دەستیپێکرد؛ ژنێکی کورد کە بەهۆی پابەندنەبوون بە یاساکانی پەیوەست بە حیجابەوە لەلایەن پۆلیسی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو.

تەنها بژاردە
بەرپرسانی ئێران بە سەرکوتکردنێکی کوشندە وەڵامی ئەو ناڕەزایەتییانەیان دایەوە کە ببوونە بزووتنەوەیەک بە ناوی «ژن، ژیان، ئازادی»، بەڵام هەر ئەمەش بووە مایەی ئیلهامبەخشین بۆ هەندێک لە ئەندامە نوێیەکانی گرووپی پژاک.
بێگەنی تەمەن ١٨ ساڵ پێش ئەوەی پەیوەندی بە پژاکەوە بکات، بەشداری لە ناڕەزایەتییە بەرفراوانەکاندا کردبوو و لە ڕێگەی نافەرمانیی مەدەنییەوە ڕەتیکردبووەوە لە قوتابخانە سەرپۆش بپۆشێت.
بێگەن لە کاتێکدا کە بە هێواشی پرچی یەکێک لە هاوسەنگەرەکانی دەهۆنێتەوە، دەڵێت: «ژنان بژاردەی زۆریان لەبەردەستدا نییە.»
ئەو دەڵێت: «یا دەبێت بەرگەی توندوتیژیی خێزانی و کۆتوبەندە کۆمەڵایەتییەکان بگرین، یان لە ڕێگەی شۆڕشەوە پارێزگاری لە خۆمان بکەین.»
گرووپە یاخیبووە کوردییەکان زۆرجار تۆمەتبار دەکرێن بە ڕاکێشانی سەربازی منداڵ، و بەڕاستیش بێگەن کاتێک سێ ساڵ لەمەوبەر پەیوەندی بەم گرووپە یاخیبووەوە کرد، هێشتا خوێندکاری قوتابخانە بوو لە ئێران. لێرە زۆرێک لە گەریلاکان دەڵێن کە بۆ ئەوان بەرگریی چەکداری تەنها ڕێگەی دەربازبوون بوو.
دەلال کە پزیشکی ددانە و لە تەمەنی ٢٣ ساڵیدا بووەتە گەریلا دەڵێت: «خەباتی من بۆ دەستەبەرکردنی داهاتوویەکی ئازادە بۆ نەوەی داهاتووی کورد.»
ئەو زیاتر دەڵێت: «بۆ گەلی کورد... ٢٠٠ ساڵی ڕابردوو پڕ بووە لە سەرکوتکردن و توندوتیژی.»
پژاک لە ساڵی ٢٠٠٤ دامەزرا و پەیوەندی بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ەوە هەبوو؛ کە گرووپێکی جوداخوازە لە تورکیا کە ساڵی ڕابردوو دوای چوار دەیە لە پێکدادان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا، چەکەکانی دانا.
پژاک وتوویەتی کە ڕێز لەو بڕیارە دەگرێت، بەڵام کوردەکانی ئێران بەردەوام دەبن لە بەرگریی چەکدارییان لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
هەم تورکیا و هەم ئێران ئەم گرووپە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەزانن.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵێت چاودێری چالاکییەکانی «گرووپی تیرۆریستی پژاک» دەکات و تۆمەتباری دەکات بە خۆشکردنی ئاگری جوداخوازیی نەتەوەیی و هەڕەشەکردن لە ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە.

ترس لە شەڕی ناوخۆ
هەرچەندە ئەم گەریلایانە بۆ شەڕ مەشقیان پێکراوە، بەڵام هیوادارن ناچار نەبن ڕووبەڕووی شەڕی ناوخۆ ببنەوە.
گەریلا کوردەکان ئاگاداری گەورەیی ئەو ئاڵەنگارییەن کە لە بەردەمیانایە. تەنانەت لەوانەیە ئەم ئەگەرەش هەبێت کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی هێزە پڕچەکەکانی کۆماری ئیسلامی ببنەوە.
گەلاوێژ ئاڤرین بە بی بی سی دەڵێت: «شەڕی ناوخۆ شتێکە کە هیوادارین ڕووبەڕووی نەبینەوە.»
ئەو زیاتر دەڵێت: «دەبێت هەموو شتێک بکەین کە لە تواناماندایە بۆ ئەوەی شەڕەکە بەرەو ڕووخانی ڕژێم ئاراستە بکەین، بۆ ئەوەی شەڕەکە بەرەو لای ئێمە لادان نەبات و لە داهاتوودا ناچارمان نەکات لەگەڵ یەکتردا شەڕ بکەین.»
ئەو دەڵێت: «ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەریکە دووبارە دادەڕێژرێتەوە و گەلانی ئێران دەبێت کۆببنەوە و بڕیار لەسەر داهاتووی خۆیان بدەن.»
گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی حکوومەتی ئێران هیوادارن دوای ئەم جەنگە، ئێران ببێتە نموونەیەکی دیموکراسی لە ناوچەکەدا، بەڵام لە هەمان کاتدا ترسیان لە داڕمان بۆ ناو بازنەیەکی پاشەکشەکردوو هەیە ئەگەر هێزە ناسیۆنالیستەکان زاڵ بن.
کوردەکان نزیکەی ١٠٪ی دانیشتووانی ٩٠ ملیۆنیی ئێران پێکدەهێنن و دەیان ساڵە هەست دەکەن لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پەراوێزخراون و ئازار دراون.
تاران لە سەرەتای جەنگەکەوە هێرشەکانی بۆ سەر گرووپە کوردییەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستانی عێراق چڕتر کردووەتەوە.
بی بی سی گفتوگۆی لەگەڵ سەرکردەکانی هاوپەیمانییە نوێیەکە کرد و دەربارەی پەیوەندییەکەیان لەگەڵ بەڕێز ترەمپ پرسیاری لێکردن، بەڵام ئەوان ڕەتیان کردەوە لێدوان بدەن و ئەو ڕاپۆرتانەشیان ڕەتکردەوە کە گوایە هێزەکانیان تا ئێستا لە سنوورەوە چوونەتە ناو ئێرانەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا پژاک بانگەشەی ئەوە دەکات کە لە پێشترەوە هێزی چەکداری «بەرچاوی» لە ناو خاکی ئێراندا هەیە کە چاوەڕێی کاتی گونجاون بۆ هەنگاونان.
یەکێک لە سەرکردەکانی ئەم گرووپە پێی وتین: «بەشداریکردنی سەربازیمان بەندە بەوەی کە لە ڕۆژانی داهاتوودا دۆخەکە چۆن بەرەوپێش دەچێت.»

دووڕیان
گرووپە ئۆپۆزیسیۆنە کوردییەکانی تری ئێران دەڵێن چاودێری دۆخەکە دەکەن و بژاردە جیاوازەکان تاوتوێ دەکەن.
مستەفا هیجری، سەرکردەی حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دەڵێت ئەرکی ئەوان «بەڕێوەبردنی کوردستانی ئێرانە لە قۆناغی ڕاگوزەردا» و لە لایەنگرانی خۆی خواستووە خۆیان بەدوور بگرن لە هەنگاوی تۆڵەسەندنەوە کە ئاسایش تێکدەدات.
لە هەمان کاتدا، هەندێک لە گەریلا کوردەکان گومانیان هەیە لەوەی کە ئایا لە هەر جەنگێکی پێشبینیکراوی داهاتوودا دەتوانرێت پشت بە پشتیوانیی ئەمریکا ببەسترێت یان نا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ڕەوشی گرووپە کوردییەکانی ئێران بە بی بی سی ڕاگەیاند کە گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکان تا ئەو کاتەی پشتیوانیی مسۆگەری هێزی ئاسمانیی ئەمریکا بەدەست نەهێنن، هێزەکانیان لە گۆڕەپانەکەدا ناخەنە جووڵە.
ئەو پێی وایە هێزە چەکدارەکانی ئێران هێشتا بەهێزن و ئەگەر کوردەکان هێرشی زەمینی دەستپێبکەن، لەوانەیە ڕووبەڕووی دەرەنجامێکی «وێرانکەر» ببنەوە.
ئەندامانی ژن لە هێزەکانی پاراستنی ژنان، ماوەیەکی زۆرە لە چاوەڕوانی ئەو «ئازادییە»دان کە ئاواتی بۆ دەخوازن.
دەلال ئێستا شوێنی مەشقەکانی بەجێهێشتووە و نێردراوەتە نزیک سنوور. ئەگەر کوردەکان بەشداری لە جەنگی دژی کۆماری ئیسلامیدا بکەن، هیچ ڕێگەیەک نییە بۆ زانینی ئەوەی کە شەڕەکە تا کەی بەردەوام دەبێت یان دەرەنجامەکەی چی دەبێت.
گەریلا ژنەکان ناوی ڕاستەقینەی خۆیان ئاشکرا نەکردووە و بۆ پاراستنی ئاسایشیان ناوە سەربازییەکانیان بەکارهێنراوە.