عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لە نوێترین پەیامیدا کە لە ڕێگەی شاندی ئیمراڵییەوە (دەمی پارتی) بڵاوکرایەوە، جەخت لە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە شێوازی خەبات دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت کە قۆناغی خەباتی چەکداری بە تەواوی کۆتاییهاتووە و هیچ بوارێک بۆ گەڕانەوە بۆ دواوە نەماوە.
ئاوێنە: ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەوان هیچ کێشەیەکی بنەڕەتییان لەگەڵ "کۆماری تورکیا" نییە، بەڵکو گرفتەکە لەوەدایە کە تورکیا تا ئێستا نەبووەتە کۆمارێکی دیموکراسی. ئەو پێیوایە تەنها دیموکراسییە دەتوانێت بەهێزبوونی کۆمار مسۆگەر بکات و پێویستە دەوڵەت پڕۆسەی چارەسەری وەک "هەڕەشەی ئەمنی" نەبینێت.
پێناسەکردنەوەی پەیوەندیی کورد و دەوڵەت
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ئۆجەلان داوا دەکات تێڕوانینێکی نوێ پەرەی پێبدرێت کە پەیوەندیی نێوان کورد و دەوڵەت لەسەر بنەمای "هاوڵاتیبوون" سەرلەنوێ پێناسە بکاتەوە. جەختیشی کردۆتەوە کە پێویستە پەرلەمانی تورکیا بەرپرسیارێتی یاسایی بگرێتە ئەستۆ و هەنگاوەکانی چارەسەری بەبێ دواکەوتن بخاتە چوارچێوەیەکی یاسایی گشتگیرەوە.
خوێندنەوە بۆ دۆخی ناوچەکە
سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئۆجەلان ئاماژەی بە سێ ئاڕاستەی جیاواز کردووە:
تەوەرەی ئەمریکا - ئیسرائیل.
هێزە پارێزگارەکانی دۆخی ئێستا.
ڕێگەی سێیەم: کە بریتییە لە "پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی".
ئەو باسی لەوەش کردووە کە ڕووداوەکانی ئێران و سووریا دەیسەلمێنن کە چارەسەری ناوخۆیی لە تورکیا، ڕێگایەکی دروستە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددییاتەکان.
کۆتایی خەباتی چەکداری
ئۆجەلان لە کۆتایی پەیامەکەیدا، وەک ئاماژەیەک بۆ بانگەوازەکەی ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥، دووپاتی کردەوە: "سەردەمی خەباتی چەکداری کۆتاییهاتووە. چیتر گەڕانەوە بۆ دواوە مەحاڵە و ئێستا قۆناغی گواستنەوەیە بۆ ئاشتی لەگەڵ کۆمارێکی دیموکراسیدا، کە تێیدا داهاتووی هەموو گەلان و پێکهاتەکان مسۆگەر دەبێت."