میدیای پارتی رایگەیاند، شاندێکی پارتی بە مەبەستی تاوتوێکردنی سێ دۆسیە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق، گەیشتە بەغدا.
ئاوێنە: دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، 31ـی ئاداری 2026، شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان گەیشتنە بەغدا و بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، شاندەکە لە فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی؛ فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان؛ نەوزاد هادی ئەندامی مەکتەب سیاسی و ئومێد سەباح، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، پێکهاتووە.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکان، بڕیارە شاندەکەی پارتی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێی عێراق لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی بەغدا تاوتوێ بکەن.
جێی ئاماژەیە، سەردانی ئەم شاندەش بەشێکە لە هەوڵەکان بۆ فشارخستنە سەر لایەنە بڕیاربەدەستەکانی عێراق، تاوەکو رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە هێرشانە بکرێت و سەقامگیریی ئەمنیی ناوچەکە بپارێزرێت.