لە پەیامێکدا کە بە یەکێک لە توندترین لێدوانە دیپلۆماسییەکان دادەنرێت، کونسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی، میر حوسەینی، هۆشدارییەکی ڕوونی ئاراستەی ناوچەکە کرد و ڕایگەیاند؛ نابێت خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان ببێتە حەشارگەی نەیارانی تاران، هاوکات هەڕەشەی ئەوەشی کرد کە "هەر شوێنێک مۆڵگەی ئەمریکا و ئیسرائیل بێت، دەکرێتە ئامانجی هێرشەکانیان".
ئاوێنە: کونسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران جەختکردنەوە لەسەر پەیوەندییە مێژوویی و دێرینەکانی نێوان تاران و هەولێر، کونسوڵی ئێران هێڵێکی سووری نوێی بۆ ناوچەکە کێشا. ناوبراو ڕوونیکردەوە کە هێرشە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بە ئامانجی دژایەتیکردنی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو کاردانەوە و وەڵامێکی ڕاستەوخۆیە بۆ ئەو گروپە ئۆپۆزسیۆن و هێزە دەرەکییانەی کە خاکی هەرێم بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بەکاردەهێنن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، میر حوسەینی پەردەی لەسەر هەوڵە دیپلۆماسییە نێودەوڵەتییەکان لادا و ئاشکرایکرد، کە وڵاتەکەی لە ڕێگەی عومانەوە سەرقاڵی دانوستان بووە بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان. بەڵام وەک خۆی ئاماژەی پێداوە، بەهۆی ئەوەی لەو کاتەدا هێرش کراوەتە سەر ژێرخانی مەدەنی و دامەزراوە گشتییەکانی ئێران، تاران پێی وایە "ئەمە مافی وەڵامدانەوەمان پێدەدات".
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان کە هێشتا سێبەری موشەک و درۆنەکان بەسەر ئاسمانی ناوچەکەوەن، کە شەپۆلێک لە نیگەرانیی قووڵی لای هاووڵاتیان و چاودێرانی سیاسی دروستکردووە. بەشێک لە چاودێران دەپرسن؛ ئایا سلێمانی و هەرێمی کوردستان بەگشتی، دەبنە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێ هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان؟
لە ئێستادا، هەرێمی کوردستان لەبەردەم قەیران و تاقیکردنەوەیەکی سەختی دیپلۆماسیدایە؛ لە لایەکەوە هەوڵی پاراستنی هاوسەنگیی پەیوەندییە مێژووییەکانی دەدات لەگەڵ دراوسێیەکی بەهێزی وەک ئێران، لە لایەکی دیکەشەوە کار بۆ پاراستنی سەروەریی خاکەکەی دەکات لەو ململانێ ئاڵۆزانەی کە سەپێندراون و هیچ دەسەڵاتێکی بەسەریاندا نییە.