وا بڕیارە ڕۆژی هەینیی داهاتوو سەرۆکی پەرلەمانی ئێران سەردانی پاکستان بکات، ئەمەش بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆ ڕاستەوخۆکان لەگەڵ ئەمریکا، ئەمڕۆ چوارشەممە ئاژانسی ئیسنای ئێرانی بڵاوی کردەوە، لە دوو ڕۆژی داهاتوودا محەمەد باقر قالیباف دەگاتە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان بۆ بەشداریکردن لەو گفتوگۆیانەدا.
ئاوێنە: وەک میدیا جیهانییەکان ئاماژەیان پێ کردووە، لەو سەردانەدا قالیباف ڕاستەوخۆ لەگەڵ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا کۆ دەبێتەوە، ئاماژە بەوەش کراوە لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێی داواکارییە ١٠ خاڵییەکەی ئێران دەکرێت، کە لە نێویاندا دۆسیەی ئەتۆمیی ئەو وڵاتەی تێدایە، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان.
بەشداریکردنی ئەمجارەی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا لە کاتێکدایە، قالیباف وەک کەسی یەکەمی ئێران دەردەکەوێت، ئەو خاوەنی دەسەڵاتێکی فراوانە و لە نێو بازنەی بڕیاردانی ئێستای وڵاتەکەیدایە، هەر بۆیە پێشبینی دەکرێت ئەم کۆبوونەوەیە لێکەوتەی گرنگی لەسەر پێوەندییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن هەبێت.