هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران ئاگادارییەکی بەپەلەی ئاراستەی سەرجەم ئەو کەشتییانە کرد کە بە گەرووی ستراتیژیی هورمزدا تێدەپەڕن و ڕایگەیاند، بەهۆی هەبوونی مین لە ڕێڕەوی ئاساییدا، دەبێت ڕێگای جێگرەوە بەکاربهێنن.
ئاوێنە: بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی "مێهر"، سوپای پاسداران نەخشەیەکی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا دوو ڕێگای نوێ لە باکوور و باشووری دوورگەی لاراک (لە نزیک کەناراوەکانی ئێران) دیاری کراوە. ئەم هەنگاوە وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی بۆ ڕێگری لە پێکدادانی کەشتییەکان بە مینە چێنراوەکان ناسێنراوە و داوا کراوە کەشتییەکان تا کاتی ئاگادارکردنەوەی نوێ، تەنها بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزی دەریایی ئێران ئەو ڕێڕەوانە بەکاربهێنن.
ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە کە بارگرژییەکان لە ناوچەکە گەیشتوونەتە لوتکە. دوێنێ دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست، ئێران بۆ چەند کاتژمێرێک گەرووەکەی کردەوە، بەڵام بەهۆی پابەندنەبوونی ئیسرائیل و شکاندنی ئاگربەستەکە، تاران دووبارە بڕیاری داخستنی گەرووەکەی دایەوە.