ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدات و تێیدا رێبوار تەها لە پۆستەکەی دوور دەخرێتەوە و محەممەد سەمعان، سەرۆکی بەرەی تورکمانی وەک پارێزگاری نوێ دەستبەکار دەبێت.
ئاوێنە: بەگوێرەی زانیارییەکان ئەم گۆڕانکارییە لە ئەنجامی رێککەوتنێکی سیاسی نێوان بافڵ تاڵەبانی، محەممەد حەلبووسی و رەیان کلدانی دێت. بەپێی رێککەوتنەکە، پۆستی پارێزگار بۆ ماوەی حەوت مانگ لای تورکمان دەبێت و دواتر رادەستی پێکهاتەی عەرەبی سوننە دەکرێت تا کاتی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگاکان.
ئەم جموجۆڵە سیاسییە لە کاتێکدایە کە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک زیاتر لە ساڵێک بوو کۆبوونەوەی ئەنجام نەدابوو، چاودێرانیش پێیان وایە ئەم هەنگاوەی یەکێتی هەوڵێکە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا. بڕیارە کۆبوونەوەکەی سبەی پێنجشەممە کاتژمێر ١٢:٠٠ی نیوەڕۆ بەڕێوە بچێت بۆ واژۆکردنی کۆتایی لەسەر ئەم رێککەوتنە.