لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وێنەیەک دەستاودەستی پێکرا کە گوایە لەبەردەم دەروازەی هۆڵی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێرانە لە پاکستان؛ تێیدا بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی ئەنجومەنی شورای ئێرانی نیشان دەدات لە کاتی پشکنینیدا لەلایەن سەربازانی هێزی دەریایی ئەمریکا (مارینز) پێش چوونە ناو ئەو هۆڵەی دانوستانەکانی تێدا ئەنجام دەدرێت کە لەژێر سەرپەرشتی پاکستاندایە.
ئاوێنە: هەروەها لەو پۆستانەی وێنەکەیان هاوپێچ کردووە، بانگەشەی ئەوە کراوە کە کەناڵی (CNN)ی ئەمریکی لایەنی بڵاوکەرەوەی وێنەکەیە.
ئەم وێنەیە، کە نیشانەیەکی ساختەی لۆگۆی سی ئێن ئێنی لەسەر بوو، هەڵایەکی زۆری لە پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکاندا نایەوە؛ هەندێک بە بەڵگەی "پێشێلکردنی سەروەری" و "سوکایەتی فەرمی" بە شاندی ئێرانییان لەقەڵەمدا، لە کاتێکدا هەندێکی تر گومانیان لە ڕاستی و ناوەڕۆکەکەی هەبوو.
بەڵام پرۆسەی وردبینی و پشکنین بۆ وێنەکە لە ڕێگەی گەڕان لە ئەرشیفی ئاژانسە هەواڵییە نێودەوڵەتییەکان و بنکەدراوەکانی وێنە ڕۆژنامەوانییەکان، دەریخست کە هیچ شوێنەوارێکی ئەم وێنەیە لە سەرچاوە هەواڵییە جێگەی متمانەکاندا نییە، هەروەها هیچ ڕاپۆرتێکی بڵاوکراوە لە ماڵپەڕی سی ئێن ئێن یان پلاتفۆرمە فەرمییەکانی ئەو کەناڵەدا نەدۆزرایەوە کە باس لە ڕووداوێکی لەو شێوەیە بکات.
ئەوەی ڕوون بووەوە، ئەو لۆگۆیەی دراوەتە پاڵ تۆڕەکە، بە شێوەیەکی دەستی و بە شێوازێکی سەرەتایی بۆ وێنەکە زیاد کراوە، ئەمەش بە مەبەستی بەخشینی متمانەیەکی ساختە بە وێنەکە. هەروەها پرۆسەکانی گەڕان هیچ ڕووداوێکی بەڵگەدارکراویان نەدۆزییەوە کە پشکنینی محەمەد باقر قالیباف لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە نیشان بدات، چ لە ناو پاکستان و چ لە دەرەوەی.
لە کاتی پشکنینی وێنە بڵاوکراوەکەدا، دەرکەوت کە وێنەکە لە ڕێگەی تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد (AI) دروستکراوە و دەچێتە چوارچێوەی ئەوەی پێی دەوترێت "چەواشەکاریی بینراو" (Visual Disinformation)، کە ئامانج لێی نانەوەی پشێوی سیاسییە لە سایەی گرژییەکانی ناوچەکەدا.
هاوکات لەگەڵ ئەمەدا، وێنەیەکی تریش بڵاوبووەوە کە گوایە سەربازانی ئەمریکی نیشان دەدات پشکنین بۆ بەرپرسانی پاکستانی دەکەن لە کاتی چوونیان بۆ وتوێژەکانی ئاشتی لەگەڵ ئێران، کە لە نیسانی ئەمساڵدا ڕێکخرابوو.
بەڵام ئەم وێنەیەش بە هەمان شێوە چەندین نیشانەی تێدایە کە دەسەلمێنن لە ڕێگەی ژیریی دەستکردەوە دروستکراوە، جگە لە نەبوونی هیچ ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانیی جێی متمانە کە پشتڕاستی بکاتەوە پشکنینێکی لەو شێوەیە لە ڕاستیدا ڕوویدابێت.
بەپێی ئەوەی ماڵپەڕی "Yahoo News" بڵاویکردووەتەوە، ئەو دەنگۆیانەی سەبارەت بە پشکنینی بەرپرسانی پاکستانی لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە پێش چوونە ناو وڵات یان هۆڵەکانی دانوستان بڵاوکراونەتەوە، پێچەوانەی عورفە دیپلۆماسییە کارپێکراوەکانە؛ چونکە بەزۆری ڕێگە بەو هێزانە نادرێت بە جلی سەربازییەوە بچنە ناو ئەو شوێنانە، هەروەها هیچ پێشینەیەکی بەڵگەدارکراو بۆ ڕێکارێکی لەو شێوەیە لەو چوارچێوەیەدا بوونی نییە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە نیشانە بینراوەکان لە وێنەکاندا گومانەکان لەسەر ڕاستی و دروستییان بەهێزتر دەکەن، لەوانە:
دەرکەوتنی چەند کەسێک بە پۆشاکێک کە بە شێوەیەکی نالۆژیکی لە نێوان جلی فەرمی و سەربازیدایە، یان هەبوونی توخم لە جوبەرگ و جەستەیاندا کە لەگەڵ شێوەی گشتییاندا ناگونجێت (بازنە سوورەکان).
هەبوونی فڕۆکە لە پاشبنەمای وێنەکەدا کە خاوەن تایبەتمەندییەکی ناریالیزمن؛ یەکێکیان پەنجەرەکانی ناڕێکن و ئەوی تریان پەنجەرەی پێشەوەی نییە (بازنە سەوزەکان).
لە کۆتاییدا، بەکارهێنانی ئامێری نادیار و ناسنامە لێڵ لە پرۆسەی پشکنینە ئیدیعاکراوەکەی بەرپرسانی حکومەتدا (بازنە زەردەکان).
کۆی ئەم توخمانە پێکەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە وێنە بڵاوکراوەکان بەڵگە نین بۆ ڕووداوێکی ڕاستەقینە، بەڵکو نموونەی ناوەڕۆکێکی بینراوی چەواشەکارن کە بۆ گەورەکردنی ململانێ سیاسییەکان و نانەوەی گومان لەسەر سروشتی پەیوەندییەکانی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان و سنووری سەروەریی نیشتمانییان بەکاردەهێنرێن.