پاپا پێداگری لەسەر پەیامی ئاشتیو پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان مەسیحیو موسڵمانان دەکات، لەکاتێکدا ترەمپو جەی دی ڤانس بەردەوامن لەشەڕو سووکایەتیکردن بەڤاتیکان، پاپا دەڵێت "جیهان لەلایەن مشتێک ستەمکارەوە تاڵان دەکرێت".
ئاوێنە: لە میانی گەشتێکی بۆ کامیرۆن، لە چوارچێوەی گەشتێکی ١١ ڕۆژە بۆ ئەفریقا، پاپا لیۆ خۆی لە وەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆی لێدوانەکانی ڤانس یان بە سووکایەتییەکانی ترەمپ بەدوور گرت، کە ترەمپ بە "لاواز" و "ترسناک" وەسفی کرد.
بەڵام جەختی لە گرنگی یەکخستنی گەلان کردەوە، ئیلهامەکەی لە سانت ئۆگستین وەرگرتووە کە لە شاری کۆنی هیپۆ سەردانی کردووە.
پاپا جەختی لەوە کردەوە کە پەیامی سانت ئۆگستین بۆ گەڕان بەدوای ڕاستی و خودادا پەیوەندیدارە، جەختی لەسەر پێویستی " یەکگرتوویی لە نێوان هەموو گەلان و ڕێزگرتن سەرەڕای جیاوازییەکان " کردەوە. هەروەها ئاماژەی تایبەتی بەپێکەوەژیانی مەسیحییەکان و موسڵمانان کردو ئاماژەی بەوەدا کە سەرەڕای جیاوازییە ئایینییەکان، ڕێزگرتن لەیەکتر هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، "دەتوانین بەئاشتی پێکەوە بژین"، ئاماژەی بەوەشکرد کە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن ئامرازی سەرەکین بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان.
ناکۆکی بەردەوامی نێوان ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ و ڤاتیکان سەبارەت بەشەڕی ئێران ڕۆژی چوارشەممە وەرچەرخانێکی نوێی بەخۆیەوە بینی، کاتێک پاپا لیۆ پەیامی ئاشتی و ئاشتەوایی پێشکەش کرد، ئەمەش دوابەدوای دوایین لێدوانی شەڕانگێزی کۆشکی سپی.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گرژییەکان گەیشتوونەتە لوتکەو جێگری سەرۆک جەی دی ڤانس بەئاشکرا هەڵوێستە ئایینییەکانی پاپای خستۆتە ژێر پرسیارەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەو لەسروشتی شەڕ تێناگات.
ڤانس لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، پرسیاری ئەوەی کرد کە چۆن دەکرێت پاپا بانگەشەی ئەوە بکات کە "خودا هەرگیز لەلای ئەو کەسانە نییە کە شمشێر بەکاردەهێنن".
ڤانس وتی "ئایا خودا لە لای ئەو ئەمریکییانە نەبوو کە دیلەکانی ئۆردوگاکانی هۆلۆکۆستیان ئازاد کرد؟"، جەختی لەوەش کردەوە کە پاپا دەبێت "وریا" بێت لەکاتی دەربڕینەکانی لەسەر پرسە تیۆلۆژییەکان.
چەند ڕۆژێک پێشتر ڤانس داوای لەپاپا کردبوو کە خۆی لە"پرسە ئەخلاقییەکان"دا سنووردار بکات، ئەمەش دوای پۆستێکی پاپا لەپلاتفۆرمی ئێکس، کە تێیدا شەڕی ئەمریکاو ئیسرائیلی لە دژی ئێران ئیدانە کرد.
پاپا لە پۆستەکەیدا بە شێوەیەکی تایبەتمەند نووسیبووی "خودا بەرەکەتی هیچ ململانێیەک نادات، هەر کەسێک شاگردی مەسیح بێت، شازادەی ئاشتییە، هەرگیز عیسای مەسیح لەلای ئەو کەسانە ناوەستێت کە شمشێریان بەدەستەوەیە یان بۆمب دەخەنە خوارەوە".
دۆناڵد ترەمپ لەوەڵامی پاپادا وتی "پێویستە کەسێک پاپا ئاگادار بکاتەوە کە قبوڵ ناکرێت ئێران بۆمبی ئەتۆمی هەبێت".
بەڵام لەجیهانی مەسیحیدا، پێدەچێت تا ڕادەیەکی زۆر رای گشتی پشتگیری لەپاپا بکەن، ئەمەش پێگەی ڤاتیکان لەم ناکۆکییەدا بەهێزتر دەکات.
پەیامی پاپا ڕوونە: لەجیهانێکی پڕ لە گرژی، ئاشتی و پێکەوەژیان تەنها ئایدیاڵ نین، بەڵکو پێویستییەکە.